خەڵکی ئێران ڕەخنە لە ئامارەکانی وەزارەتی کاری ئێران دەگرن و ئامارە فەرمییەکانی حکوومەت لە بارەی ڕێژەی بێکاری بە ناڕاست ناو دەبەن و دەڵێن: بە پێچەوانەی ئامارەکانی حکوومەت لەم چەند ساڵەی دواییدا، خەڵک بە ڕێژەی پێشبینی نەکراو کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری و بێکاری.
هاووڵاتییەک لە بارەی دۆخی بژێویی و بێکاری دەڵێ “بەهۆی ئەوەی خۆمان لەم کۆمەڵگەیەدا دەژین، ژیانی خەڵک دەبینین، ڕاستەوخۆ لەناو دۆخەکەداین، بازاڕەکە لەبەرچاومانە، توانای کڕینی خەڵک دەبینین، هەمووی ئەوانە ئەو ئەنجامە بۆ ئێمە دەر دەخەن کە گوشاری ئابووری لەسەر خەڵک زۆر زۆر زیاتر بووە. هاوکات مەحموود کەریمی بیرانوەند، جێگری وەزیری کار بۆ ڕەخساندنی هەلی کار دەڵێت، ٢٥ لەسەدی هەلی کاریان بۆ دەرچووانی زانکۆ تەرخان کردووە، بەڵام هاووڵاتییەک لەمبارەوە دەڵیت، ئەو گەنجانەی خوێندنی باڵا تەواو دەکەن لە بواری پسپۆڕیی خۆیان کاریان دەست ناکەوێت و بە ناچاری ڕوو لە بازاڕ دەکەن. یەکێک لەو هۆکارانەی هاووڵاتییان پێیانوایە بەربەستی سەرەکیی کەمبوونەوەی ڕێژەی بێکارییە، بەرزبوونی ڕێژەی هەڵاوسانە کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان سەرووی ٤٠ لەسەدە.