فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاپۆرتێک لەسەر مەرگی گوماناوی سێ بەندکراو لە زیندانی ناوەندیی بانە
هەینی ۰۵-۰۲-۱۴۰۴   |  25-04-2025

ڕۆژی دووشەممە ١٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، عەلی سۆهرابی خەڵکی شاری هەمەدان لە زیندانی ناوەندیی بانە بە هۆی “وەستانی دڵ” گیانی لەدەستدا. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مردنی گوماناوی عەلی سۆهرابی تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژ دوای گواستنەوەی ئەم بەندکراوە بۆ ئەم زیندانە ڕوویداوە.
هەروەها، ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی ڕەشەممەی ١٤٠٣، فەرهاد ڕەمەزانی خەڵکی شاری بانە لە زیندانی ناوەندیی ئەمشارە گیانی لەدەستدابوو کە هۆکاری مردنی ناوبراویشیان “وەستانی دڵ” ڕاگەیاندبوو.
پێشتریش لە ڕۆژی هەینی ١٠ی ڕەشەممەی ١٤٠٣، بەندکراوێکی دیکە بە ناوی کەماڵ محەممەدپوور، لە زیندانی ناوەندیی شاری بانە گیانی لەدەستدا. هۆکاری مردنی لەناکاوی ئەم بەندکراوەی خەڵکی شاری بانە هەروەک دوو بەندکراوەکەی دیکە وەستانی دڵ ڕاگەیەندراوە کە ماوەی کەمی نێوان مردنی ئەم بەندکراوانە بووەتە هۆی نیگەرانی جدیی لەبارەی بارودۆخی بەندکراوانی زیندانی شاری بانە. جێگای ئاماژەیە، فەرهاد ڕەمەزانی و کەماڵ محەممەدپوور پێشتر بە تۆمەتی “قاچاخی کەلوپەل “و “تاوانەکانی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان”، دەستبەسەر و لە کۆتاییدا حوکمی زیندانیان بەسەردا سەپێنرابوو. زانیاری لەسەر تۆمەتی بەندکراوەکەی دیکە لەبەر دەست نییە. تاکوو داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەلایەن بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی بانە و ناوەندە پەیوەندیدارەکانەوە لە بارەی مردنی ئەم بەندکراوانە لە ماوەی یەک مانگدا نەدراوە.