
بەڕێوەبەری پۆلیس هاتووچۆی پارێزگای کوردستان ڕایگەیاندووە: ڕێگەکانی نێوان شارەکانی سنەکرماشان، سەقزبۆکان و سنە_هەمەدان، بوونەتە ڕێگەی مەرگ و پڕ مەترسیدارترین ڕێگەکان لەڕووی ژمارەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ.
حەمیدڕەزا عەبدولمەلەکی بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێرانی ڕاگەیاندووە: زۆربەی ڕووداوەکان ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی لە نێوان کاتژمێرەکانی ٤ بۆ ٨ی ئێوارێ ڕوودەدەن کە بەهۆی نالەباربوونی دۆخی ڕێگەکان و ستاندارد نەبوونی ئۆتۆمبێلەکان دەبێتە هۆی کەوتنەوەی قوربانی. جێگای ئاماژەیە، ساڵانە لە شارەکانی ئێران بەهۆی ستاندارنەبوونی ئۆتۆمبێلەکان و جادەکان، ڕەچاونەکردنی هێماکانی شۆفیری لە لایەن هاووڵاتییان و کەمتەرخەمی بەرپرسان لەئاست پێڕاگەیشتن بە دۆخی جادەکان، بە سەدان کەس دەبنە قوربانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ.