فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاپۆرتێک لەسەر ١٠ ئۆکتۆبر ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوە دژی ئێعدام و ئێعدامی زیاتر لە هەزار بەندکراو لە زیندانەکانی ڕژیم
هەینی ۱۸-۰۷-۱۴۰۴   |  10-10-2025

ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئێعدام لە ساڵی ۲۰۰۳ی زایینی لە لایەن هاوپەیمانی جیهانیی دژ بە حوکمی ئێعدام (WCADP) دامەزرێندرا، تا بیروڕای گشتیی جیهان سەبارەت بە توندوتیژی، هەڵاواردن و نادادپەروەریی سروشتیی ئەو سزایە ئاگادار بکاتەوە.
ئەو ڕۆژە هێمایەک لە یەکگرتوویی جیهانی لە داکۆکی لە مافە بنەرەتییەکانی ژیان و دژایەتیی کوشتاری حکومەتییە و لەو کاتەوە، ساڵانە لە زیاتر لە ۶۰ وڵاتی جیهان بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی جیهانیی حوکمی ئێعدام و بەرزڕاگرتنی مافی ژیان بەڕێوە دەچێت. دروشمی جیهانیی ئەو ڕۆژە لە ساڵی ۲۰۲۵، «حوکمی ئێعدام کەس ناپارێزێت» بووە. دروشمێک کە ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە دەتوانێت بۆ ئێران بەکار بهێندرێت. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە پشتبەستن بە زانیارییە بەڵگەمەندەکانی دوای بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» سەبارەت بە بەرزبوونەوەی لەسێدارەدان لە ئێران بەراورد بە دوو دەیەی ڕابردوو هۆشداری دەدەن.
بە پێی زانیارییەکان، لە ساڵی ۲۰۲۳ی زایینی لانی کەم ۸۲۹ بەندکراو، لە ساڵی ڕابردوو ۹۰۹ بەندکراو و لە سەرەتای ساڵی ۲۰۲۵ی زایینی تا ئێستا 1537 بەندکراو لە زیندانە جیاوازەکانی ئێران ئێعدام کراون. لە نێوان ژمارە تۆمارکراوەکانی ساڵی ۲۰۲۵، لانیکەم ۵۷۹ کەس لە قوربانییان لە کەمینە نەتەوەیی و پێکهاتەکان بوون؛ بریتی لە ۱۷۳ هاووڵاتیی کورد، ۱۴۰ لور، ۱۱۸ بەلووچ، ۱۰۸ تورک و ۶۴ هاووتیی ئەفغانستانی. هەر لەو ساڵەدا، کۆماری ئیسلامیی بە لەسێدارەدانی ٣٣ ژن، زیاترین ئاماری لەسێدارەدانی ژنانی لە جیهان تۆمار کردووە و یەک منداڵی تاوانباریش لە نێوان لەسێدارەدراوەکاندا بووە. هەروەها لە ساڵی ۲۰۲۵ لانیکەم ۴۱ بەندکراوی سیاسی و ئایینی لەسێدرە دراون کە ۱۶ کەسیان بە تۆمەتی «سیخوڕی بۆ ئیسرائیل» لەسێدارە دراون.