
گوشار و توندوتیژییەکانی دژ بە کۆڵبەران زیاتر کراوەتەوە، بەشێوەیەک کە لانیکەم سێ کۆڵبەر لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگی ڕابردوودا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە ژمارەیەک لە بەرپرسانی فەرمیی ئێران، بە ڕاشکاوی و بە تۆمەتی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” و “قاچاخی کەرەستە” هەڕەشەیان لە کۆڵبەران کردووە. “سەیوان عەبدوڵڵازادە”، کۆڵبەری تەمەن ۲۰ ساڵی خەڵکی گوندی «حەوتتاش»ی سەر بە شاری بانە، لە ڕێکەوتی ۷ی پووشپەڕی ١٤٠٤، بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەم هێزانە کوژراوە. هەروەها “خالید محەممەدی” تەمەن ۲۳ ساڵ و خەڵکی گوندی «ئەنجێنە»ی سەر بە شاری بانە، لە ڕێکەوتی ۱۷ی پووشپەڕی ١٤٠٤، کوژراوە. لە لایەکی دیکەوە، “پەیام ئەحمەدی” خەڵکی گوندی «بەرقوڕوو»ی سەر بە شاری سەوڵاوا لە ڕێکەوتی ۲۴ی پووشپەڕی١٤٠٤، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم کوژراوە. هەر لەم پێوەندەدا، رۆژی ۱۳ی پووشپەڕی ١٤٠٤، ڕزگار محەممەدی، کۆڵبەری تەمەن ۴۲ ساڵی خەڵکی شاری بۆکان، لە سنووری «هەنگەژاڵ»ی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم بەسەختی بریندار کرا و بەهۆی پێکرانی گورچیلەی بە گوللەی ئەو هێزانە نەشتەرگەریی بۆ کرا.