ڕاپۆرتێک لەسەر کوژرانی ١٤٢ هاووڵاتیی لە شارەکانی کوردستان لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن ژیان ئازادی” هاوکات لەگەڵ دووەمین ساڵیادی ئەم بزووتنەوەیە
شەممە ۲۴-۰۶-۱۴۰۳   |  14-09-2024
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان، لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن ژیان ئازادی”، لانیکەم ١٤٢ هاووڵاتیی، لە ناویاندا ١٥ منداڵ، ٦ ژن و ٨ کەس لە پەیڕەوانی کەمینەی ئایینیی یارسان گیانی خۆیان لەدەست داوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ٩٠ کەس لە گیانبەختکردووان لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە بە چەکی جەنگی کوژراون کە بەرانبەرە لەگەڵ ٦٣٪ی کۆی حاڵەتەکان. هەروەها ١٤ هاووڵاتی دوای دەستبەسەرکران و لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست داوە و دوو بەندکراویش لەسێدارە دراون. لە حاڵەتەکانی دیکەی کوژرانی گیانبەختکردوودان دەکرێ ئاماژە بە کوژرانی یەک کەس بە چەکی قەناسە و ٤ کەس بە چەکی قورسی دۆشکا بکرێت.
- کوژران بە چەکی جەنگی: ٩٠ کەس
- کوژران بە چەکی ساچمەیی: ١٩ کەس
- کوژران بەهۆی ئەشکەنجەدران: ١٤ کەس
- کوژران بەهۆی لێدانی باتۆم لە سەر: ٦ کەس
- کوژران بە چەکی قورسی دۆشکا: ٤ کەس
- کوژران بە چەکی کۆڵتی کەمەری: ٣ کەس
- جێبەجێکرانی سزای سێدارە: ٢ کەس
- کوژران بە چەکی قەناسە: ١ کەس
- ژێرکردن بە ئۆتۆمبێلی سەربازی: ١ کەس
- خنکان بەهۆی گازی فرمێسکڕێژ: ١ کەس
- کوژران لە ئەنجامی هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان: ١ کەس
لە لایەکی دیکە، زۆرترین ڕێژەی قوربانیان لە شارەکانی سنە ٢٢ هاووڵاتیی، بۆکان ١٧ هاووڵاتیی و مەهاباد ١٥ هاووڵاتیی تۆمار کراوە.
هەروەها دوو هاووڵاتیی لە قووچان و لانیکەم ١٨ هاووڵاتیی دیکە لە شارەکانی ناوەندی ئێران بریتی لە تاران، کەرەج، قەزوین، قەڵای حەسەنخان و فەردیس گیانیان لەدەست داوە.
ئاماری گیانبەختکردنی هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی ئێران و کوردستان: - سنە: ٢٢ کەس
- بۆکان: ١٧ کەس
- مەهاباد: ١٥ کەس
- کرماشان: ٩ کەس
- سەقز و جوانڕۆ: هەر یەک ٨ کەس
- پیرانشار: ٧ کەس
- تاران: ٦ کەس
- کەرەج: ٥ کەس
- شنۆ، دیواندەرە و بانە: هەر یەک ٤ کەس
- ورمێ، سەردەشت، نازلووی ورمێ، شاباد و دێهگۆلان: هەر یەک ٣ کەس
- قووچان، مەریوان، کامیاران و ئیلام: هەر یەک ٢ کەس
- وەرامین، فەردیس، ئەلوەند، ئەراک، قەڵای حەسەنخان، هەمەدان، سەلاسی باوەجانی، موژژ، قەسری شیرین و قەزوین: هەر یەک ١ کەس