فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاپۆرتێک لەسەر گوشار بۆ ماموستایان و دوورخرانەوەیان لە شارەکانی کوردستان
هەینی ۳۱-۰۵-۱۴۰۴   |  22-08-2025

بە پێی زانیارییەکان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و لە ئەنجامی گوشاری بەردەوام لەسەر ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان، حەوت مامۆستا لە شاری سنە لەگەڵ سزای یەکلایی‌کراوەی دەستەی پێداچوونەوەی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان ڕووبەڕوو کراونەتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، “مەجید کەریمی” خەڵکی سەقز (کارناسی باڵای بواری زانستە سیاسییەکان، ۲۳ ساڵ پێشینەی مامۆستایی): دەرکران و دوورخستنەوەی هەتاهەتایی لە پیشە دەوڵەتییەکان. “غیاس نێعمەتی” کارناسی باڵای دەروونناسی کلینیکاڵ، ۱۷ ساڵ پێشینە، دەرکرانی هەتایی لە پەروەردە و بارهێنان. “سەلاح حاجی میرزایی” کارناسی باڵای مێژوو بە ۲۶ ساڵ پێشینە: دەرکرانی کاتی بۆ ماوەی یەک ساڵ. نەسرین کەریمی (کارناسی باڵای کۆمەڵناسی، ۲۷ ساڵ پێشینە): خانەنشینکردنی زۆرەملێ بە هاتنەخوارەوەی دوو پلەی پیشەیی. لەیلا زارعی (کارناسی فێرکاری قوتابییانی سەرەتایی، ۳۰ ساڵ پێشینە): لابردن لە یاریدەری قوتابخانە و خانەنشینکردنی زۆرەملێ بە داشکانی یەک پلەی پیشەیی. فەیسەل نووری خەڵکی ڕوانسەر (کارناسی باڵای بیرکاری، ۱۹ ساڵ پێشینە): دوورخستنەوە بۆ کرماشان بۆ ماوەی ۵ ساڵ. هەروەها مامۆستایەکی دیکە کە نەیویستووە ناوەکەی میدیایی بکرێتەوە، لە پێداچوونەوەدا بە سەختترکردنەوەی سزا، حوکمەکەی لە دوورخستنەوەی کاتی بۆ دەرکرانی هەتاهەتایی گۆڕدراوە.
هاوکات گوشارەکان لەسەر مامۆستایانی شارەکانی دیکەی کوردستان درێژەی هەبووە و لە شاری دیواندەرە، چوار ئەندامی چالاکی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایان بەهۆی چالاکیی پیشەیی و بەدواداچوون بۆ داواکارییە یاساییەکانی فەرهەنگیان، لەگەڵ سەپاندنی سزای یەکلایی‌کراوەی دەستەی پێداچوونەوەی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان ڕووبەڕوو کراونەتەوە:
پەرویز ئەحسەنی: دەرکران لە خزمەت
کاوە محەممەدزادە: دەرکران لە خزمەت
هیوا قورەیشی: دەرکران لە خزمەت
ئومید شامحەممەدی: دەرکران لە خزمەت
شایانی باسە، ئەو حوکمانە لە ڕۆژی ۲۸ی گەلاوێژی ١٤٠٤، بەسەر مامۆستایانی دیواندەرەدا سەپێندراون و لە لایەن وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانەوە پێیان ڕاگەیەندراون کە مووچە، بیمە و سەرمووچەکانی دیکەیان بڕاونەتەوە و بەشێوەی هەتاهەتایی لە کار دەرکراون. هەروەها لە شاری سەقزیش سێ مامۆستای دیکە سزای قورسیان بەسەردا سەپێندراوە: لەوانە، شەهرام کەریمی: شەش مانگ دوورخستنەوە لە خزمەت. لوقمان ئەڵڵامورادی: یەک ساڵ دوورخستنەوە لە خزمەت و سولەیمان عەبدی: خانەنشینکردنی زۆرەملێ بە هێنانەخوارەوەی دوو گرووپی پیشەیی.
جێگای ئاماژەیە، لە درێژەی گوشاری ئیداری لەسەر مامۆستایانی کوردستان چەند مانگ لەمەوبەر لە شاری مەریوان، سومەیە ئەختەرشومار، مامۆستای خەڵکی گوندی ڕواڕی سەر بە شاری سەوڵاوا بە ۱۷ ساڵ پێشینەی خزمەتەوە، لە کار دوور خرایەوە. هەروەها لەیلا سەلیمی، چالاکی پیشەیی مامۆستایان بە ۳۲ ساڵ پێشینەی وانەکوتنەوە و خاوەن بەڵگەی دۆکتۆرای بواری بەڕێوبەرایەتی، لە لایەن دەستەی پێداچوونەوەی سەرپێچییە ئیدارییەکان سزای دوو مانگ دوورخستنەوە لە خزمەتی بەسەردا سەپێندرابوو.