فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاپۆرتێک لە بارودۆخی تەندرووستی فەردین جەعفەری
شەممە ۲۹-۰۷-۱۴۰۲   |  21-10-2023

فەردین جەعفەری، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی گوندی “مامەشا”ی سەر بە شاری سەقز، سەرەڕای ئەوەی هێشتا نیشانە تەندروستییەکانی ناوبراو لە دۆخێکی ناجێگیردایە، لە بەشی چاودێریی تایبەتەوە بۆ بەشی گشتیی نەخۆشخانەی “کەوسەر”ی شاری سنە گواستراوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، پزیشک و دوکتۆرەکان بنەماڵەی ئەو لاوەیان ئاگادار کردووەتەوە کە نیوەی جەستەی کوڕەکەیان بەتەواوەتی فەلەج بووە و هەنووکەش جگە لە چاوترووکاندن و تەنیا جووڵەی چاوەکانی، ئەندامانی دیکەی جەستەی توانای جووڵەیان نەماوە. شایانی باسە کە ناوەندە ئەمنییەکان تەنیا حەفتەی جارێک ڕێگە بە بنەماڵەی ئەم لاوە بریندارە دەدەن کە سەردانی کوڕەکەیان بکەن و ئەویش لەژێر چاودێریی چڕوپڕی ئەمنییەتی و بەبێ ئەگەری ئەوەی کە مۆبایلیان پێ بێت ڕێگەیان پێ دەدرێت. هەروەها سکاڵای بنەماڵەی جەعفەری لە دادگای سەربازی لەسەر ئەو هێزە سەرکوتگەرانەی کە تەقەیان لە فەردین کردووە و تووشی ئەم بارودۆخە بووە، تۆمار کردووە و هەتا ئێستا سکاڵاکەیان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بێ وەڵام ماوەتەوە.
جێگای ئاماژەیە، فەردین جەعفەری ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانانی ئەمساڵ، هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی دەستپێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بەهۆی ترس و دڵەڕاوکەی دوای دیتنی هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان لە شوێنی نیشتەجێبوون و دەوروبەری ماڵەکەیان، هەڵهاتووە و هێزەکانی سپای پاسداران دەستبەجێ تەقەیان لێ کردووە و بەسەختی بریندار بووە کە گوللەی ئەو هێزانە بەر لاجانگی (گیجگاە) ئەو لاوە خاوەن پێداویستییە کەوتووە.