بەپێی ڕاپۆرتەکان، “ئومێد شامحەممەدی”، ئەندامی لقی دیواندەرەی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان کە پێشتر لە لایەن دادگای ڕژیم لە سنە، حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی بیجاڕ کرا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئومێد شامحەممەدی، مامۆستا و خەڵکی دیواندەرە، دوای بانگکرانی بۆ دادگای جێبەجێکردنی سزاکانی ئەم شارە بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای یەک ساڵ بەندکرانەکەی، دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بیجاڕ گواسترایەوە. ئومێد شامحەممەدی پێشتر لە لایەن لقی یەکی دادگای سنە بە تۆمەتی “هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی” سزای ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا کە ئەم سزایە دواتر لە دادگای پێداچوونەوە بۆ یەک ساڵ بەندکران و ٤ ساڵ بەندکرانی هەڵسەپێندراو گۆڕدرا. جێگەی ئاماژەیە، ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردانی پارەکە، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دیواندەرەوە دەستبەسەر و دوای ٧٦ ڕۆژ ڕاگیران لە گرتووخانەی ئیتلاعات، ڕۆژی سێشەممە ٨ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد و نیوی، بە شێوەی کاتی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کرابوو.