بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەماوەی یەک دوو ڕۆژی ڕابردوودا، “ئەرسەلان مەحمودی” تەمەن ٤١ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای ٣٦ مانگ بەندکرانەکەی کە بەسەریدا سەپێندرابوو، دەستبەسەر و بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە گواسترایەوە.
جێگای ئاماژەیە، ئەرسەلان مەحموودی پێشتر لە لایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە “هۆکاری بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان”ی ساڵی ڕابردووی ئەم شارە، سزای ٣٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو. بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ماوەی ٤ مانگ بەندکرانیدا، ئەرسەلان مەحموودی بە سەختی ئەشکەنجە کراوە و ناچار بە دانپێدانی زۆرەملێ لە دژی خۆی کراوە. شایانی باسە، ناوبراو دوای چوار مانگ بەندکردن و خۆڕاگری لەبەرامبەر ئەشکەنجەی هێزەکانی ڕژیم، بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی و هەتا کۆتایی دادگاییکردنەکەی ئازادکرابوو.