ڕۆژی شەممە ١٥ی بەفرانبار، ئەمیر ڕەحمانی هاووڵاتیی خەڵکی گەڕەکی “تاچیناوێ”ی شنۆ، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی بەندکرانەکەی ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا.
ئەم هاووڵاتییە پێشتر بە تۆمەتەکانی “ئەندامەتی لە یەکێک لە حزبەکانی کوردستانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەت” و “پڕوپاگەندە دژی نیزام” لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شنۆوە، بە سێ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو، یەک ساڵ بەندکراون و پێبژاردنی ٤٠ میلیون تمەن مەحکووم کرابوو. شایانی باسە، حوکمی بەندکرانی ئەم هاووڵاتییە، پاش قەبووڵکردنی بڕیارەکە و بە جێبەجێ کرانی بڕگەی ٤٤٢، بۆ سێ مانگ بەندکران کەم کراوەتەوە. ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان بە شکاندنی درگای ماڵەکەی و بەکار هێنانی توندوتیژی ئەم هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردبوو. سەرئەنجام لە ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خاکەلێوە ١٤٠٣، ئەمیر ڕەحمانی بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی شنۆ ئازاد کرابوو.