ڕۆژی شەممە ٢٤ی پووشپەڕ، “ئەیووب جەوانپوور” چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقز، پاش مانگێک و چوار ڕۆژ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، دواجار بۆ زیندانی ناوەندیی شاری سەقز گواسترایەوە.
ئەو هاووڵاتییە لە کاتێکدا بۆ زیندانی ناوەندیی سەقز گواستراوەتەوە کە باری جەستەیی و دەروونیی بەتەواوەتی ناجێگیر بووە و ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجە لەسەر جەستەی دیار بووە. شایانی باسە، بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی ئەیووب جەوانپوور لە بەردەستدا نییە و ئەو چالاکە مەدەنییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەی، بێبەری کراوە. جێگای ئاماژەیە، ناوبراو ڕۆژی شەممە ٢٠ی جۆزەردان، لە ماڵەکەی خۆی و لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە گواستراوەتەوە.