فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگوێزرانی درەخشان ڕەحیمی بۆ شوێنێکی نادیار
شەممە ۱۲-۰۷-۱۴۰۴   |  04-10-2025

بە پێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی چوارشەممە ۹ی ڕەزبەری ١٤٠٤، درەخشان ڕەحیمی، هاووڵاتیی تەمەن ۴۳ ساڵی خەڵکی شاری سنە بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە زانیارییەک لەسەر چارەنووسی درەخشان ڕەحیمی لەبەر دەستدا نییە.
درەخشان ڕەحیمی ڕۆژی هەینی ۲۹ی خەرمانانی ئەمساڵ، دوای سێ مانگ دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپا بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە گواسترابوویەوە. ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەربوونی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپا تا ئێستا لە سەرەکیترین مافەکانی خۆی وەکوو مافی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و بنەماڵەکەی زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی ناوبراو نەبووە. شایانی باسە، درەخشان ڕەحیمی لەگەڵ دوو برای بەناوەکانی ئیدریس و ڕزگار ڕەحیمی و هاووڵاتییەک بەناوی عەدنان مەولایی و هاووڵاتییەکی دیکە کە لە دوکانی شیرینی فرۆشی ئەو بنەماڵە ئیشی دەکرد، لە ڕەوتی شەڕی ۱۲ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستبەسەر و لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە «هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل» تۆمەتبار کرابوون. جێگای ئاماژەیە، دوو برای درەخشان ڕەحیمی کە ڕۆژی چوارشەممە ۱۲ی خەرمانان، لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ زیندانی ناوەندیی سنە گواسترابوونەوە، بەدانانی بارمتە و تا کاتی کۆتایی ھاتنی پرۆسەی دادگایی کردنەکەیان لەو زیندانە ئازاد کران.