ڕۆژی شەممە ٢٤ی سەرماوەز، “سامان محەممەدی خەیارە”، تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی شاری سنە، بەمەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی ئێعدامەکەی، بۆ ژووری تاکەکەسی زیندانی قزڵحیساری کەرەج گواسترایەوە.
جێگای ئاماژەیە، ناوبراو لە کاتی دەستبەسەر کرانی دا، تەنیا ١٩ ساڵی تەمەن بووە و لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا لە مافی مەرەخەسی بێبەش بووە. شایانی باسە، ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی محەممەدی ئەمڕۆ یەکشەممە بەمەبەستی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ سامان ڕۆیشتوونەتە کەرەج و بڕیار وایە حوکمی ئێعدامەکەی لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا جێبەجێ بکرێت. سامان محەممەدی ١٥ ساڵ لەمەوبەر لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی”موحاربە” و”ئەندامێتی لە گرووپە دژبەرەکانی ڕژیم” حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندراوە.