فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگوێزرانی سامان کەریمی و هاوژینەکەی بۆ زیندانەکانی ناوەندیی سەقز و بانە
دوشەممە ۰۹-۰۴-۱۴۰۴   |  30-06-2025

بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەم دواییانەدا “فەرزانە ڕەشیدی”، تەمەن ۲۶ ساڵ و خوێندکاری زانکۆی پەیامی نووری بانە و هاوژینەکەی، سامان کەریمی تەمەن ۳۳ ساڵ بۆ زیندانەکانی سەقز و بانە گواستراونەتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە ۴ی جۆزەردانی ١٤٠٤، سامان کەریمی و فەرزانە ڕەشیدی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران. شایانی باسە، هێزە ئەمنییەکان سەرەتا سامان کەریمی، بەندکراوی سیاسیی پێشوویان لە یەکێک لە شەقامەکانی بانە بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کردبوو و دواتر هەڵیانکوتابووە سەر ماڵی بنەماڵەی هاوژینەکەی بە ناوی فەرزانە ڕەشیدییان و دەستبەسەر کردبوو. سامان کەریمی پێشتر، لە رۆژی پێنجشەممە ١٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٧، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر کرابوو و بۆ دەستبەسەرگەی شارامفەڕ لە سنە گواسترابۆوە. ناوبراو ساڵێک دواتر لە ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی ”بەغی” حوکمی ئێعدام و ١١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو. ئەو حوکمە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٩ لە لایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە هەڵوەشێندراوە و بۆ لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە گەڕێندرابوویەوە. سامان کەریمی دوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامەکەی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا و لەکۆتاییدا لە ڕێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٠ لە لایەن لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کوردستان بە تۆمەتی “ئەندامێتی لە حیزبێکی کوردستانی” بە ٤ ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی “پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی وڵات” بە ٤ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت” سزای یەک ساڵ بەندکران و سەرجەم سزای ٩ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.