ڕاگوێزرانی شەش بەندکراو بۆ ژووری تاکەکەسی زیندانی ناوەندیی کەرەج
هەینی ۱۰-۰۵-۱۴۰۴   |  01-08-2025

بە پێی زانیارییەکان، ڕۆژی چوارشەممە ۸ی گەلاوێژی ١٤٠٤، سێ بەندکراو بەناوەکانی محەممەد گەڵووسی خەڵکی کرماشان، فەریبۆرز حەقی خەڵکی نوورئاباد و عەلی حسێن پوور خەڵکی کۆهدەشت، هاوڕێ لەگەڵ ڕەزا بەخت ئاوەر و مەیسەم جوودەکی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی کەرەج و سەجاد پووردانش، هاووڵاتیی خەڵکی تاران بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی ئێعدامەکەیان بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی کەرەج گواستراونەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو شەش بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی “پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان” دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندرابوو. جێگای ئاماژەیە، حوکمی ئێعدامی ئەم بەندکراوانە لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا بەئەگەری زۆر جێبەجێ بکرێت.