
نادر سەیفی، ڕەخنەگر و چالاكی میدیایی خەڵكی “دێهلۆڕان”ی سەر بە پارێزگای ئیلام و دانیشتووی ئەندیمشک، لە لایەن هێزەكانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواسترایەوە.
جێگای ئاماژەیە، نادر سەیفی، لە چالاكانی خوێندكاریی دەركراو لە زانكۆی تاران لە دەیەی هەفتایە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بابەتی ڕەخنەگرانە بڵاو دەكاتەوە. لەحاڵێکدا کە بەدواداچوونەكان بۆ بارودۆخی نادر سەیفی تا ئێستا بێ ئاكام ماوەتەوە، هێزەكانی ڕژیم لە كاتی دەستبەسەركرانی ناوبراو، بە بنەماڵەکەیان وتبوو كە بۆ تاران دەگواسترێتەوە. ئەم هاووڵاتییە لە ڕابردوودا بە هۆی چالاكییەكانی بانگ و لێپرسینەوەی لێ كرابوو و دوایین جار، مانگی رابردوو دەستبەسەر و بە دانانی بارمتە ئازاد كرابوو. تا كاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكاری دەستبەسەركران، شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتە سەپێندراوەكان لە دژی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.