
بە پێی ڕاپۆرتەکان، بەیانی ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، هێرش زەندی ناوگەڕان تەمەن ٤١ ساڵ و خەڵکی شاری سنە، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی حوکمی بەندکرانەکەی بۆ زیندانی ناوەندیی ئەمشارە گواسترایەوە.
بە پێی وێنە بڵاوکراوەکان، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی، هێرش زەندی ناوگەڕانیان تا پێش دەرگای سەرەکیی زیندانی ناوەندیی سنە هاوڕێی کردووە. ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتر لە ویدیۆیەکدا بڵاوی کردەوە کە بە هۆی «چالاکی مەدەنی لە ڕاستای سڕینەوەی توندووتیژی لە کۆمەڵگا» لە لایەن دادگای شۆڕشی سنە، سزای ٦ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو. هێرش زەندی ناوگەڕان ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، لە ڕەوتی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ ماڵەکەی دەستبەسەر و لە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ، پاش یەک مانگ زیندان لە کۆتاییدا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی دادوەریی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرابوو.