بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی جۆزەردان، “هێمن مستەفایی” خەڵکی شارۆچکەی “کانیدینار”ی شاری مەریوان کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ ژووری تاکەکەسی زیندانی ناوەندیی شاری سنە گواستراوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەگەری زۆرە کە ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی جۆزرەدان، لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە سزای سێدارەی هێمن مستەفایی جێبەجێ بکرێت. شایانی باسە، بنەماڵەی ئیبراهیم محەممەدی، ئەندامی سپای پاسداران کە لە مەریوان کوژراوە، سکاڵاکەری ئەم پەروەندەیەن و دژایەتی خۆیان لەسەر جێبەجێکردنی ئەو سزایە دەربڕیوە، بەڵام ناوەندە حکوومەتییەکان پێداگرن لەسەر لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەندکراوانی زیندانی ناوەندی سنە، گوللەی چەکی ساچمەییی هێزەکانی ڕژیم بەر لای چەپی سینگی کەوتبوو و ساچمەکان چوونەتە ناو قوڵاییی جەستەی ناوبراو و نزیک لە دڵی. سەرەڕای سەختیی برین و خراپیی دۆخی تەندروستیی هێمن مستەفایی و پێویستی خێرای بە نەشتەرگەری و چارەسەریی پزیشکی، هەتا ئێستا لە لایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە ڕێگەی گواسترانەوی ناوبراو بۆ ناوەندە دەرمانییەکان نەدراوە. جێگای ئاماژەیە، هێمن مستەفایی، لە ڕێکەوتی ١١ی ڕەشەمەی ١٣٩٠، بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی پێشووی سپای پاسداران بە ناوی ئیبراهیم محەممەدی لە شاری مەریوان دەستبەسەرکرا. پێویستە بوترێ کە ناوبراو لە کاتی لێکۆڵینەوە و لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە گرتنە ئەستۆی کوشتنی ئەو ئەندامەی سپای پاسداران بووە.