ڕۆژی شەممە ١٢ی خەزەڵوەر، “ژینا مودەڕەس گورجی” ڕۆژنامەوان و چالاکی مافی ژنان خەڵکی شاری سنە، دوای بانگکران و سەردانکردنی بۆ ناوەندی جێبەجێکردنی سزاکانی ئەمشارە، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی زیندانەکەی دەستبەسەر و بۆ زیندانی ناوەندیی سنە گواسترایەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، حوکمی ٢١ ساڵ بەندکرانی ئەم هاووڵاتییە لەم دواییانەدا بۆ ٢٨ مانگ بەندکران گۆڕدرابوو کە ١٦ مانگی دەبێت جێبەجێ بکرێت. ئەم هاووڵاتییە لەم دواییانەدا بە بڕیاری لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی سنە بە تۆمەتەکانی وەکوو “پێکهێنانی دەستە و گرووپی نایاسایی بە ئامانجی ڕووخانی حکوومەت” حوکمی ١٦ مانگ بەندکران و “پڕوپاگەندە دژی حکوومەت” یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو. هەروەها لە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ گرووپ و وڵاتانی دوژمن بێ تاوان دەچووە و حوکمی دوورخرانەوەی بۆ زیندانی ناوەندیی هەمەدان هەڵوەشێندراوەتەوە.