بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕێبەندان، کۆسار ڕۆستەم نژاد، تەمەن ٤١ ساڵ و کۆڵبەری خەڵکی گوندی “شەمشێر”ی سەر بە شاری پاوە، دوای ئەوەی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم پێکراوە و چاو و دەستی بریندار بووە، بە مەبەستی چارەسەریی چاوی و درێژەی ڕەوەندە دەرمانییەکەی و دەرهێنانی چاوی، لە کرماشانەوە بۆ ناوەندێکی دەرمانی شاری تاران گواسترایەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار: چاوی ئەم کۆڵبەرە بە گوللەی ساچمەیی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم پێکراوە و پزیشک و دکتۆرەکانی نەخۆشخانەی تاڵەقانی شاری کرماشان جوابیان کردووە و ڕایانگەیاندووە؛ “چیی تر توانای چارەسەرکردنی چاوی کۆساریان نییە” و دواتریش بۆ درێژەی ڕەوەندی دەرمانیی زیاتر و چارەسەریی چاوی، ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی شاری تارانیان کردووە. جێگای ئاماژەیە، ناوبراو شەوی هەینی ١٣ی رێبەندان، لە سنووری نەوسوود لە لایەن هێزەنیزامییەکانی ڕژیمەوە تەقەی لێکرابوو و بریندار ببووە.