فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندراوی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بە بۆنەی ساڵهاتی کۆمەڵکوژیی هەزاران زیندانیی سیاسی؛ خەونی پووچی ڕژیمی تاوان، چەوساندنەوە و تاڵانکاری بۆ گەڕانەوە بەرەو بێدەنگییە گۆڕستانییەکەی دەیەی شەست
شەممە ۰۷-۰۶-۱۴۰۵   |  29-08-2026

تاوان، دڕندەیی و کۆنەپەرستی لە زاتی پشتیوانانی “ئیسلامی سیاسی”دایە. کۆماری ئیسلامی لە ئێرانیش لەم یاسایە بەدەر نەبووە و نییە. بانگەشەکارانی ئەم ڕژیمە تەنانەت پێش ئەوەی بگەنە دەسەڵات، لە (توضیح المسائل) و نامیلکە ئایینییەکانیاندا حوکمی “کافر، مورتەد و مونافیق”یان دەرکردبوو. ئەو کەمینە حیزبوڵڵاهییەی نێو زیندانی “ئاریامێهری”، هەر لەو کاتەوە چەپەکانیان بە “گڵاو” دەزانی و پوتانسیەلی خۆیان بۆ بوون بە جەللادەکانی داهاتوو خستبووە ڕوو. ئەوان لە ڕەوتی شۆڕشی ٥٧دا، لەپێناو ئامانجە ماکیاڤیلیستییەکانیاندا، زیاتر لە چوارسەد مرۆڤیان لە سینەما ڕێکسی ئابادان کردە خەڵووز. هەر بۆیە لای ئێمەی چالاکانی چەپی شۆڕشگێڕ هەر لە سەرەتاوە ڕوون بوو کە ئەم ڕژیمە دژەشۆڕشەی کە لە سکی شۆڕشە ناکامەکەوە کەوتەوە، شمشێر لە ڕوو دەبەستێت و کەڵک لە هەر دەرفەتێک وەردەگرێت بۆ جێگیرکردنی دەسەڵاتی خۆی و سڕینەوەی نەیارانی.

کۆماری ئیسلامی بە لەسێدارەدانی تاوانکارانەی سەرانی سەربازی و سیاسیی ڕژیمی پەهلەوی لەسەر بنەمای یاسا ڕزیوە ئایینییەکان لە “دادگا شەرعییە” چەند خولەکییەکانی سەربانی شوێنی نیشتەجێبوونی خومەینییەوە دەستی پێکرد، بێ ئەوەی تۆمەتباران مافی هەبوونی پارێزەر و دادگای ئاشکرایان هەبێت. پاشان بە دەرکردنی فەرمانی حیجابی زۆرەملێ، پەلاماردانی مافە سەرەتاییەکانی ژنانیان دەست پێکرد و بە هێرشکردنە سەر کتێبفرۆشییەکان، بارەگای حیزب و ڕێکخراوەکان، لەشکرکێشی بۆ سەر تورکەمەن سەحرا، کوردستان و خوزستان، هەروەها سەرکوتکردنی ئەنجومەن و ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاران و داخرانی زانکۆکان، سروشتی کۆنەپەرستانە، دیکتاتۆرانە، سەرمایەداری و فاشیستیی خۆی سەلماند.

سەرەڕای هەموو ئەمانەش، قۆناغی مێژوویی سیی جۆزەردانی ساڵی شەستی هەتاوی پێویست بوو، تاوەکو ڕژیم لە سبەینێی ئەو ڕۆژەوە، سەرکوتە سەرتاسەرییەکان و لەسێدارەدانی بەربڵاوی نەیاران دەست پێ بکات. لە نێوان ساڵانی ٦٠ تا ٦٣ دەیان هەزار مێردمنداڵ، لاو و تێکۆشەر دەستبەسەر و ئەشکەنجە دران و هەزاران کەسیان ڕادەستی جوخەکانی تیرباران کران. ڕژیم دوای سەپاندنی زەبروزەنگی تەواو و “بێدەنگیی گۆڕستان‌ئاسا”، ماوەیەک لە بەرینایی ئێعدامەکانی کەم کردەوە، بەڵام پاش شکست لە شەڕە کۆنەپەرستانە هەشت ساڵەیەکەی لەگەڵ عێراق و نۆشینی جامی ژەهری ئاگربەست لەلایەن خومەینییەوە، بڕیاری دا تۆڵەی شکستەکەی لەو زیندانییە سیاسییە بێدەرەتانانە بکاتەوە کە لەلایەن بێدادگاکانی ڕژیمەوە سزای زیندانیان بەسەردا سەپابوو و سەرقاڵی تێپەڕاندنی ماوەی زیندانەکەیان بوون، کە تەنانەت هەندێکیان لە سەروبەندی ئازادبوونیشدا بوون. بە فەتوای خومەینی، دەستە سێ کەسییەکانی مەرگ لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران پێکهێنران بۆ ئەوەی کۆمۆنیست و موجاهید و جیاوازبیران تەنها بە خستنەڕووی یەک یان دوو پرسیاری سادە بەرەو پەتی سێدارە ڕەوانە بکەن. بەم جۆرە کارەساتی سامناک و هەژێنەری هاوینی ٦٧ خولقا. ئامانجی دیکەی ڕژیم هەروەکو خۆشی دانی پێدا نابوو، لەناوبردنی ڕێکخراوە سیاسییەکان، ناوەندە ڕێکخراوەکان و کەسایەتییە کاریگەرەکان بوو لەسەر کەشی سیاسی و بزووتنەوە پێشکەوتنخواز و چینایەتییەکان.

لە ڕەوتی ئەم کارەساتە سامناکەدا، لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا، هەزاران زیندانیی سیاسی لە دار دران و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە خاوەرانی تاران و خاوەرانەکانی سەرتاسەری وڵاتدا بە خاک سپێردران، بێ ئەوەی تەنانەت ناونیشانی شوێنی ناشتن و هۆکاری ئەم کۆمەڵکوژییە گەورەیە بە بنەماڵەکانیان ڕابگەیەندرێت. ئەوە دایکانی جەرگسووتاو بوون کە بە دەستانی لەرزۆک و چاوانی پڕ لە فرمێسکەوە، خاوەرانیان دۆزییەوە و سەرەڕای هەموو سەرکوتکارییەکان بە گوڵبارانکردنی ئەم شوێنە و گوڵزارەکانی سەرتاسەری ئێران، بڵێسەی بزووتنەوەی دادخوازییان بە گەشاوەیی هێشتەوە و بزووتنەوەیەکی پڕ لە شانازییان بۆ دادخوازی و دادپەروەری وەڕێ خست کە هێشتاش بەردەوامە و کۆڵ نادات. بزووتنەوەیەک کە بنەماڵەی هەزاران گیانبەختکردووی ڕاپەڕینەکانی بەفرانباری ٩٦، خەزەڵوەری ٩٨، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ١٤٠١ و سەرەنجام ڕاپەڕینی بەفرانباری ١٤٠٤یشی پێوە زیاد بووە.

ئەم ڕژیمە تەنانەت لە ماوەی جەنگیی شەش مانگی ڕابردووشدا، “دوژمنی ناوخۆیی” لەبیر نەکردووە و ڕۆژێک نییە یەک یان چەند زیندانییەکی سیاسی ڕادەستی پەتی سێدارە نەکات. بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، زیاتر لە پەنجا زیندانیی سیاسی، عەقیدەتی و “ئەمنییەتی” لە ماوەی شەڕی ئەم دواییەدا لەسێدارە دراون و زیاتر لە شەست کەسیش لە نۆرەی لەسێدارەدان دان. ئەم تاوانانە سەرباری هەوڵەکانی ئەم دواییەی مەجلیس بۆ توندترکردنی سەرکوت و پێناسەکردنەوەی سیخوڕی و … جارێکی دیکە نیشانی دا کە ئەم ڕژیمە، هێشتاش زۆرینەی ئەو خەڵکەی کە تامەزرۆی ئازادی، یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتین و داوای ڕاگرتنی شەڕ و نەهامەتی دەکەن، بە دوژمنی ژمارە یەکی خۆی دەزانێت، هەر بۆیە پاشماوەی هەموو ئیمکاناتەکانی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی لە ئەگەری گەشەی خێرای بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە و سەرهەڵدانی ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانە مەزنە نوێیەکاندا، خۆی لە گێژاوی ڕووخان دەرباز بکات. ئەم ڕژیمە هەروەک شەڕی هەشت ساڵە لەگەڵ عێراق، شەڕە کۆنەپەرستانەکەی ئێستاش بە نیعمەت و هەلێک دەزانێت بۆ ئەوەی پایە سستەکانی کە بەهۆی ڕاپەڕینەکانی پێشووەوە کەوتوونەتە لەرزین، نۆژەن بکاتەوە.

ڕژیم لە خەونی گەڕانەوەی “خودای دەیەی شەست”دایە، خەیاڵێکی خاو کە لەگەڵ واقیعی ئەمڕۆی کۆمەڵگادا یەک ناگرێتەوە. نەک لەبەر ئەوەی توانای سەربڕین و کوشتاری نییە، بەڵکوو لەبەر ئەم هۆکارە سادەیەی کە زۆرینەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێران بڕیار نییە دەست لە خۆڕاگری و خەبات هەڵبگرن. هەر ئێستا هەموو مانگێک شایەدی دەیان مانگرتن، کۆبوونەوە و جووڵەی ناڕەزایەتیی کرێکاران، خانەنشینان، پەرستاران، مامۆستایان، ماڵخوراوەکان و توێژەکانی دیکەی گەلین. ژنانیش لە نافەرمانییەکی ملیۆنیی درەوشاوەدا، بە کردەوە حیجابی زۆرەملێی ڕژیمیان لە گۆڕەپانی زۆربەی شارەکاندا کردووەتە گاڵتەجاڕ و نیازی پاشەکشەیان نییە.

لەم نێوەندەدا، ئیمپریالیزمی ئەمریکا، زایۆنیزمی ئیسرائیل و ڕەوتە ئۆلتراراستڕەو و شەڕخوازەکانی وەک پاشایەتیخوازەکان، بە یارمەتیی میدیا گەورە چەند سەد ملیۆن دۆلارییەکان، لەسەر ناڕەزایەتی و تووڕەیی ڕەوای خەڵکی ئێران لەم ڕژیمە قەیرانخوڵقێن و قەیرانژییە حساب دەکەن. بەڵام زۆرینەی کرێکاران و خەڵکی ئێران، سەرەڕای بێزارییان لە ڕژیمی ئیسلامی و تامەزرۆییان بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕژیمە، ئامادە نەبوون خۆیان بخەنە خزمەت تەماعکاری و مەرامی جەنگی و کۆنەپەرستانەی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەوەوە. هەر بۆیە هاوکات لەگەڵ خەبات دژی ڕژیمی دیکتاتۆری و سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی، داواکاری ڕاگرتنی تەواوەتیی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیەن کە خەریکە گیان، بژێوی و تەندروستییان تاڵان دەکات.

لەم قۆناغە هەستیار و پڕوکێنەرەدا، بێگومان جێگەی ئازیزە گیانبەختکردوو و گیانفیداکانمان خاڵییە. جێگەی هەزاران کادر و هەڵسوڕاوی ئازادیخواز و سۆسیالیست کە ڕزگاریی مرۆڤ خەونیان بوو و لەپێناویدا گیانی ئازیزیان فیدا کرد. بەڵام ئێمە دەڵێین: نا جێگاکان بەتاڵ نییە، جێگەی ئێوە هەزاران تێکۆشەری نوێ پڕیان کردووەتەوە و نیازی وەستانیان نییە.

لەم نێوەندەدا، پاشایەتیخوازە توندڕەوەکان، بەئاشکرا بۆ کۆمەڵکوژیی هەزاران کۆمۆنیست و نەیار چەپڵە لێدەدەن و شایی دەگێڕن، لە تێڕوانینی ئەوانەوە، تێکۆشەرە گیانبەختکردووەکان، بوونەتە قوربانیی شەڕێکی “نێوماڵێ”: واتە “شەڕی پەنجاوحەوتییەکان” کە ئێرانیان لە “بەهەشتی ئاریامێهری”یەوە بۆ “دۆزەخی ئاخوندی” گواستووەتەوە. ئەوان هەر لە ئێستاوە بە هەڵکردنی ئاڵای ساواک و وەڕێخستنی ڕێپێوانە فاشیستییەکان و هەڕەشەکردن لە نەیارانی حکومەتی بنەماڵەیی و گەڕانەوەی دیکتاتۆریی پاشایەتی، خۆیان بۆ قەسابخانەی سبەینێ ئامادە دەکەن. ئەوان هەروەکوو دڕندەکانی ئیسلامی سیاسی، کێشەیان لەگەڵ پرەنسیپی سەرکوت و کۆمەڵکوژی و ئەشکەنجەدا نییە، بەڵکوو کێشەیان لەسەر ئەوەیە کێ و کام حکومەت جێبەجێی بکات و کێ کلیلی زیندان و سیاچاڵەکانی بەدەستەوە بێت.

بەڵام ئێمە ئەمجارە بڕیار نییە بگەڕێینەوە دواوە، یان بە واتایەکی باشتر، هەوڵ دەدەین نەگەڕێینەوە. ئێمە لە پاڵ ئەو جەماوەرەی تامەزرۆی ڕزگاری و ئازادی و یەکسانین، نەک هەر دەمانەوێت بیساتی لەسێدارەدان و ئەشکەنجە و زیندانی سیاسی بۆ هەمیشە تێک بپێچینەوە، بەڵکوو بە بەرگریکردن لە ئازادییە بێ‌مەرجەکانی بیروڕا، ڕادەربڕین، ڕێکخراوبوون و کۆبوونەوە، لەپێناو دامەزراندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و کۆتاییهێنان بە نایەکسانییە چینایەتییەکانی نێو سیستەمی سەرمایەداری، کۆمەڵگایەک بونیاد بنێین کە بەدوور بێت لە هەر جۆرە ستەم و هەڵاواردنێک. بێگومان لەم ڕێگایەدا ڕووبەڕووی کۆسپ و دژواریی گەورە دەبینەوە، بەڵام هیچ ڕێگەیەکمان جگە لە زاڵبوون بەسەریاندا نییە. نابێت بهێڵین خوێنی دەیان هەزار ئازیزی گیانبەختکردوو بەفیڕۆ بچێت.

لە ساڵهاتی ئەو کۆمەڵکوژییە گەورانەدا، ئێمە داوا لە سەرجەم هەڵسوڕاوانی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان و هەروەها گشت چالاکانی بزووتنەوەی دادخوازی و ئازادیخوازی دەکەین کە بە ڕێکخستنی مەراسیمی یادکردنەوە و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی سەرشەقام و هەڵمەتە سەرتاسەرییەکان دژی لەسێدارەدان و بۆ ڕزگارکردنی گیانی زیندانییانی سیاسی، یاد و ڕێبازی ئەو ئازیزانە بەرز ڕابگرن.

بەرز و پیرۆز بێت یادی ئازیزی گیانبەختکردووانی دەیەی شەست و سەرجەم گیانفیدایان

ئەشکەنجە و لەسێدارەدان دەبێت هەڵوەشێتەوە، زیندانیی سیاسی ئازاد بکرێت

بڕووخێت ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

خەرمانانی ١٤٠٥ – ئاگۆستی ٢٠٢٦