
لە سەروبەندی یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانیی کرێکارداین. ئەگەر ساڵی بزووتنەوەی کرێکاری بە مەودای نێوان دوو ڕۆژی کرێکار دابنێین، نەک ساڵی ڕۆژژمێری کە لە جیهاندا وەک یەک نییە، ئەوا سەدان ملیۆن کرێکار لە سەرتاسەری جیهاندا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو هەژارتر و دەستکورتتر بوونەتەوە. شەڕی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی و داخرانی گەرووی هورمز، سەرەڕای شوێنەوارە نێگاتیڤەکانی لەسەر ئابووریی جیهانی و بەرزبوونەوەی نرخی وزە و دەرهاویشتە بەربڵاوەکانی لەسەر گرانبوونی کاڵاکانی دیکە، قورساییەکی زیاتری خستووەتە سەر کاریگەرییە ماڵوێرانکەرەکانی قەیرانی ئابووریی جیهانی لەسەر ژیان و گوزەرانی ملیۆنان کرێکار.
لە بەرەبەری ڕۆژی کرێکاردا، ئێمە لە نێوان دڵەڕاوکێ و هیوای وەستان یان درێژەکێشانی شەڕداین. درێژەکێشانی شەڕ و بەرزبوونەوەی نرخی وزە، سەرباری گرانیی گشتی، لە هەندێک کەرتدا دەبێتە هۆی داخرانی کارگەکان و دەرکردنی بەکۆمەڵی کرێکاران. ئەگەرچی بەشێکی بچووک لە کرێکارانی جیهان کە لە ڕیزەکانی خۆیاندا ڕێکخراون زیانی کەمتر دەبینن، بەڵام ملیۆنان کرێکار لە وڵاتە دیکتاتۆرییەکاندا کە بێبەشن لە ڕێکخراوی سەربەخۆی خۆیان، زۆرترین زیانیان بەر دەکەوێت.
لە ئێراندا، چینی کرێکار زۆرترین زەبر و زیانی ئەم شەڕەی بەرکەوتووە. لە خەباتی دژی کۆماری ئیسلامی لە مانگی بەفرانباری ١٤٠٤دا، بۆ یەکەمین جار ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکارییەکان لە کاتی سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی جەماوەریدا نەک هەر نەپچڕان، بەڵکوو بۆ پشتیوانی لێی، ڕاگەیاندراویشیان بڵاو کردەوە. زۆر بەڵگە هەبوون کە پاش ڕاپەڕینی بەفرانباری ٩٦، بۆ یەکەمین جار خۆپیشاندانەکانی سەر شەقام خەریک بوو لەگەڵ مانگرتنە کرێکارییەکان یەکبگرنەوە و بزووتنەوەیەکی بەربڵاو لە شەقام و کارگەکاندا دژی کۆماری ئیسلامی پێکبێت؛ شتێک کە تەواو دژ بە بەرژەوەندی و ئامانجەکانی نەتانیاهو، ترامپ و ڕەزا پەهلەوی بوو. بانگەوازەکەی ڕەزا پەهلەوی و بەڵێنی “یارمەتی لە ڕێگەیە”ی ترامپ، یارمەتیدەری کۆماری ئیسلامی بوو تاوەکوو لە ڕێگەی کۆمەڵکوژیی چەندین هەزار کەس لە جەماوەری ناڕازی، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی بەفرانباری ١٤٠٤ سەرکوت بکات. سەرکوت و کۆمەڵکوژییەک کە بەرژەوەندیی هاوبەشی چینایەتیی هەموویانی تێدا بوو.
لە شەڕە ٤٠ ڕۆژییەکەدا، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر پیشەسازییەکانی ئێران، دەیان کرێکاریان لە کاتی کارکردندا کوشت و هەزاران کەسیان بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ خستە ڕیزی لەشکری بێکارانەوە؛ ئەویش لە وڵاتێکدا کە بیمەی بێکاریی گونجاوی نییە و کرێکارانی گرێبەستی کاتی و سپی ئیمزا ناگرێتەوە. شەڕ، ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی بێکارانی زیاتر لە جاران کردووەتە پێویستییەکی هەنووکەیی. بە قۆستنەوەی دەرهاویشتەکانی شەڕ لە قازانجی خاوەنسەرمایەکان و خاوەنکارەکان، ئەوان پاش ٣٣ ساڵ، کەمترین کرێی ساڵانەیان بێ هیچ ڕێگرییەک گەیاندە نزیکەی ٢٢ ملیۆن تمەن؛ لە کاتێکدا پێش شەڕ، مۆرە و بەکرێگیراوانی ڕژێم بۆ کۆنترۆڵکردنی ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان باسیان لە بڕی حەفتا ملیۆن تمەن دەکرد. بە وێرانکردنی پیشەسازییە گەورەکان کە ڕەزا پەهلەوی و فاشيستە پاشایەتیخوازەکان بە هەڵپەڕکێ و شادمانییەوە بەرگرییان لێ دەکرد، چینی کرێکاری ئێران لە زۆرێک لە دەرفەتە ناڕەزایەتییەکان لە پیشەسازییە گرنگەکان و ئامرازە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان دژی تەواوەتیی چینی سەرمایەدار، لەوانە لیبڕاڵ، ئیسلامی و پاشایەتیخواز، بێبەش کرا.
وێرانکاری و زەبر و زیانەکانی شەڕ، قەیرانی ئابووری و گەندەڵیی پێکهاتەیی کە ژێرخانی ناڕەزایەتی، ڕاپەڕین و بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکان دژی کۆلییەتی ڕژێمی حاکم بووە، قووڵتر و توندتر کردووەتەوە. بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران خۆی بۆ گونجاندن لەگەڵ هەلومەرجی پاش شەڕ ئامادە دەکات تاوەکوو کاریگەرتر لە جاران بۆ یەکڕیزی، پێکهێنانی ڕێکخراوە جەماوەری و حزبییەکانی خۆی تێبکۆشێت و خەباتی خۆی بۆ وەدیهێنانی داواکارییەکانی و بۆ سەقامگیرکردنی سیستەمی شۆرایی دڵخوازی خۆی درێژە بدات.
بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران شانبەشانی بزووتنەوەی کرێکاریی جیهانی، ڕۆژی کرێکاری ئەمساڵ بە ڕۆژی جیهانیی دژایەتیکردنی شەڕی کۆنەپەرستانە و بە ڕۆژی پێداگری و ئیرادە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەرهاویشتەکانی شەڕ لەسەر ژیان و گوزەرانی ملیۆنان کرێکار لە سەرتاسەری جیهاندا دەزانێت.
بژی یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانیی کرێکاران
بڕووخێ ڕژێمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ – ١٩ی ئەپریلی ٢٠٢٦
واژۆکان:
ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کارگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت