فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندراوی شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی پەیمانیی نەوت و شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی نافەرمیی نەوت (ئەرکانی سالس): لە دژی لەسێدارەدان و سەرکوت، لە دژی لەناوبردنی بژێویی ژیان، با دەست لە کار بکێشینەوە!
سێشەممە ۰۶-۰۵-۱۴۰۵   |  28-07-2026

ئەمڕۆ لە هەلومەرجێکدا دەچینە سەر کار کە ئەو قازانجەی لە بەرهەمهێنانی نەوت بە ڕەنج و زەحمەتی ئێمەی کرێکار دەچێتە گیرفانی ڕژێمەوە، دەبێتە خەرجیی پەرەپێدانی زیندانەکان، دابینکردنی کەرەستەی سەرکوت بۆ خنکاندنی بچووکترین دەنگی ناڕەزایەتیی سەر شەقامەکان و بەهێزکردنی ماشێنی کوشتار و لەسێدارەدان و شەڕانگێزی.

لە پشتی دەروازەکانی حەراسەت و کەمێک ئەولاتر لە شوێنەکانی کار؛ هەژاری، هەڵاوسان، لەناوچوونی بژێوی و سەرکوتی ئاشکرا، ژیانی ئێمە، خانەوادەکانمان و ملیۆنان مرۆڤی خستووەتە سەر لێواری هەڵدێر. لە پراکتیکیشدا بچووکترین نیشانەیەک لە هیچ خواست و ئیرادەیەک بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە یان باشترکردنی هەلومەرجی بژێوی لەلایەن دەسەڵاتەوە بەدی ناکرێت.

ڕژێم تەنها خەریکی خنکاندنی هەرچەشنە دەنگێکی ناڕەزایەتییە کە لە گەرووی کرێکار، مامۆستا، خانەنشینکراو و تێکڕای جەماوەری برسی و وەزاڵەهاتوو لە بێ‌کارەبایی، بێ‌ئاوی و بێ‌مافییەوە هاوار دەکرێت و بە کۆکردنەوەی هێز و ئازاردانی شەوانەی خەڵک، لەناو ئەو وەهمەی کە گوایە پێش بە ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقام دەگرێت، پەنای بۆ پەتی سێدارە بردووە.

هاوکاران و خەڵکی ئازیز!

ئێستا ١٥٠٠ بەندکراو لە زیندانی قزڵحەسار لە بیست و دووی پووشپەڕەوە مانیان لە خواردن گرتووە، تاوەکوو ڕێگە لە کوشتار و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی هاوبەندییەکانیان بگرن. ئەم ئازیزانە شانبەشانی هەڵمەتی ئازایانەی «سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە»، ئاڵای خۆڕاگرییان لە بەرامبەر سەرکوتدا شەکاندووەتەوە و باری تەندروستیی هەندێکیان نالەبارە. لەم هەلومەرجەدا، ئێمەی کرێکارانی نەوت دەبێت لە پاڵ ئەم ئازیزانە، خانەوادەکانیان، خانەوادەی مەحکوومکراوان بە سێدارە و خانەوادە دادخوازەکاندا ڕاوەستین.

ڕژێم بە بیانووی جۆراوجۆرەوە، لەوانەش دۆسیەی ماددە هۆشبەرەکان، لاوانی ئەم وڵاتە لەدار دەدات تاوەکوو ترس و تۆقاندن لەنێو کۆمەڵگەدا بڵاو بکاتەوە.

ئێمە دەزانین لە ناوچەی ئابووریی پارسی باشوور، عەسەلوییە و ناوچە ئابوورییەکانی دیکەدا، بڵاوبوونەوە و زۆریی ماددە هۆشبەرەکان بەو قەبارە بەرفراوانە ـ لە بارودۆخێکدا کە کۆنترۆڵی هاتوچۆی کاڵا و مرۆڤ لە تەواوی ڕێگاکاندا دەکرێت ـ تەنها لە ڕێگەی پێکهاتەیەکی ڕێکخراو و مافیاییەوە دەکرێت، کە بێگومان گەورەبەرپرسانی ڕژێم، قەرارگای خاتەم و بەرپرسە باڵاکانی سوپای پاسداران بەرپرسیارێتیی ڕێکخستنیان لە ئەستۆدایە. هەر ئەوانەی کە لە دروستکردنی دۆسیە بۆ لەسێدارەدانی لاوەکانماندا ڕۆڵیان هەیە و دەستیان بە خوێنی زۆر کەس سوورە.

ئەمە ئەو مافیایەیە کە پاش کۆمەڵکوژیی بێبەزەییانەی لاوان لە بزووتنەوەی ژینا و ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار و پێشتریش، ئێستا بە مەبەستی بەرگریکردن لە تەقینەوەی گڕکانی تووڕەیی ئێمەی کرێکاران و جەماوەری چەوساوە، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستی بە درێژەدان بە شەڕ، کوشتار و لەسێدارەدان هەیە.

ڕێک لەم کاتەدا، پەتی سێدارەی ئەم جەلادانە لە گەردنی ئەو ئازیزانە کراوە کە جگە لە مافی ژیان بۆ هیچی دیکە هاواریان نەکرد. بەداخەوە ١٢ ئازیزی دۆسیەی شەقامی عەلیجانیی ئەسفەهان لە زومرەی ئەو کەسانەن، کە تا ئێستا دوو کەسیان لە سێدارە دراون.

ئازیزانێکی بێ‌ئەژمار لە هەلومەرجێکدا دەبرێنە بەر پەتی سێدارە کە هەروا بەردەوام هەژاری، شەڕانگێزی و تاڵانکاری، سفرەکانمان بچووکتر دەکاتەوە. لە کەشێکی وا و لە بارودۆخی بەردەوامبوونی لەسێدارەداندا کە بە ڕوونی کوشتاری بەئەنقەستی دەوڵەتییە، ئێمەی کرێکارانی نەوت و کرێکارانی سەرجەم کەرتە ئابوورییەکان، چیتر نابینە هۆکاری سووڕانەوەی چەرخەی بەرهەمهێنان بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە و قازانج بۆ تاوانکاران، و لە پاڵ بکەرانی ئەم هەلومەرجە سامناکەدا ڕاناوەستین.

دەبێت کارێک بکەین، دەبێت بۆ ڕاگرتنی ماشێنی خوێن و خوێنڕێژی و لەسێدارەدان قۆڵ هەڵماڵین!

دەبێت بە ڕاگرتنی چەرخەی بەرهەمهێنان لە ڕێگەی مانگرتنە کرێکارییەکانەوە ـ وەک کاریگەرترین ئامرازی گوشار ـ کۆتایی بە چەرخەی مەرگ‌خولقێن بهێنین!

بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی لەسێدارەدانەکان و هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی ئەم سزا دڕندانەیە، با دەست لە کار بکێشینەوە!

بۆ ڕزگارکردنی گیانی ئەو زیندانییانەی کە لە قزڵحەسار و سەرانسەری وڵاتدا لە ژێر مەترسیی ئێعدامدان، یەک بگرین. با بۆ بەرگریکردن لە بژێوی، پێگە و کەرامەتی ئینسانیمان ڕاپەڕین!

هاوکاران!

بژێوی، کەرامەتی مرۆیی و مافی ژیان، پەیوەندییەکی نەپچڕاوەی لەگەڵ مافی حەیاتی سەرجەم مرۆڤە ئازادیخوازەکاندا هەیە.

ئەمڕۆ ڕۆژی هاوپشتیی ئێمەیە لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیەی کە لە کوشتار و سەرکوت، شەڕ و بێبەشی و بێ‌مافی وەزاڵە هاتووە.

ئێمە هەر وەک چۆن شانبەشانی ٩ ڕێکخراوی کرێکاری و کۆمەڵایەتی بەیاننامەیەکی هاوبەشمان بڵاو کردووەتەوە، جارێکی دیکەش دەنگی دژەچەوساندنەوە بەرز دەکەینەوە و دەبینە هاواری مانگرتن.

ئێمە یەکدەنگ لە پاڵ زیندانییانی قزڵحەسار و خانەوادەکانیاندا هاوار دەکەین:

نا بۆ لەسێدارەدان، بەڵێ بۆ ژیان!

مافی لاوەکانمان لەسێدارەدان و زیندان نییە!

بژێوی، کەرامەت، مافی حاشاهەڵنەگری ئێمەیە!

ئێمەی کرێکارانی نەوت، وەک دادخوازی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” و ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ و پێشتر لەوەش، بانگەوازی سەرجەم کرێکارانی کەرتە جۆراوجۆرە ئابوورییەکان دەکەین کە لە بەرامبەر خوێنڕێژی، لەسێدارەدان و شەڕانگێزیی کەمینەی مفتەخۆری دەسەڵاتداردا، مان بگرن و ناوەندەکانی تاڵانکاریی ڕژێم دابخەن.

_ شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی پەیمانیی نەوت

_ شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی نافەرمیی نەوت (ئەرکانی سالس)

دووشەممە، ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥