فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی بەڕێوەچوونی پلێنۆمی سێهەمی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
هەینی ۲۲-۰۱-۱۴۰۴   |  11-04-2025

پلێنۆمی سێهەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٤ ڕۆژی شەممە ١٦ی مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی بەرابەر لەگەڵ ٥ی ئاپریلی ٢٠٢٥ بەڕێوەچوو. کۆبوونەوەی بەرینی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ و دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیان بەختکردووانی ڕیزەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە و سەرجەم گیان بەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم دەست بە کار بوو. لەم پلێنۆمەدا ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و کۆمیتەی ڕێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حیزبیش وەک چاوەدێر بەشداربوون. ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ئیجرایی بە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی، ڕاپۆرتی چالاکیی کۆمیتەکان و ئۆرگانە جۆراوجۆرەکان و ئارایش و تەقسیمی کاری ناو کۆمیتەی ناوەندیی حیزب، لە دەستووری جەلەسەکانی ئەم پلێنۆمە بوون.

ڕاپۆرتی سیاسی کۆمیتەی ئیجرایی بە پلینۆم کە پێشتر بە نووسراو پێشکەشی هاوڕێیان کرابوو، لە پلینۆمدا تاوتوێ کرا و هاوڕێیان بۆچوون و تێڕوانینی خۆیان لەو بارەیەوە خستەڕوو. لەم ڕاپۆرتەدا، درێژەی قەیرانی سەرمایەداریی جیهانی و بنبەستی نێئۆلیبڕالیسم و سەرمایەداریی بازاڕی ئازاد، هەم وەک مۆدێلێک بۆ گەشە و ڕەونەقی سەرمایەداری لە بواری ناوخۆیی و هەم وەک مۆدێلێک بۆ بەجیهانی کردنەوە، کە لەسەر ئەم بەستێنە کێبرکێی زلهێزەکانی سەرمایەداری و شەڕی تەعرەفەکان و قەیرانی ژئۆپۆلیتیک توندتر بووەتەوە و پەرەسەندنی ڕاستی توندئاژۆ و نئۆفاشیست بۆ نموونە سەرهەڵدانی ترامپی لێکەوتووەتەوە، تیشکی خرایە سەر. ئەم ڕەوتە و هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ داڕشتنی نەزمی خوازراوی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پشتبەستن بە جینۆسایدی حکوومەتی ئیسرائیل لە غەززە، قەیرانی ناوچەکەی گەیاندۆتە قۆناغێکی نوێ.

لە بەشی بارودۆخی سیاسی ئێراندا، ڕاپۆرتەکە وێڕای ئاماژەدان بە قەیرانە پێکهاتەییەکان و ئاستەنگەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و پەرەسەندنی گرانی و هەژاری و نەهامەتیی بێوێنە، بەتایبەت لە بارودۆخێکدا کە کۆمەڵگای ئێران زەرفییەتی تەقینەوەی پەیدا کردووە و ڕژیم لە سەروبەندی نۆشینی جامی ژەهرێکی دیکە و تەسلیمبوون لە بەرامبەر ئەمریکادایە، خاڵە بەهێز و لاوازەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دایە بەر لێکۆڵینەوە. وە لە بارودۆخی ئێستادا، یارمەتیدان بە سازماندان و ڕێکخستنی چینی کرێکار، پێکهێنانی ڕێبەریی سەرتاسەری و بەهێزکردنی بەرەی شۆڕشگێڕ و سۆسالیستی بە گرینگترین ئەولەوییەتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و سۆسیالیستەکان پێناسە کرد. کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب دوای پەسندکردنی ڕاپۆرتی سیاسی بەشێوەی گشتی و تەئکید لەسەر تەکمیلکردن و پێداچوونەوە بەلەبەرچاوگرتنی ئەو باسانەی کە لە پلێنۆمدا کران، بڕیاری دا ئەم ڕاپۆرتە بە جیا بڵاو بکاتەوە.

باسێکی دیکەی پلێنۆم تاوتۆێ کردنی ڕاپۆرتە تەشکیلاتییەکان بوو. لەم بەشەدا ڕاپۆرتەکانی کۆمیتەی تەشکیلاتی شارەکان، کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزب، شۆرای تەلەویزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە، کۆمیتەی ئیدارەی سایتەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی حیزب، هەیئەتی نوێنەرایەتیی حیزب لە “شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان”، گۆڤاری جهان امروز، کۆمیتەی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان، کۆمیسیۆنی ماڵی، کۆمیسیۆنی ئامووزش و کۆمیتەی ئیجرایی حیزب پێشکەش کران و درانە بەر ڕەخنە و لێکۆڵینەوە. پلێنۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە درێژەدا ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی چالاکیی حیزبی تەقویەت کرد و دووبارە سازمانی دانەوە.

پلێنۆمی سێهەمی کۆمیتەی ناوەندی، هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٤ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، لە بەشی کۆتایی کاری خۆیدا بە مەبەستی هیدایەتی چالاکیی سیاسی و تەشکیلاتیی حیزب لە ماوەی دوو پلێنۆمدا، لە ناو ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب کە لە لیستی کاندیدەکاندا بوون، یازدە کەس لە هاوڕێیان: هەڵمەت ئەحمەدیان، ڕەئوف پەرستار، نوسرەت تەیمورزادە، شەمسی خورەمی، ناسر زەمانی، حەسەن شەمسی، ئەحمەد عەزیزپور، سەلاح مازوجی، جەلال محەممەد نەژاد، سدیقە محەممەدی و ئەردشیر نەسروڵڵابەیگی وەک ئەندامانی کۆمیتەی ئیجرایی حیزب هەڵبژارد.

کۆمیتەی نئجرایی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی – ئاپریلی ٢٠٢٥ی زایینی