
سێیەمین پلێنۆمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٩، بە بەشداریی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کە وەک چاودێر بۆ ئەم پلێنۆمە بانگهێشت کرابوون، لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە، سێیەم و چوارەمی گەلاوێژی ١٤٠٥ بەرامبەر بە ٢٥ و ٢٦ی جوولای ٢٠٢٦ بەڕێوەچوو. پلێنۆم بە سروودی ئینتەرناسیۆنال، سروودی هاوپشتیی جیهانیی چینی کرێکار و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە یادی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و سەرجەم گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم، دەستی بە کارەکانی کرد.
یەکەمین دەستووری کاری پلێنۆم، خستنەڕووی ڕەشنووسی بەیاننامەی سیاسیی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بۆ پلێنۆم و باس و لێکۆڵینەوە لەسەری بوو. لەو بەیاننامەیەدا کە ڕەشنووسەکەی لە لایەن کۆمیتەی ڕێبەرییەوە ئامادە کرابوو، تیشک خرایە سەر چەقبەستوویی دەوڵەتی ئەمریکا و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە درێژەدان بە شەڕ، هەروەها شکست و داماوییان لە کۆتاییهێنانێکی یەکجاری بە شەڕ و لێکەوتەکانی لەسەر بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران. لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەگەرچی کۆدەنگییەک لە نێو پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا – سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگانەی لە بەردەمیدایە – ڕێڕەوی سازش لەگەڵ ئەمریکای گرتووەتە بەر، بەڵام ئەم ئاراستە ستراتیژییە بە مانای کرانەوەی سیاسی لە بارودۆخی سیاسیی ئێراندا نابێت، و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکی ئێراندا هەروا ستراتیژیی پەرەپێدانی سەرکوت دەباتە پێشەوە. لەم بەیاننامەیەدا وێڕای ئاماژەدان بە بێئیعتیباربوونی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژواییی شەڕخواز، بەتایبەت پاشایەتیخوازە فاشیستەکان و ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق، جەخت لەسەر زەمینە بابەتییەکانی پەرەسەندنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان لە کۆمەڵگادا و پێویستیی بەرزکردنەوەی ئاستی خۆڕێکخستنی ئەم بزووتنەوانە، پێکهێنانی ڕێبەرییەکی سەرتاسەری و ڕۆڵگێڕانی هێزە سۆسیالیست و شۆڕشگێڕەکان لەم بوارەدا کرایەوە. ئەم بەیاننامەیە بە شێوەیەکی هەمەلایەنە تیشک دەخاتە سەر ئەرکەکانی کۆمەڵە و هەڵسوڕاوانی لە کوردستاندا.
لە کوردستان گرینگترین ئەرکی ئێمە، یارمەتیدانە بۆ ئامادەکردنی کرێکاران، زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بە مەبەستی وەڵامدانەوە بە پێداویستییە هەنووکەیییەکانی ئەم قۆناغە و خوڵقاندنی دەرفەت بۆ پێشڕەوی و پووچەڵکردنەوەی ئەو مەترسییانەی کە هەڕەشە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان دەکەن. بەیاننامەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم دەرفەتانە نە بە هیوابەستن بە دەستتێوەردانی زلهێزە ئیمپریالیستییەکان و نە لە ڕێگەی ئەو ئاراستە چەوتەی کە حیزبە ناسیۆنالیستە شەڕخوازەکان خستوویانەتە بەردەم خەڵکی کوردستان، بەڵکوو تەنیا لە ڕێگەی هاندان و پەرەپێدان بە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دژی گرانی، بێکاری، کەمیی ئاو و کارەبا، دژی سەرکوتگەرییەکانی ڕژیم و هێنانەگۆڕی دروشمە گونجاوەکان لەگەڵ پێداویستییە ڕاستەقینەکانی ئەم قۆناغەدا دەخوڵقێنرێن. لەسەر بەستێنی پەرەسەندنی هەر ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییانەیە کە دەرفەت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خۆڕێکخستنی ئەم بزووتنەوانە و پێکەوەگرێدانی تۆڕی هەڵسوڕاوان و ڕێکخەران لە ئاستی شارەکانی کوردستاندا دەڕەخسێت. هەڵسوڕاوانی کۆمەڵە و سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکانی دیکە، تەنیا بە ڕۆڵگێڕان لەم ڕێڕەوەدایە کە دەتوانن ئەرکە قورس و چارەنووسسازەکانی خۆیان لەم قۆناغەدا جێبەجێ بکەن.
پاش باس و لێکۆڵینەوە لەسەر ڕەشنووسی بەیاننامەی سیاسی و خستنەڕووی پێشنیاری تەواوکەر و وردبینانە و پەسەندکردنی خاڵە گشتییەکان، پلێنۆم چووە سەر ڕاپۆرتی تەشکیلاتی. لەم بەشەدا بەرپرسانی ئۆرگانە جۆراجۆرەکانی تەشکیلاتی کۆمەڵە، ڕاپۆرتی کار و تێکۆشانی ئۆرگانەکانی خۆیان لە ماوەی نێوان دوو پلێنۆمدا پێشکەش کرد. دوای باس و لێکۆڵینەوە لەسەر خاڵە لاوازەکان و کەموکوڕییەکان و هێنانەگۆڕی ڕێکارەکان بۆ باشترکردن و بەرزکردنەوەی چەندایەتی و چۆنایەتیی چالاکییەکان، ئۆرگان و کۆمیتە تەشکیلاتییەکان لە شوێنی خۆیاندا مانەوە یان سەرلەنوێ ڕێکخرانەوە. پلێنۆم هەروەها کۆمیتەی ڕێبەریی هەڵبژێردراوی خۆی ئەرکدار کرد تا بە لەبەرچاوگرتنی باسەکانی نێو پلێنۆم، دەقی کۆتاییی بەیاننامە سیاسییەکە ئامادە بکات و بەمزووانە بڵاوی بکاتەوە.
لە بەشی کۆتاییدا، کۆبوونەوەی بەرینی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، بە مەبەستی ئاراستەکردن و ڕێبەریکردنی چالاکییە سیاسی و تەشکیلاتییەکانی کۆمەڵە لەم قۆناغەدا، لە نێو ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەدا، هاوڕێیان: ڕەئووف پەرەستار، ڕەحیم عەزیزپوور، محەممەد کەمالی، ڕەشید شوکرڕەزاقی، حەسەن شەمسی، سەڵاح مازووجی، جەلال محەممەدنژاد، گەوهەر مێعمارزادە و مەرزیە نەزەری وەک ئەندامانی کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە هەڵبژارد و بە هەڵبژاردنی هاوڕێ ڕەحیم عەزیزپوور وەک دەبیری کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.
کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥
٢٧ی جوولای ٢٠٢٦
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە