فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی بەڕێوەچوونی پلێنۆمی ٨ی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە
هەینی ۱۹-۱۱-۱۴۰۳   |  07-02-2025

هەشتەمین پلێنۆمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٨ لە ڕێکەوتی ١٣ و ١٤ی مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی بەرابەر بە ١ و ٢ی فێوریەی ٢٠٢٥ی زایینی بە بەشداریی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وەک چاوەدێر، بەڕێوەچوو. پلێنۆم بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ، سروودی هاوپشتیی جیهانیی چینی کرێکار و دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی گیانبەختکردووانی ڕێزەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و سەرجەم گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم دەستی بە کار کرد. یەکەمین دەستووری جەلەسەی پلێنۆم ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە بە پلێنۆم و پێشکەش کردنی پێشنووسی بەیاننامەیەک بوو کە تێیدا “بارودۆخی سیاسیی ئێران و ئەرکی هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە کوردستان” درابووە بەر باس و لێکۆڵینەوە.

لە ڕاپۆرتی سیاسیدا سەرەتا گەڕانەوەی ترامپ بۆ کۆشکی سپی و دەرکردنی فەرمانی جۆراوجۆر لەوانە هێنانەخواری ئاستی بەڵێنە داراییەکانی ئەمریکا، دژایەتی کردن لەگەڵ پەنابەران و ڕاگەیاندنی شەڕی تەعرەفەکان لەدژی چین، مێکزیک و کانەدا و دەوڵەتانی ئورووپایی و ئیدیعای خاوەنداریەتی بەسەر ناوچەگەلێک لە جیهان ئاماژەی پێکرا، کە نیشانەی ئەوەیە جیهان لەگەڵ بشێوی و مەترسیی زیاتر بەرەوڕوو دەکاتەوە. زۆرێک لە فەرمانەکانی ترامپ کە ڕەنگدانەوەی بنبەستی بەجیهانی کردنەوە بەپێی مۆدێلی نێئۆلیبڕالییە، لەو خەیاڵەوە سەرچاوە دەگرێت کە گۆیا شەڕی تەعرەفەکان دەتوانێ لە لاوازبوونی پێگەی ئەمریکا وەک یەکەمین دەسەڵاتی ئابووری ڕێگری بکات و هێژمۆنیی ئەمریکا بەهێز بکاتەوە.

لە ڕاپۆرتی سیاسیدا سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەکورتی ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد و بەدەسەڵات گەیشتنی ڕەوتی کۆنەپەرستی تەحریری شام بەپێی سێناریۆی دەوڵەتی تورکیە و ئەمریکا و بە هاوکاریی ئیسرائیل ئاماژەی پێکرا. ئەم گۆڕینی دەسەڵاتە کە لەسەر سەری خەڵکی سووریەوە ئەنجام درا، ئەگەرچی خەڵکی سووریەی لە ڕژیمی دیکتاتۆری بەشار ئەسەد و حزوور و کردەوەی جەنایەتکارانەی کۆماری ئیسلامی نەجات داوە، بەڵام لە نەبوونی بەدیلێکی چەپ و ڕادیکاڵ و بەهۆی ئامادەنەبوونی چینی کرێکار و هێزی پێشڕەو و شۆڕشگێڕ، خەڵکی سووریە لە چاڵێکەوە دەخاتەوە چاڵێکی تر. ئەم ئاڵوگۆڕانە بەلەبەرچاوگرتنی پەیوەندی دێرینەی ئەردۆغان لەگەڵ ڕەوتی کۆنەپەرستی تەحریری شام، دەستی حکوومەتی فاشیستی تورکیەی لە هێرش و لەشکرکێشی بۆسەر خەڵکی کوردستانی سووریە و ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوا ئاواڵەتر کردووە.

باسی سەرەکیی پلێنۆم بە پێشنووسی بەیاننامەی پەیوەندیدار بە بارودۆخی سیاسی و پێگەی یەکجار قەیراناویی کۆماری ئسیلامی و ئەرک و ئەولەوییەتەکانی هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە کوردستان تەرخان کرا. لەم باسەدا وێڕای ئاماژە بە ستراتێژی شەڕی پێشگیرانەی کۆماری ئیسلامی وەک یەکێک لە پایەکانی ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەی، قەیرانی هەمەلایەنە کە بەرۆکی ڕژیمی گرتووە و ئیفلاسی ئابووری و بێتوانایی ڕژیم لە وڵامدانەوە بە داخوازییەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، ئاسۆی سەرهەڵدان و گەشەکردنی خەباتی کرێکاری و جەماوەری وەک گونجاوترین ڕەوتی پێشڕەویی خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی تەئکیدی لەسەر کرا.

لەم بارودۆخەدا، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە خۆی لەگەڵ گەشەی بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بەرەوڕوو دەبینێت، بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی زیاتر لە هەموو کاتێک پشتی بە ستراتێژی سەرکوت بەستووە و بۆ پێکهێنانی ترس و تۆقاندن لەسەر ئاستی کۆمەڵگا، ڕووی کردووەتە پەرەپێدانی شەپۆلی ئێعدام و ڕەشبگیریی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان. لە لایەکی دیکەوە هەموو نیشانەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە ناوەندی ڕێبەریی سپای پاسداران لەپێناوی مانەوەی حکوومەتدا نەتەنیا لە بواری ئەتۆمی بەڵکوو لە بوارەکانی دیکەشدا ڕووی کردووەتە سازش و تەسلیمبوون لە بەرامبەر ئەمریکادا. هەروەها لە بەیاننامەکەی پلێنۆمدا ئاماژە درا بە ڕۆڵی تێکدەری بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی ئێران کە چاوی هیوایان لە فشاری زۆرینەی ترامپ و لە دەستتێوەرەدانی دەسەڵاتی دەرەکی بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بڕیوە.

لە باسەکانی پلێنۆم سەبارەت بە بەیاننامەکە، بە سەرەەنجدان بە بارودۆخی هەستیاری سیاسیی ئێران و ڕەوتی لاوازبوونی کۆماری ئیسلامی، تیشک خرایە سەر ئەولەوییەت و ئەرکەکانی هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە کوردستان و شیکردنەوەی ئەم ئەرکانە. دوای پێشکەش کردنی ڕاپۆرتی سیاسی، هاوڕێیانی بەشداربووی پلێنۆم تێبینی و ڕاوبۆچوونی خۆیان بۆ تەکمیلکردنی بەیاننامەکە ڕاگەیاند و بە کۆی دەنگ کولییاتەکەیان پەسندکرد. هەروەها کۆمیتەی ڕێبەریی هەڵبژێردراوی پلێنۆم ئەرکدار کرا کە دوای گونجاندنی تێبینییەکان دەقی کۆتایی ئامادە و بڵاو بکاتەوە.

دەستووری جەلەسەی دواتری پلێنۆم ڕاپۆرتی تەشکیلاتیی ئۆرگانەکانی کۆمەڵە بوو کە لەلایەن بەرپرسانی ئۆرگانەکانەوە بەنووسراوە و شەفاهی پێشکەش کرا. هاوڕێیانی بەشداربوو لەم بوارەدا کەموکوڕییەکانیان دایە بەر ڕەخنە و پێشنیارەکانی خۆیان بۆ باشتر کردنی چالاکییەکان پێشکەش کرد. هەڵسەنگاندنی مانگرتنی ٣ی ڕێبەندان لە کوردستاان لەدژی پەرەسەندنی حوکمەکانی ئێعدام دەستووری جەلەسەیەکی تری پلێنۆم بوو کە قسە و باسی لەسەر کرا و لەسەر دروست بوونی سیاسەتی کۆمەڵە لەمبارەوە تەئکید کرا.

دەستووری جەلەسەیەکی دیکەی پلێنۆمی هەشتی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە ئارایش و تەقسیمی کاری هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندی لە ئۆرگانە تەشکیلاتییەکاندا بوو. پلێنۆم بەئامانجی هیدایەتی چالاکیی سیاسی و ڕێکخراوەیی کۆمەڵە لەماوەی دوو پلێنۆمدا، لەناو هاوڕێیانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هاوڕێیان “ڕەئووف پەرستار، ئێران مرەوەتی، مەحموود قارەمانی، حەسەن شەمسی، سەلاح مازووجی، خوسرەو بۆکانی، ئیسماعیل کاکەڕەش، ئارام کاکەڕەش و موختار دێهدار”ی وەک کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە هەڵبژارد و دواجار بە هەڵبژاردنی هاوڕێ حەسەن شەمسی وەک دەبیری کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە کۆتایی بە کاری خۆی هێنا.

کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی

٤ی فێوریەی ٢٠٢٥ی زایینی