
پلێنۆمی پێنجەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، هەڵبژێردراوی کۆنگرەی چواردەیەم، ڕۆژی شەممە ٩ی جۆزەردانی ١٤٠٥ بەرامبەر بە ٣٠ی مەی ٢٠٢٦ بە بەشداریی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەڕێوە چوو. لەم پلێنۆمەدا، ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و کۆمیتەی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وەک چاودێر بەشدار بوون. پلێنۆم بە سروودی “ئینتەرناسیۆنال”؛ سروودی هاوپشتیی جیهانیی چینی کرێکار و یەک خولەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم دەستی بە کارەکانی کرد و پاشان پێی نایە نێو دەستووری کاری پلێنۆم کە بریتی بوون لە: ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ئیجرایی بۆ پلێنۆم، ڕاپۆرتی تەشکیلاتیی کۆمیتەکان و ئۆرگانە تەشکیلاتییەکان، پێداچوونەوەی بڕیارە پێشنیارکراوەکان، و داڕشتنەوە و دابەشکردنی کار لەنێو کۆمیتەی ناوەندیی حیزبدا.
لە تەوەری پەیوەندیدار بە ڕاپۆرتی سیاسی، ڕەشنووسی بەیاننامەی سیاسی کە لەلایەن کۆمیتەی ئیجرایی حیزبەوە ئامادە کرابوو و خرابووە بەردەستی هاوڕێیانی بەشدار لە پلێنۆم، خرایە بەر باس و لێکۆڵینەوە و سەرەنجام خاڵە گشتییەکانی لەلایەن پلێنۆمەوە پەسەند کرا. بڕیار درا کۆمیتەی ئیجراییی هەڵبژێردراوی پلێنۆم لەسەر بنەمای تێبینییە ڕەخنەیی، تەواوکەری و وردبینانەکانی نێو ئەو باسە، دەقی کۆتایی بەیاننامەکە بۆ بڵاوکردنەوە ئامادە بکات.
ئەم بەیاننامەیە وێڕای شیکردنەوەی دەرئەنجامەکانی شەڕی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەی دەوڵەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و شوێنەوارەکانی لەسەر کار، ژیان، گوزەران و خەباتی چینی کرێکار و زۆرینەی خەڵکی ئێران، لاوازی و بەربەستەکانی بەردەم ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان لەم شەڕەدا، قووڵبوونەوەی قەیرانەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و بەردەوامبوونی ململانێ و کێشمەکێشی باندە حکوومەتییەکان لەسەر بەستێنی ئەم قەیرانانە، تیشک دەخاتە سەر ئاسۆی بارودۆخی سیاسیی ئێران و هەلومەرجی خەباتی چینایەتی، ئاراستە و ئەرکەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەم قۆناغەدا و گرنگیی یەکگرتوویی هەڵسووڕاوانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە دەوری ستراتیژییەکی سۆسیالیستی.
کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی لە بەشی ڕاپۆرتە تەشکیلاتییەکاندا، گوێبیستی ڕاپۆرتی کاری ئەم ئۆرگانانە بوو: کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، کۆمیتەی تەشکیلاتی شارەکان، کۆمیتەی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات، شۆرای تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە، بڵاوکراوەی “جهان امروز”، دەستەی نوێنەرایەتیی حیزب لە “شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان”، کۆمیتەی بەڕێوەبردنی ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی حیزب، کۆمیتەی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان، کۆمیسیۆنی دارایی و کۆمیتەی ئیجراییی حیزب. پاشان پلێنۆم سەرجەم ڕاپۆرتەکانی خستە بەر باس و هەڵسەنگاندنەوە و لە درێژەشدا ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی تێکۆشانی حیزبی پتەوتر کرد و سەرلەنوێ ڕێکیخستنەوە.
لە تەوەری پێداچوونەوە و تاوتوێکردنی بڕیارە پێشنیارکراوەکاندا، بڕیارێک لەلایەن پلێنۆمەوە پەسەند کرا کە بەپێی ئەو بڕیارە، کۆمیتەی ناوەندیی حیزب وەک بەشێک لە کاری ئامادەکاریی سیاسی بۆ کۆنگرەی پازدەیەم، باسی بەڕۆژکردنەوەی بەڵگەنامەکانی بەرنامەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ستراتیژیی حیزب دەخاتە نێو دەستووری کاری خۆی و بەشە جۆراوجۆرەکانی تەشکیلاتی حیزبەوە.
پلێنۆم لە بڕگەی کۆتایی کارەکانیدا، بە مەبەستی ڕێبەری و ئاراستەکردنی چالاکییە سیاسی و تەشکیلاتییەکانی حیزب لە ماوەی نێوان دوو پلێنۆمدا، لە نێو ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب، ٩ کەس لە هاوڕێیانی بە ناوەکانی: هەڵمەت ئەحمەدیان، ڕەئووف پەرەستار، نوسرەت تەیموورزادە، شەمسی خوڕەمی، ئارام فەرەجوڵڵاهی، حەسەن شەمسی، ئەحمەد عەزیزپوور، جەلال محەممەدنژاد و سەلاح مازووجی وەک ئەندامانی کۆمیتەی ئیجراییی حیزب هەڵبژارد.
کۆمیتەی ئیجراییی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٥
٢ی ژوئەنی ٢٠٢٦