پلێنۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٨ ڕۆژی شەممە ٢٣ی مانگی گوڵانی ١٤٠٢ بەرابەر لەگەڵ ١٣ی مانگی مەی ٢٠٢٣ بە بەشداریی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران (وەک چاوەدێر) بەڕێوەچوو. پلێنۆم بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ سروودی هاوپشتیی جیهانیی چینی کرێکار و دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە یاد و بیرەوەریی گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم دەستی بە کار کرد. لەم پلێنۆمەدا بەتایبەت ڕێز گیرا لە یادی هاوڕێی خۆشەویست عیسا جەمشیدی یەکێک لە کادرە بەرجەستەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و هاوڕێی تێکۆشەر و زەحمەتکێش نستوه عبدل بانوج کە لە ماوەی دوو پلێنۆمدا گیانیان بەختکرد. هەروەها یادی هەموو گیانبەختکردووانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەریی هەشت مانگی ڕابردوو بەرز ڕاگیرا.
دەستووری جەلەساتی پلێنۆمی چوارەم بریتی بوون لە: ڕاپۆرتی سیاسی کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە بە پلێنۆم، ڕاپۆرتی تەشکیلاتی و چالاکیی کۆمیتە و ئۆرگانە تەشکیلاتییەکان، پێڕاگەیشتن بە قەرار و بڕیارنامەکان و ئارایش و سازماندانی ناوخۆیی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە.
لە ڕاپۆرتی کۆمیتەی ڕێبەری بە پلێنۆم و باسە پێوەندیدارەکاندا لەسەر ئەم واقعییەتە تەئکید کرا کە لە کوردستان لە جەرگەی قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و پەرەسەندنی بەرینی تەوەرۆم و گرانی و چوونەسەری ڕێژەی بێکاری و هەژاری و سەرەڕای توندتربوونەوەی فەزای ئەمنیەتی و دەستگیریی چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئەم کۆمەڵگایە هەروا بەردەوام لە جۆش و خرۆشی خەباتکارانەدایە. ئەگەر بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر لەژێر کاریگەری ئەوزاعی گشتی لە سەرانسەری ئێران و لە ئاکامی سەرکوتی خوێناوی و کوشتاری بێ ئەمان لە ناڕەزایەتیی هەموو ڕۆژێ و تێکهەڵچوونی شەقام لە دوو سێ مانگی ئەوەڵ فاسلەی گرتووە، بەڵام هیچ نیشانەیەکیش لە چاوترسێن بوونی خەڵکی کوردستان بوونی نییە. ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا کە لە شارە جۆراوجۆرەکان لەئاستی جەماوەریدا بەڕێوەچوو، بوو بە بوارێک بۆ دەربڕینی تووڕەی و بێزاریی خەڵک لە درێژەی دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی و بوون بە دەرفەتێک بۆ پەیمان تازە کردنەوەی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لەپێناو درێژەی خەبات دژبەم دەسەڵاتە جەنایەتکارە. هێرشی کیمیایی بۆسەر مەدرەسەکانی کچان لە شارەکانی کوردستانیش بەرەوووڕی شەپۆلێک لە تووڕەیی و ئیعتڕازی خەڵک بووەوە. مامۆستایان لە کوردستانیش هاوشان لەگەڵ مامۆستایانی سەرانسەری ئێران و لە وڵام بە بانگەوازی سەرانسەری بۆ بەدواداچوونی خواستەکانیان هاتوونەتە شەقام و هێرشی کیمیاییان بۆسەر مەدرەسەکان مەحکووم کردووە. پەرستاران پەیگیرکردنی خواستەکانیان لەگەڵ ناڕەزایەتیی دژبە وەزعی مەوجود ئاوێتە کردووە. تۆڕی پەیوەنددراوی لاوان لە گەڕەکی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان درێژە بە چالاکیی خۆی دەدات. بۆنەکانی ڕۆژی جیهانیی ژن، چوارشەممەسووری، نەورۆز و ئەوڵی مانگی مەی، بوارەکانی دیکەی ئیعتڕاز بوون دژبە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لەم قۆناغەدا. ئەگەری هەڵچوونی تۆڕەیی جەماوەر و بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتیی جەماوەری لەم بارودۆخەدا بەردەوام لەئارادایە. بەردەوامبوون و گەشەی ئەم بزووتنەوەیە لەم واقعیەتەوە سەرچاوە دەگرێت کە کۆماری ئیسلامی هەروا لەگەڵ قەیرانی قووڵ و هەمەلایەنە بەرەوڕوویە و توانای باشترکردنی ئەوزاعی فەلاکەتباری ژیانی خەڵکی نییە و تەنها لەڕێگەی سەرکوت و ئێعدامەوە بەنیازە ناڕەزایەتیی کرێکاران و جەماوەری خەڵک خامۆش بکات و درێژە بە دەسەڵاتی بدات. ئەم بارودۆخە نیشانی دەدات کە هاوسەنگیی هێز بەقازانجی بەرەی شۆڕش و خەباتی جەماوەری خەڵک و بە زیانی کۆماری ئیسلامی گۆڕاوە. قووڵبوونەوەی بۆشایی لەناو ڕێزی مەقاماتی باڵای کۆماری ئیسلامی و نافەرمانی و جێهێشتنی ڕێزەکانی سپا و بەسیج بەرهەمی وەها گۆڕانێکە. ئەم بارودۆخە بەستێنێکی گونجاوی بۆ هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە و باقیی کەس و جەریاناتی چەپ و کۆمۆنیست فەراهەم کردووە تا هەوڵی خۆیان هەرچی زیاتر لەپێناو کۆمەک بە پێکهێنانی ڕێکخراوی جەماوەری و چینایەتیی کرێکاران، ڕێکخراوی جەماوەری ژنان، خوێندکاران و باقیی ناوەندە جەماوەرییەکان پەرە پێبدەن. ڕێگە نەدەن ڕەوتە ڕاست و ناسیۆنالیستەکان فرسەتی ئەوە پەیدا بکەن کە خەباتی جەماوەری خەڵک بۆ خزمەت بە ئامانج و سیاسەتەکانیان بەلاڕێدا بەرن.
ڕاپۆرتەکە لە بواری چالاکیی ژنان و پیاوانی خەباتکار دژبە سیاسەتی کۆنەپەرستانە و دژەژنی کۆماری ئیسلامی و لەپێناو دیفاع لە ماف و دەستکەوتەکانیان، تەئکیدی کرد کە ژنانی تێکۆشەری کوردستان ئەم سیاسەتانەیان بردووەتە ژێر پرسیارەوە و لە هاوپشتی لەگەڵ ژنانی ئازادیخوازی سەرانسەری ئێران تەهاجومی ڕژیم بۆ داسەپاندنی حیجابی ئیجبارییان بەرەڕووی شکست کردووەتەوە. سەرکوتی وەحشیانە و زەبروزەنگی ڕژیم نەیتوانیوە پاشەکشەیان پێ بکات و حازرن بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانیان و بۆ پێشڕەوی زیاتر هەنگاو هەڵگرن و هەزینەی بۆ بدەن. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە بەرامبەر هێرشی ژنانی خەباتکاردا داماو و زەبوونە، بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی پۆڵایینیان، لەماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا لە کوردستان و لەئاستی سەراسەریدا دەستی داوەتە کردەوەی جەنایەتکارانەی مەسموومکردنی خوێندکارانی مەدرەسەکان. خەڵکی تێکۆشەری کوردستان بەرامبەر بەم کردەوە دژەئینسانیەی ڕژیم گەلێک جار ئیعتڕازیان کردووە. خەڵکی خەباتکاری سەقز لە ئیعتڕاز دژبەم جەنایەتە بە مانگرتنی گشتی و نەناردنی منداڵەکانیان بۆ مەدرەسە، وڵامی ڕژیمیان داوەتەوە. کردەوەی جەنایەتکارانەی هێرشی کیمیایی ڕژیم بۆسەر مەدرەسەکان نەتەنیا ژنانی وادار بە پاشەکشە نەکردووە بەڵکوو تووڕەیی و نەفرەتی خەڵکی کوردستانی لە کۆماری ئیسلامی زیاتر کردووە. لەم پێوەندەدا پلێنۆم تەئکیدی کردەوە کە پێویستە خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان بە هاوپشتی لەگەڵ دایک و باوکی خوێندکاران، بە پەرەپێدانی ئیعتڕازاتی خۆیان دژبەم جەنایەتانە ڕێگە نەدەن مۆرەکانی ڕژیمی کۆنەپەرست دەست بدەنە کردەوەی دژەئینسانیی مەسموومکردنی خوێندکاران و لەم ڕێگەوە کۆمەڵگا بەرەودواوە بگەڕێننەوە.
ڕاپۆرتی سیاسیی پلێنۆم لە بەشێکی دیکەدا درێژەی کۆڵبەری و کوشتاری کۆڵبەرانی لەلایەن ڕژیمەوە دایە بەر باس و لەمبارەوە تەئکیدی کرد کە پەرەسەندنی هەژاری و ڕێژەی بەرینی بێکاری لە کوردستان دیاردەی مەترسیداری کۆڵبەریی بەسەر زیاتر لە سەد هەزار کەس لە خەڵکی زەحمەتکێش و ستەمدیدەی کوردستاندا سەپاندووە. بەداخەوە ساڵانە زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە کۆڵبەران بە تەقەی هێزەکانی ڕژیم و یان بەهۆی ڕووداوە سرووشتییەکان و ڕووداوەکانی مەسیری ڕێگا گیانیان لەدەست دەدەن و بریندار دەبن. کۆماری ئیسلامی ڕێگایەکی تری بۆ دابینکردنی بژێو بۆ ئەم ئینسانە شەریف و زەحمەتکێشانە و بنەماڵەکانیان نەهێشتووەتەوە. کۆڵبەران لەڕاستیدا هێزی کاری ئەجیرکراوی سەرمایەداران و دەڵاڵانی بەشی خسووسی و دەوڵەتین و کۆڵبەری بەرهەمی نیزامی سەرمایەداری و یەکێکە دیاردەکانی سیاسەتی شوڤێنسیتی کۆماری ئسیلامی دژبە خەڵکی کوردستان. خەڵکی تێکۆشەر و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە کوردستان پێویستە بە ناڕەزایەتیی یەکگرتووانەی خۆیان بەر بە هێرشی ڕژیم بۆسەر گیان و ماڵی ئەم ئینسانە زەحمەتکێشانە بگرن.
بەشێکی تری ڕاپۆرتی سیاسی پلێنۆم تایبەت بوو بە ئەحزاب و ڕەوتە سیاسییەکان لە کوردستان. لەم بەشەدا ئاماژە بەوە کرا کە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا و لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی گشتی لە ئێران، ئاراستە سیاسییەکان و ڕەوتە ڕاست و چەپەکانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات هەر کام لەپێناو ئامانجی خۆیان بۆ پێکهێنانی وەحدەت و هاوپەیمانی و هاوکاری لەگەڵ یەکتر هەوڵیان داوە. پێکهێنانی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان بەشێک لە هەوڵی ئێمە هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بوو لەپێناو ئامانجی هاوبەشمان. لەم ماوەیەدا جەریانی زەحمەتکێشان بە کەڵک وەرگرتنی ناڕەوا لە ناوی “کۆمەڵە” لە هاوپەیمانی لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی و ڕەوتی سەڵتەنەتخواز و مەشرووتەخواز و شۆرای مودیریەتی گوزار، بۆ بەلاڕێدابردن و تێکشکاندنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا لە هیچ هەوڵێک دەریغیان نەکرد. ئەم هەوڵانە بە ئاگاهی و وشیاریی خەڵکی کوردستان و خەڵکی سەرانسەری ئێران بەرەوڕووی شکست بوونەوە. هەڵبەت هاوکات هێندێک لە هێز و مەحافلی ناسیۆنالیستیی کورد لە هەوڵی ئەوەدان کە خەباتی خەڵکی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری جیا بکەنەوە کە هەتا ئێستا ئەم هەوڵانە هیچ ئاکامێکیان نەبووە. هەموو ئەم تەلاشانە و تەقابولی مەنشوورەکان دوای بڵاوبوونەوەی مەنشووری بیست ڕێکخراو و ناوەندی کرێکاری و مەدەنی لە ناوەوە، ناچار بە پاشەکشە بوون و بێدەنگییان لێکراوە. ئەم ڕووداوانە بۆ جارێکی تر نیشانی دا کە وەحدەت و هاوپەیمانی لە نێوان ئەحزاب و جەریاناتی ناسیۆنالیست لەگەڵ بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی ئێران نەک لەپێناو نەمانی ستەمی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان بەڵکوو ئەساسەن لە خزمەت بەشداربوون لە دەسەڵاتی سیاسیدایە لە قۆناغی دوای کۆماری ئیسلامی. پێویستە هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە بە کاری وشیاریدەرانە هەوڵ بەدەن کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشی کوردستان زیاتر لە ڕابردوو لەگەڵ ماهیەتی ستراتێژی ئەحزاب و هێزە ناسیۆنالیستەکان ئاگادار بکەنەوە. لە وەها بارودۆخێکدا بەهێزکردنی “شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان” وەک هەوڵێکی ڕێکخراو لەپێناو بەرەوپێشچوونی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و بۆ بەهێزکردنی وتاری دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان یەکجار گرینگە.
لە کۆتایی ئەم بەشە لە ڕاپۆرتەکەدا بۆ جارێکی دیکە لەپێوەند لەگەڵ ستەمی نەتەوەیی لە کوردستان و ڕێگاچارەی کۆمەڵە بۆ نەمانی ئەم ستەمە، واتە بەڕەسمی ناسینی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستان و پێکهێنانی بارودۆخێک کە خەڵکی کوردستان بتوانن ئازادانە لەم مافەی خۆیان کەڵک وەرگرن، وەک ڕێگاچارەیەکی واقعبینانە تەئکیدی لەسەر کرا.
لە بەشی دەستووری جەلەسەی ڕاپۆرتە تەشکیلاتییەکان، ڕاپۆرتی کاری ئۆرگانە تەشکیلاتییەکان کە برتین لە: تەشکیلاتی شارەکان “تکش”، سایتی کۆمەڵە، گۆفاری پێشڕەو، نوێنەرایەتیی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات، پڕۆژەی هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان ئاراستەی پلێنۆم کران و کەموکۆڕییەکان ئاماژەیان پێکرا و ڕەخنە و تێبینی بۆ پێشخستنی چالاکییەکان پێشکەش کرا. دوایین دەستووری جەلەسەی پلینۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە ئارایش و سازماندانی ئۆرگانە تەشکیلاتییەکان بوو. لەم بەشەدا سەرەتا کولییاتی ئارایش و پاشان سازماندانی هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندی ئەنجام درا و ئۆرگانە تەشکیلاتییەکان تەقوییەت کران و یان وەک خۆیان مانەوە. لە کۆتاییدا هاوڕێ حەسەن شەمسی وەک دەبیری کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە هەڵبژێردرا.
کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٢٧ی گوڵانی ١٤٠٢
١٧ی مەی ٢٠٢٣