فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران؛ وڵامی بەتەوژمی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بە قەتڵی دەوڵەتیی مەهسا ئەمینی
شەممە ۰۲-۰۷-۱۴۰۱   |  24-09-2022

لە بەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٦ی مانگی خەرمانانەوە کە جەستەی بێ گیانی مەهسا لە کەشوهەوای توندی  ئەمنییەتیدا و بە بەشداریی هەزاران کەس لە خەڵک بە درووشمی مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر بەدرەقە کرا و لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز بەخاک سپێردرا، شەپۆلێکی بەرین لە نەفرەت و تووڕەیی و ناڕەزایەتی دژبە ڕێژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی، سەرانسەری ئێرانی داگرتووە. لەم ڕێوڕەسمەدا ژنانی ئازادیخواز، حیجابی ئیسلامی واتە هێمای سووکایەتی و کۆیلەتی و بێ مافیی ژنیان فڕێ دا و دژبە سیاسەتی دژی ژنی ڕێژمی ئیسلامی درووشمیان وتەوە. خەڵکی خەباتکار ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی مەهسایان کردە مەیدانی دەربڕینی هاوپشتی لەگەڵ بنەماڵەکەی و مەیدانی ناڕەزایەتی دژبەم تاوانەی کۆماری ئیسلامی. بەدوای ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینای لاو، خەڵکی خەباتکاری سەقز لەبەرامبەر فەرمانداری دەستیان دایە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دژبە حکوومەتی ئیسلامی. ئەم خۆپیشاندانە بەهۆی هێرشی هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم و هاویشتنی گازی فرمێسکڕێژ و تەقەی گولـلە، شەڕ و تێکهەڵچوونی لەسەر شەقامەکان لێکەوتەوە. لە جەرەیانی ئەم تێکهەڵچوونانەدا ١٣ کەس لە ناڕازیان برینداربوون. کاتژمێر ٦ی دوای نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ خەڵکی ئازادیخوازی شاری سنە بە نیشانەی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی سەقز و دژبە قەتڵی مەهسا ڕژانە سەر شەقامەکان. ئەم ڕێپێوانە ناڕەزایەتییە، سەرەڕای هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم چەندین کاتژمێر درێژەی بوو. ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەرمانانیش خەڵکی شاری سنە بە پێشەنگایەتیی ژنان، ڕێکخراوتر و بە درووشمی پێشتر ئامادەکراوەوە، دووبارە هاتنەوە سەر شەقام و بە دەنگی ڕەسا و مشتی گرێ دراوەوە، جەستەی بەکرێگیراوانی ڕێژمیان خستە لەرزە. مەهسایان کوشت بۆ ئەوەی کۆمەڵگە چاوترسێن بکەن، بەڵام ئەوە ڕاپەڕینی شەقام بوو کە ترس و خۆفی خستە ناو  دڵی دەسەڵاتدارانی حکوومەتی جەهل و سەمایەوە. ئەمجارەیان خەڵکی شاری مەهابادیش بەم ئاخێزە پەیوەست بوون و بە دەنگی ڕەساوە، قەتڵی مەهسا و تاوانکارانی ڕێژیمی ئیسلامییان ئیدانە کرد.

ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانان زۆربەی شارەکانی کوردستان دەستیان دایە مانگرتن. فرۆشگاکان، دووکانەکان، ئیدارات و ناوەندەکانی کار داخران و یان بە حاڵەتی نیوە داخراو دەرهاتن. بەڵام ئەمجارەیان کەشوهەوای مانگرتنی گشتی لەگەڵ کەشوهەوای سێ مانگرتنی پێشووی شارەکانی کوردستان جیاواز بوو. شەقامی شارەکان چاوەڕوان بوون، چاوەڕوانی هەنگاوی قورسی لاوانێک بوون کە مشتیان بکوتنە ئاسمان و بە دەنگی ڕەساوە ڕایگەیەنن کە ئیتر بەسە، لەوە زیاتر قەتڵی ژیناکان و ستەم تەحەمول ناکەین. دەیواندەرەی قارەمان هەر لە سەرەتای مانگرتنەکەوە ناڕەزایەتیی سەرشەقامی لەگەڵ داخستنی بازاڕ و شوێنی کار ئاوێتە کرد و ئەزموونی مانگرتنی گشتیی لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا پێگەیشتووتر کرد. بەڵام ئەوە تەنیا شەقامە چاوەڕوانەکان و دیواندەرەی خرۆشاو نەبوون کە لاوان و ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی کوردستانیان بانگەشەی سەر شەقامەکان دەکرد، لەم ڕۆژەدا ژمارەیەکی زۆر لە زانکۆکانی ئێران، شەپۆلی تووڕەیی و ناڕەزایەتی دایگرتن. خوێندکارانی زانکۆکانی پۆلی تێکنیک، عەلامەی تەباتەبایی، هونەر، تەربیەتی مودەرێس، بێهێشتی و زانکۆی میللی لە ناڕەزایەتی دژبە قەتڵی مەهسا و جەنایەتی حکوومەتی ئیسلامی، بە درووشمی “لە کوردستانەوە هەتا تاران، ستەم دەکرێ لە ژنان”، “بێگاری، بێکاری، حیجابی ژن ئیجباری”، “لە کوردستانەوە هەتا تاران، خوێناوییە گشت ئێران”، “مەرگ بۆ چەوسێنەر، چ شا بێت و چ ڕێبەر”، “ئەوە دوا پەیامە، ئامانج گشت نیزامە”، “تەنیا ڕێگای ڕەهایی، ئیدارەی شۆرایی”، “ڕاپەڕن چەوساوەکان، بڕووخێنن کۆشکی زاڵمان”، “نا بۆ ئاپارتایدی جنسیەتی”، ژن ژیان ئازادی”، “ئێمە هەموومان مەهساین، ئاگرین، برووسکەئاساین”، “مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر” و چەند درووشمێکی تر، زانکۆ و جەستەی هێزە سەرکوتگەرەکانی حەراسەتیان خستە لەرزە. زانکۆش بەم هاوارە ڕەزمەندەیەی، کوردستانی مانگرتووی بانگەشەی شەقامەکان دەکرد. هاوکات تاران، ئیلام و چەندین شاری دیکە بە شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان پەیوەست بوون. لە ئیلام ژنان و پیاوانی ئازادیخواز دەستیان دایە ڕێپێوان و دژبە قەتڵی مەهسا و سیاسەتی دژی ژنی ڕێژیم درووشمیان وتەوە. لە تاران هەزاران کەس لە بڵواری کەشاوەرز و شەقامەکانی دەورووبەر دەستیان دایە ناڕەزایەتی و بەهۆی هێرشی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان، لەگەڵیان تووشی تێکهەڵچوون هاتن. لە وەلیعەسر ژنانی ناڕازی و پێشڕەو ڕووسەرییەکانیان بەنیشانەی دژایەتی بەرامبەربە کۆیلەتی فڕێ دا. لە ڕەشت ناڕازیان بە درووشمی “نان، کار، ئازادی، پۆششی ئیختیاری” هاتنە مەیدان.

لەژێر کاریگەریی ئەم کەشوهەوا پڕ لە ناڕەزایەتییەدا، لە زۆرێک لە شارەکانی کوردستان بە ئامادەیی پێشووەوە، لاوان و ژنان و پیاوانی ئازادیخواز دوای نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، بێدەنگیی مانەوە لەناو ماڵیان تێکشکاند و هاتنە سەر شەقامەکان و بۆ ئیدانەکردنی کوشتنی مەهسا و ئەم تاوانەی کۆماری ئیسلامی دەستیان دایە ناڕەزایەتی. هاوشێوەی دیواندەرە کە لەسەرەتای مانگرتنەکەوە ناڕەزایەتی دەستی پێکرد و جەماوەری ناڕازی لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس تووشی تێکهەڵچوون هاتن، شەقامی شارەکانی دێگولان، سنە، مەهاباد، بانە، سەردەشت، شنۆ، مەریوان، سەقز، بۆکان، پاوە، بیجار، کامیاران و شارەکانی تر بوون بە گۆڕەپانی ناڕەزایەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران لەگەڵ سەرکوتگەرانی ڕێژیمی ئیسلامی. خەڵکی کوردستان لە ئەزموونێکی کردەوەییدا، تاکتیکی مانگرتنی گشتییان لەگەڵ ناڕەزایەتیی سەرشەقام ئاوێتە کرد و بەمجۆرە پێگەیشتووتریان کرد. لەو جێگەوە کە ڕێژیمی ترس لێنیشتوو، کۆڵان و شەقامەکانی شاری بە هێزی پۆلس و ئەمنییەتی و گاردی ویژە تەنیبووەوە، ناڕەزایەتییەکان بەهۆی هێرشی هێزەکانی دوژمن هەر لە سەرەتاوە شەڕ و تێکهەڵچوونی لێکەوتەوە. هاوپشتیی جەماوەری خەڵک، کە لە هەموو گەڕەکان دەرگایان بەڕووی لاواندا کردبووەوە و بریندارەکانیان موداوا دەکرد، وبیرهێنەرەوەی دیمەنەکانی ڕاپەڕین بوو. لە جەرەیانی ئەم ناڕەزایەتی و تێکهەڵچوونانەدا، چوار کەس لە ناڕازیان گیانیان بەختکرد و زیاتر لە حەفتا کەس بریندار بوون و دەیان کەسیش دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کران. دەوڵەتی ڕەئیسیی ترس لێنیشتوو، ناڕەزایەتییەکانی ئاژاوە ناوبرد و ڕایگەیاند کە “گرووپە تیرۆریستەکان چوونە قۆناغی ئۆپراسیۆنەوە”. بەڵام سەرەڕای ئەم هەڵیت و پڵیتانە، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی مانگی خەرمانان، زانکۆی عیلم و سەنعەتی تاران و زانکۆی تەورێز و یەزد و شارەکانی تاران، مەشهەد، تەورێز، هەمەدان، ئیلام، کرماشان، مەریوان، مەشهەد، ساری، بیرجەند، سنە، بەندەرعەباس و چەند شاری تر بوون بە مەیدانی ناڕەزایەتیی خوێندکاران و ژنان و پیاوانی تووڕە و ناڕازی دژبە قەتڵی مەهسا و دەسەڵاتی ئیسلامی. لە ساری ژنان ڕووسەرییەکانیان ئاگر تێبەردا و ڕایانگەیاند کە ئەمە هێمای ئاگرتێبەردانی کۆماری ئیسلامییە.

بەمجۆرە خەڵکی ئازادیخواز و خەباتکاری کوردستان بە ناڕەزایەتیی شکۆدار، بە مانگرتنی گشتیی تێکەڵ بە ناڕەزایەتیی شەقام، بزووتنەوەی پێشڕەوی خوێندکاران و خەڵکی خەباتکاری باقیی شارەکانی ئێرانیش، بە ئاخێزی پڕگوڕوتینیان وڵامێکی توند و بەتەوژمیان بە ڕێژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی دایەوە. قەتڵی دەوڵەتیی مەهسا چەخماخەیەک بوو کە ئاگری تووڕەیی و ناڕەزایەتیی پنگخواردووی خەڵکی کوردستان و باقیی شارەکانی ئێرانی دژبە گشت دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هەڵگیرساند و بۆ جارێکی دیکە خەڵکی ئێران نەتەنیا قەتڵی دەوڵەتیی مەهسایان مەحکووم کرد بەڵکوو عەزمی خۆیان بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی نیشان دا. بێگومان ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییە شکۆدارە تەرازووی هێز بە قازانجی خەباتی کرێکاری و جەماوەری دەگۆڕێت و بزووتنەوەی ژنانی ئێران لە خەبات دژبە ستەمی جنسییەتی و حیجابی ئیجباری و یاسای دژی ژنی کۆماری ئیسلامی دەباتە قۆناغێکی نوێوە.

ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییە دژبە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەمان حاڵدا دیمەنی بەڕیزبوونی هێزی چەپ و ڕاستی ئۆپۆزیسیۆنی کۆمەڵگا لە خەبات و ڕووبەڕووبوونەوەیان بەرامبەر بەم ڕێژیمە بوو. کێشمەکێشی هێزی چەپ و ڕاست بە ستراتێژیی جیاوازی سیاسییەوە لەپێناو هێژمۆنییان، ئەمجارەیان لەسەر مەسەلەیەکی تاکتیکیی دیاریکراو چڕ بووەوە. پێداگریی یەکلایەنە لەسەر مانگرتنی گشتی و مانەوە لەناو ماڵ یان حزوور و ناڕەزایەتیی لەسەر شەقام، بەتایبەت لە دۆخێکدا کە خەڵکی شارەکانی سەقز و سنە و مەهاباد لە دوو ڕۆژ بەر لە مانگرتنەکەوە، سەنگەری شەقامیان هەڵبژاردبوو. کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمیتەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست لە هەوڵێکی هاوبەشدا و هەروەها شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان و سەدان کەسایەتیی سەربەخۆی کۆمۆنیست، لە هەمان حاڵدا کە بەشداریکردنیان لە هەر حەڕەکەتێک کە نیشانەی ناڕەزایەتی و هاوپشتیی خەڵکی کوردستان دژبە جەنایەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بێت بە ئەرکی خۆیان دەزانی، خەڵکیان بانگەشەی ناڕەزایەتیی لەسەر شەقامەکان کرد. حزووری بەهێزی چەپ لەناو بزووتنەوەی ناڕەزایەتی، لەڕێگەی ئاوێتەکردنی ناڕەزایەتیی سەرشەقام و مانگرتنی گشتی، وڵامی بەو جیاوازییە تاکتیکییە دایەوە کە لە جیاوازیی ستراتێژی سیاسییەوە سەرچاوەی دەگرت.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گیان بەختکردووانی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژانی ڕابردوو و لە هەموو خەباتکارانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیسم، خەبات و هێزنواندنی شکۆدار و هاوپشتیی خەڵکی ئازادیخواز، لە شارەکانی کوردستانەوە تا زانکۆکان، لە تارانەوە تا باقیی شارەکانی ئێران ڕێز لێ دەنێت و سڵاو و دروود دەنێرێت بۆ خەباتکاران و ڕێکخەرانی ئەم ناڕەزایەتییانە. پێشڕەویی ئەم ناڕەزایەتییانە لە گرەوی پەرەسەندن و هەرچی زیاتر جەماوەری بوونەوە و سەرانسەری بوونەوەی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییە و لە گرەوی سەرانسەری بوونەوەی مانگرتنی کرێکاری و پەیوەندی شەقام و کارخانەیەدایە. چینی کرێکاری ئێران بە مانگرتنی سەرانسەری دەتوانێ درێژە و پێشڕەویی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییە زەمانەت بکات.

بڕووخێت ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١

٢٠ی سێپتامبری ٢٠٢٢