فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ پشتیوانی لە مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکارانی ئاڵمینیۆم سازیی ئەراک
شەممە ۲۲-۰۶-۱۴۰۴   |  13-09-2025

زیاتر لە چل ڕۆژە کرێکارانی ئاڵمینیۆم سازیی ئەراک بە مانگرتن لە خواردن و ناڕەزایەتیی بەردەوام لەدژی بارودۆخی کارەساتباری بژێو و کاریان، لە بەدواداچوونی داخوازییەکانیان بەردەوامن. ئەم خەباتە بەرینتر لە خواستی حەقدەستی دواخراو یان گۆڕینی ئاییننامەیەکی سنووردارە. دیفاعێکی بونیادییە لە مافی ژیان، کەرامەتی ئینسانی و مەوجوودییەتی کرێکاران. کرێکاران لە دەوری چەند بابەتی سەرەکی لەسەر مافەکانیان تەئکیدیان کردووە: پێداچوونەوە و جێبەجێ کردنی گەڵاڵەی ڕیزبەندیی پیشەکان، پێدانی سەری وەختی حەقدەست، گۆڕینی کەرەستەی کۆنە و پرتووکاوی بەرهەمهێنان بۆ ڕێگری کردن لە داخرانی کارخانە، لەبەرچاوگرتنی ستانداردە ئیمەنییەکانی کار، کۆتایی هێنان بە فشار و ئازاری بەشی مودیرییەت، بێدەسەڵات کردنی سەهامداری گەورەی بەشی خسووسی کە هەوڵ دەدات ئەم کارخانە گەورە و سەرەکییە تووشی وەرشکستەیی کات. خواستەکانی کرێکاران ڕیشەی لە موناسباتی سەرمایەدارانەی زاڵ و سیاسەتی دژەکرێکاریی ڕژیمی ئیسلامیدایە کە ئەمنیەتی پیشەیی کرێکارانی لەناوبردووە و ژیانی کرێکاران و بنەماڵەکانیانی خستووەتە مەترسییەوە.

لە بەرامبەر مانگرتن و ئیعترازی کرێکاراندا، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و نوێنەرانی لە کارخانەکان، بە گشتی دوو تاکتیک بەکار دێنن: یەکەم، سەرکوتی ڕاستەوخۆ کە بریتییە لە بەکارهێنانی هێزی ئەمنی و پۆلیس بۆ پێکهێنانی ترس لەناو کرێکاران و لێکبڵاوکردنی مانگرتنیان. دووهەم لەڕێگەی هاوکاری ڕاستەوخۆ لەگەڵ مودیرییەتی کارخانە، بە دانی بەڵێنی بێبنەما و ڕاگەیاندنی کۆتایی درۆینەی مانگرتن هەوڵ دەدەن خۆڕاگری و یەکگرتوویی و یەکپارچەیی کرێکاران تێکبشکێنن. سەبارەت بە کرێکارانی ئاڵمینیۆم سازیش هەر ئەم تاکتیک و فرتوفێڵانەیان بەکارهێناوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان لە کاتێکدا کە کرێکارانی ئاڵمینیۆم سازی چاوەڕوانی بەڵێنی فەرمانداری ئەراک بۆ وەدیهێنانی خواستەکانیان بوون، بەیانیی ڕۆژی ٢٠ی خەرمانان، بەرپرسانی شیرکەت ڕایانگەیاند کە نوێنەرانی وەلی فەقیە و هەروەها ئەندامانی هەیئەتی مودیرەی شیرکەت بۆ بەدواداچوونی خواستەکانی کرێکاران چوونەتە کارخانە. بەڵام دوای تێپەڕینی سەعاتێک دەرکەوت کە ئەو کەسانە لە هێزەکانی پۆلیسی تاران بوون کە بە ئامانجی پێکهێنانی ترس و وەحشەت لە ناو کرێکاران و تێکشکاندنی مانگرتن لە خواردنیان چوونەتە کارخانە. لە هەمان کاتدا، ژمارەیەک لە ئەندامانی هەیئەتی مودیرەش لەناکاو چوونەتە کارخانە و لە کۆبوونەوەیەکدا هەوڵیان داوە بە نووسینی سووڕەت جەلەسە و ناردنی ژمارەیەک لە کرێکاران بۆ نەهارخۆری و گرتنی وێنە و ڤیدیۆ، کۆتایی مانگرتنی کرێکاران ڕاگەیەنن. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم هەڕەشە و تاکتیکانەی دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی و دەستەی بەڕێوەبەری شیرکەت، مانگرتن لە خواردنی کرێکاران درێژەی هەیە. ئەم دوو شێوەیە، واتە زۆر و فریو، ڕوخساری ڕاستەقینەی ڕژیمی سەرمایەداریی ئیسلامی نیشان دەدات و پەیوەندییەکەی لەگەڵ چینی کرێکار ئاشکرا دەکات. کاتێک سەرمایەداران و حکوومەت ڕووبەڕووی بەرهەڵستی ڕێکخراوی کرێکاران دەبنەوە، سەرەتا پەنا دەبەنە بەر سەرکوتکردن و هەڵخەڵەتاندن و بەلاڕێدابردن. ئەم واقعیەتە بە خەباتی کرێکاران بۆ وەدیهێنانی داخوازییەکانیشیان سرووشتێکی سیاسی و چینایەتی دەبەخشێت.

ناڕەزایەتیی یەکگرتووانەی کرێکارانی ئاڵۆمینیۆم سازیی ئەراک نموونەیەک لە ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگا و ڕەوتێکی ڕوو لە گەشەیە کە ئەمڕۆ لە سەرتاسەری ئێران لەدژی گرانی و هەڵاوسانی بێسنوور و هەژاری و نەهامەتیی ئابووری لەئارادایە. قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و ئاکامی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان کە خۆی بەرهەمی سیاسەتەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە هەزاران ناوەندی سەنعەتی و بەرهەمهێنانی گەیاندووەتە ئاستی نابوودی و سەدان هەزار کرێکاری خستووەتە ژێر مەترسیی بێکارییەوە.

لە بارودۆخی ئێستادا کە بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران لە ستوونی سەرەکیی پێشڕەویی خۆی واتە لە ڕێکخراوی جەماوەری و چینایەتیی سەربەخۆ لە دەوڵەت بێبەرییە، پەرەپێدان بە ناڕەزایەتییەکانی ئێستا و بزووتنەوەی داخوازیی کرێکاران لە ڕێگەی بەشداریی چالاکانە لەم خەباتەدا و لەقاودانی بەردەوامی ئەو سیاسەت و فشارانەی کە خاوەنکاران و دەوڵەت لەدژی بەشە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکار بە کاری دێنن، بابەتێکی یەکجار گرینگە. ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتییانە دەتوانن بەستێنێک بۆ ڕێکخستنی چینایەتی و جەماوەریی کرێکاران بێت.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران داوا لە هەموو بەشەکانی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران و ناوەند و ڕێکخراوە کرێکارییەکان دەکات کە بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن پشتیوانیی خۆیان لەم بەشە لە هاوچینەکانیان ڕاگەیەنن. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای پشتیوانی لە خەباتی لێبڕاوانە و پڕگڕوتینی کرێکارانی ئاڵمینیۆم سازیی ئەراک و وێڕای پشتیوانی لە درێژەی مانگرتن و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیان هەتا وەدیهاتنی خواستەکانیان، داوا لەو کرێکارە ئازیزانە دەکات کە بۆ ڕێگری کردن لە ئاکامە زیانبار و مەترسیدارەکانی مانگرتن لە خواردنی درێژماوە لەسەر تەندروستییان، کۆتایی بە مانگرتن لە خواردنەکەیان بێنن.

بژی هێزی یەگگرتوویی و یەکڕیزیی کرێکاران

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢١ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی

١٢ی سێپتامبری ٢٠٢٥ی زایینی

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv