فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی دەبیرخانەی کومیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران: بە بۆنەی کۆچی دوایی هاوڕێ حسێن مۆرادبەیگی ناسراو بە حەمەسوور
یەکشەممە ۱۶-۰۲-۱۴۰۳   |  05-05-2024

بەداخەوە شەوی شەممە ڕێکەوتی ١٥ی گوڵانی ١٤٠٣ بەرابەر لەگەڵ ٤ی ئەیاری ٢٠٢٤، هاوڕێ حسێن مۆرادبەیگی لە کەسایەتییە ناسراوەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی ئێران و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و له ئەندامانی کادری ڕێبەرایەتی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری_حێکمەتیست، دڵی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت.
هاوڕێ حسێن “حەمەسوور”، ماوەی ١٢ ساڵ بوو کە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە ببوو و سەرئەنجام لە شاری “ستکهۆڵم”ی سۆئێد، بۆ هەمیشە ماڵئاویی لەژیان کرد. هاوڕێ حسێن مۆرادبەیگی لە ساڵەکانی کۆتایی دەیەی ٤٠ی هەتاوی و لەسەردەمانی گەنجییەتی بە ناسینی  ناوەڕۆکی نیزامی سەرمایەداری، ڕووی کردە خەباتی سیاسی و لە بۆنیاتنانی ڕێکخراوی کۆمۆنیستی کە دواتر ناوی کۆمەڵەی لەسەر داندرا، ڕۆڵێکی بەرچاوی بوو. ناوبراو لە ساڵی ١٣٥٢ لە پێوەند لەگەڵ چالاکییە سیاسییەکانی دەستبەسەر و بۆ ماوەی یەکساڵ لەژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوەی هێزەکانی “ساواک”دا بوو. هاوڕێ حەمە لە سەرجەم ساڵەکانی پێش ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ی هەتاوی، وەک کادری ڕێبەری کۆمەڵە درێژەی بە چالاکییەکانی دا. هاوڕێ حەمە دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕین و لە بارودۆخێکدا کە هێرشی دژە شۆڕشی ئیسلامی بەدەسەڵات گەیشتوو بۆ سەر کوردستان مسەوگەر ببوو، ڕۆڵیێکی شیاوی لە سازماندانی هێزە چەکدارەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵە بوو. بە پێکهێنانی هێزی پێشمەرگە و خۆڕاگری ئەم هێزە لە بەرامبەر هێزی کۆنەپەرەستی مەحەللی، هاوڕێ حەمەسوور وەک فەرماندەی هێزی نیزامی کۆمەڵە، بووە کەسایەتییەکی خۆشناو لە ناو کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان.
هاوڕێ حەمەسوور هەروەها لە ئەندامانی دامەزرێنەری حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی بوو و هەر لەم کۆنگرەیەدا، وەک ئەندامی کومیتەی ناوەندی حیزب هەڵبژێردرا. هاوڕێ حەمە دواتر چ وەک ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە و چ وەک کادری ڕێبەری حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، بە لەئەستۆ گرتنی مەسئوولییەتی جۆراوجۆر، درێژەی بە چالاکییەکانی دا.
هاوڕێ حسێن مۆرادبەیگی “حەمە سوور” لە ساڵی ١٩٩١ی زاینیی بۆ درێژە دان بە چالاکیی سیاسی خۆی، بە تەشیکلاتی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران پەیوەست بوو و دوتر چالاکییەکانی خۆی لەم حیزبە درێژە پێدا. هاوڕێ حسێن یەکێک لە چاڵاکانی پەیگیری ڕێگای ڕزگاری کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران و کوردستان بوو و تادوایین کاتی ژیانی، هەروا بە ئامانجەکانی وەفادار مایەوە. بەکۆچی هاوڕێ حسێن، کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێران و کوردستان، یەکێک لە یارانی دڵسۆزی خۆی لەدەستدا. بێ گومان مەرگی هاوڕێ حسێن مۆرادبەیگی خەسارێکی گەورە بوو بۆ بزووتنەوەی کۆمۆنسیتی.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە بە بۆنەی کۆچی دوایی هاوڕێ حسێن مۆرادبەیگی ناسراو بە “حەمەسوور” سەرخۆشی گەرمی خۆی ئاراستەی سەرجەم بنەماڵەکەی و هاوڕێیانی لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری- حێکمەتیست و دۆستان و ئاشنایانی ئەم مرۆڤە خەباتکارە دەکات و ڕێز لە یادی ئازیزی و هەوڵەکانی لە ڕێگای ڕزگاری کرێکاران و پەرەدان بە سۆسیالیسم دەگرێت.
دەبیرخانەی کومیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
بەڕواری ١٦ی گوڵانی ١٤٠٣ی هەتاوی
٥ی ئەیاری ٢٠٢٤ی زاینیی