فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی دەبیرخانەی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە سەبارەت بە تیرۆری شوعەیب زارعی لە کوردستانی عێراق
یەکشەممە ۲۷-۱۲-۱۴۰۲   |  17-03-2024

دوای نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٢٦ی مانگی ڕەشەممەی ١٤٠٢ی هەتاوی “شوعەیب زارعی” ئەندامی ڕێکخراوی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە دەستی یەکێک لە عەواملی نفووزیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئۆردووگای زرگوێزەڵەی سەربە شاری سلێمانی تیرۆر کرا. بەپێی ڕاپۆرتەکان ئەنجامدەری ئەم هێرشە تیرۆریستییە بەکرێگیراوێکی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەناوی “سەکەوت ئەحمەدی” بووە کە لە کاتی هەڵاتندا لە شاری پێنجوێن لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستگیر کراوە.

سیاسەتی تیرۆر کردن و لەناوبردنی نەیاران لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا سیاسەتێکی جەنایەتکارانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بووە لەدژی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخی ئێستادا دەیهەوێ لاوازی و داماویی خۆی بەرانبەر بە ڕەوتی ڕوو لە گەشەی ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەری و ڕێوڕەسمە شکۆدارەکانی هاوپشتیی خەڵکی کوردستان بەبۆنەی نەورۆز و سەری ساڵ، بە پەرەپێدانی کەشوهەوای تیرۆر و نائەمنی بۆ هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە کوردستانی عێراق قەرەبوو بکاتەوە.

کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی ئەم کردەوە تیرۆریستییە و دەربرینی هاوسۆزی لەگەڵ بنەماڵەی شوعەیب زارعی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بەرپرسی پاراستنی ئەمنیەتی چالاکیی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستانی ئێران لە بەرابەر تیرۆریسمی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەزانێت. کۆمەڵە لە خەڵکی تێکۆشەری کوردستانی عێراق چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن هێرشی تیرۆریستیی حکوومەتی ئیسلامی سەرکۆنە بکەن و ڕێگە نەدەن ئەم ڕژیمە تاوانکارە لەوە زیاتر کوردستانی عێراق بکاتە مەیدانی چالاکیی ئاڵقە تیرۆریستییەکانی خۆی دژبە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان.

دەبیرخانەی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٦ی ڕەشەممەی ١٤٠٢

١٦ی مارسی ٢٠٢٤