
ڕۆژی پێنجشەممە پێنجی مانگی پووشپەڕ دوای تێپەڕینی دوو ڕۆژ بەسەر ئاگربەستی ڕاگەیەندراو لەلایەن ترامپەوە، سەبارەت بە شەڕی ڕاستەوخۆی دوازدە ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی، عەلی خامنەیی لە پەناگاکەی خۆیەوە پەیامێکی ڤیدیویی زەبتکراو و ناهەماهەنگی نارد. خامنەیی لەم پەیامەدا کە لە تەلەڤیزیۆنی کۆماری ئیسلامییەوە بڵاوکرایەوە بە ڕوخسارێکی تێکچوو و دەنگی گیراوەوە، ئیدیعای ئەوەی کرد کە کۆماری ئیسلامی لە شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا سەرکەوتووە. ئەو وتی: “ئەم سەرکەوتنە شایەنی چەند پیرۆزباییە. پیرۆزباییەک بەخاتری دەخاڵەتی ئەمریکا لەو شەڕەدایە کە هەستی دەکرد ئەگەر دەخاڵەت نەکات، ڕژیمی سەهیۆنیستی بەتەواوی نابوود دەبێت. لەم شەڕەدا کۆماری ئیسلامی زلـلەیەکی توندی لە ئەمریکا دا”. خامنەیی سەبارەت بە ئیسرائیلیش وتی: “ڕژیمی سەهیۆنیستی بەو هەمووە هەرا و هوریا و ئیدیعایەوە لەژێر گورزەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە پێ کەوت”.
خامنەیی لە درێژەی قسەکانیدا بە شانازییەوە هاویشتنی ١٤ مووشەکەکەی سپای پاسدارانی بەرەو پایەگای “ئەلعودەید”ی ئەمریکا لە قەتەر لە ڕۆژی دووی مانگی پووشپەڕ، وەک دەستکەوت ناوبرد. هاویشتنی ئەم مووشەکانە کە بە ئاگاداریی ئەمریکا وەک وڵامی سەمبۆلیکی کۆماری ئیسلامی بە بۆمبارانی قورس و وێرانگەری بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی “بی ٢”یئ ئەمریکا لە یەکی مانگی پووشپەڕدا بەڕێوەچوو، تەنیا بۆ مەسرەفی ناوخۆیی بوو. هەڵبەت خەڵکی ئێران لە هەموو کەس باشتر دەزانن کە لەم شەڕەدا کۆماری ئیسلامی تا چ ڕادەیەک زەلیل و داماو بوو. بەناو هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆسەر پایەگای ئەمریکا، بە ڕەزامەندیی پێشووی قەتەر و ئەمریکا و بە ئامانجی ڕێگری لە سەڕشۆڕی و ئابڕووچوونی زیاتری کۆماری ئیسلامی ئەنجام درا و لە پێشترەوە پایەگاکە بەشێوەی کاتی چۆڵکرابوو. بێجگەلە مووشەکێک کە لە بیابانێک درا و هیچ زیانێکی نەبوو، هەموو مووشەکەکانی دیکە هەر لە ئاسمان لەلایەن ئەرتەشی قەتەر و ئەمریکاوە تەقێندرانەوە. هەر لەم پەیوەندییەدا ترامپ ئاشکرا کرد کە “کۆماری ئیسلامی تەنانەت سەعاتی هاویشتنی ئەم مووشەکانەشی لە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێمەدا دیاری کردووە”. بەدوای ئەوەدا مەسعوود پزیشکیانیش وەک سەرۆک کۆمار، سوپاسی دەوڵەتی قەتەر و داوای لێبوردنی کرد.
قسە بێبنەماکانی خامنەیی لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی “هرانا” ئۆرگانی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە ئێران، لەماوەی ١٢ ڕۆژی شەڕی کۆنەپەرستانەی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی، کە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٣ی جۆزەردان لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستیپێکرد، لە ئێران ١٠٥٤ کەس کوژراون و ٥٣٣٢ کەس برینداربوون. ئەم هەواڵنێرییە ژمارەی کوژراوەکان لە ئێسرائیلی تەنیا ٢٨ کەس و ژمارەی بریندارەکانی ١٣٤٧ کەس ڕاگەیاندووە. جگە لەمەش تەنیا کارێک کە کۆماری ئیسلامی لەدژی ئیسرائیل ئەنجامی داوە و خودی ئیسرائیلیش تەئیدی کردووە، هاویشتنی ٥٥٠ مووشەکی بالستی و زیاتر لە هەزار درۆن بەرەو ئیسرائیل بووە. کە تەنیا ٣١ مووشەک لە شارەکانی ئیسرائیل کەوتوونەتە زەوی و زیانیان بە ماڵی خەڵک گەیاندووە و مەرگبار بوون.
جیا لە ژمارەی زۆری کوژراو و بریندارەکان، لەم شەڕە کۆنەپەرستانە و جینایەتکارانەیەدا کۆماری ئیسلامی لە سەرتاسەری ئێران، زەربەی زۆر قورسی بەرکەوتووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی فایشنەنشڵ تایمز و میدیاکانی دیکە، خەساری شەڕ لە ئێران زۆر لەسەرێیە. ژێرخانی بەرگری، ئەتۆمی و زانیاری لە کار کەوتووە. زۆرێک لە فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران و ئەرتەش و زانایانی ئەتۆمیی ڕژیم کوژراون. سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی کۆماری ئیسلامی بەگشتی لە کار کەوتووە و ئاسمانی ئێران بۆ ماوەیەکی زۆر لە ئیختیار فڕۆکەکانی ئیسرائیلدا بووە. ناوەند و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان و ناوەندی هێزەکانی سپا، ئەرتەش و هێزی ئینتزامی، بەتایبەت لە ئازەربایجان، کوردستان، ئیلام، بینای سەدا و سیما، فڕۆکەخانە و کارخانەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک و پێداویستیی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارخانەکانی بەرهەمهێنانی سووتەمەنیی مووشەک لە ناوچەی لەویزان و پارچین و لۆرستان و زۆر شوێنی دیکە لە تاران، تەورێز، قۆم، ئیسفەهان و کوردستان و شوێنەکانی دیکە وێران بوون.
بێگومان شەخسی عەلی خامنەیی لە هەموو ئەم ماجەرایانە ئاگادارە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش لەوپەڕی بێشەرمیدا دەڵێ کە لەم شەڕەدا بەسەر ئەمریکا و ئیسرائیلدا سەرکەوتووە. هەر لەو ماوەیەدا زۆر جار کۆماری ئیسلامی داماوانە داوای ئاگربەستی لە ئەمریکا کردووە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی لەم ماوەیەشدا بەردەوام لەگەڵ نوێنەرانی ئەمریکا سەبارەت بە درێژەی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لە پەیوەندیدا بووە. ترامپیش کە بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی ناتۆ بۆ هولەند سەفەری کردبوو، ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی داوای لێکردووین دەوری شەشەمی گفتوگۆکان بەڕێوەبەرین. حەفتەی داهاتوو ئەم کارە دەکەین. کەوابوو ئەم قسانەی خامنەیی سەبارەت بە شەڕ و سەبارەت بە ئەمریکا و ئیسرائیل فریوکارانە و درۆودەلەسەیە و هیچی تر.
خامنەیی کەسێک بووە کە لە داڕشتنی هەموو بەرنامە گەورە و ستراتێژیکەکانی کۆماری ئیسلامی لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوو، لەوانە بەرنامەی ئەتۆمی، داڕشتنی ستراتێژی شەڕی پێشگیرانە، پێکهێنانی گرووپە تیرۆریستەکانی “میحوەری موقاومەت” بە ئامانجی شەڕنانەوە و دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە، وە باقیی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی، بەرپرس بووە و دەستی بووە. هەر کام لەم پڕۆژانە سەدان ملیارد دۆلاری خەرج بووە. ئێستا کە هەموو ئەم بەرنامانە تووشی شکست بوون، خامنەیی ناتوانێ لەژێرباری ئەم بەرپرسایەتییە کە بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس و بەفیرۆچوونی سەدان ملیارد دۆلار لە سەرمایە و بەرهەمی ڕەنج و کاری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، خۆی بدزێتەوە و بە درۆ و فریوکاری حاشا لەم شکستانە بکات.
لەئێستادا بەلەبەرچاوگرتنی سرووشتی شەڕخوازانە و تاونکارانەی نەتانیاهۆ و خامنەیی، ئاگربەستێک کە لە نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیدا بەرقەرار کراوە، بەرهەمی گفتوگۆی ئەو دوو لایەنە و ڕێککەوتنیان نەبووە، بەڵکوو بەپێ فەرمانی بەپەلەی ترامپ ئەنجام دراوە. هەر لە ڕۆژی یەکەمی ئاگربەستەکەدا ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئەگەر ئاگاداری جموجۆڵی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی لە ناو ئێراندا بێت، یان ئەگەر ببینێت کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئەوەی زیانیان پێگەیوە، نۆژن دەکرێنەوە، هێرشی نیزامیی خۆی دووبارە دەستپێدەکاتەوە.
لەڕاستیدا هەتا کاتێک ئەمجۆرە حکوومەتانە لە جیهان و لە ناوچەکە لە دەسەڵاتدا هەن، ژیانی کرێکاران و جەماوەری ستەمدیدە نە لە ئەمنیەت و ئەماندا دەبێت و نە ڕەفاه و ئاسایش و سەقامگیری لە کاردا دەبێت. شیشەی تەمەنی نەکبەتباری کۆماری ئیسلامی کە لەئێستادا لاوازتر لە هەموو کاتێکە، لە گرەوی عەزمی چینی کرێکاری یەکگرتوو و ڕێکخراو، مانگرتنی سەرتاسەری لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری، پەرەسەندنی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و هاتنە مەیدانی جەماوەری بەشمەینەتی کۆمەڵگا لەئاستی سەرتاسەریدایە. پێویستە ئەم هێزە مەزنە کۆمەڵایەتییە لە ئاستی یەریندا وەحەرەکەت کەوێ تا بارگە و بنەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تێکەوەپێچێت.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە