فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان: سێدارە، شەڕ و توندوتیژیی پێکهاتەیی، ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوەی هەژموون
هەینی ۰۹-۰۵-۱۴۰۵   |  31-07-2026

لەسێدارەدانەکانی ئەم دواییەی ئیسفەهان و نیگەرانی سەبارەت بە چارەنووسی مەحکوومانی دیکە، جارێکی تر سروشت و ماهییەتی ماشێنی سەرکوتی کۆماری ئیسلامیی ئاشکرا کرد. لە بەرامبەردا، ناڕەزایەتیی خەڵک لە گۆڕەپانی عەلیخانی ئیسفەهان و هەروەها کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی بنەماڵەی زیندانیان لە بەردەم زیندانی قزڵحەساری کەرەج بە دروشمی “نا بۆ سێدارە” و بۆ پشتیوانی لە زیندانیان، دەربڕی درزێکی قووڵە لە نێوان کۆمەڵگە و دەسەڵاتدا، کە نیشانەیەکە بۆ شکڵگرتنی هاوپشتیی کۆمەڵایەتی لە بەرامبەر سیاسەتی مەرگ و سەرکوتدا. ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە، هەرچەندە سنووردار بوو، بەڵام نیشانیدا کە سیاسەتی تۆقاندن لەگەڵ خۆڕاگریی جەماوەردا ڕووبەڕوویە.

هاوکات، ڕژیم بە کەڵک‌وەرگرتن لە کەشی شەڕ، هێرشەکانی خۆی بۆ سەر ناوچەکانی کوردستانی ئێران، بەرەنگاربوونەوەی حیزبە سیاسییە کوردەکان و هەروەها پەلاماردانی بنکە و بارەگاکانی ئەم حیزبانە لە هەرێمی کوردستانی چڕتر کردووەتەوە؛ ئەو هێرشانەی کە بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، بوونەتە هۆی گیانبەختکردن و برینداربوونی ژمارەیەک لە خەڵکی سڤیل و هێزەکانی پێشمەرگە. مەهدی تەوەکولی، بەڕێوەبەری “ماڵی وێنەگرانی کوردستان” و زیندانیی سیاسیی پێشوو و دوو کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەی، لەو کەسانە بوون کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانیان بەخت کرد. ڕوودانی تاوانگەلێکی لەم شێوەیە نیشانی دەدات کە شەڕ و سەرکوتی ناوخۆیی دوو ڕووی یەک سیاسەتن و دەسەڵات هاوکات لەگەڵ شەڕ، ئەمنیەتی‌کردنی کۆمەڵگە و پەرەپێدانی لەسێدارەدانەکان، بە ئامانجی تێکشکاندنی هەرچەشنە ناڕەزایەتی و خۆڕاگرییەکی کۆمەڵایەتی، هەوڵی دەستەبەرکردنی مانەوەی نیزامە سەرکوتگەر و فاشیستییەکەی خۆی دەدات.

کۆماری ئیسلامی هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی جێگیربوونیەوە، بە ئاوێتەکردنی ئیستبدادی سیاسی، سەرمایەداری و ئایدۆلۆژیای ئایینی، دەزگایەکی لە توندوتیژیی ڕێکخراو دژ بە جەماوەری ئێران دامەزراند کە ئەرکە سەرەکییەکەی، بەرهەمهێنانەوەی هەژموونی چینایەتی و سیاسییە. لەم پێکهاتەیەدا، لەسێدارەدان، زیندان، ئەشکەنجە، شەڕ، سەرکوتی نەتەوە ژێردەستەکان و لەناوبردنی ڕێکخراوە سەربەخۆکان، نەک هەنگاوی کاتی و کاردانەوە نین، بەڵکوو دەرکەوتەی سروشت و پێکهاتەی دەسەڵاتخوازانەی ئەم نیزامەن. ئایدۆلۆژیای ئایینی، ئامرازی ڕەواییدانە بە هەژموونی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و بەتاوان‌ناساندنی هەرجۆرە ناڕەزایەتییەکە. سیستەمێکی سەرکوتگەر کە دەزگای قەزایی، ئەمنی و سەربازیی خستووەتە خزمەت پاراستنی نەزمی زاڵ.

لە سەرکوتی جەماوەری تورکمان و شەڕ دژ بە خەڵکی کوردستان لە یەکەمین ساڵەکانی پاش شۆڕشەوە، تا کوشتاری زیندانیانی سیاسی لە دەیەی شەست و کۆمەڵکوژیی هاوینی ساڵی ١٣٦٧، لە سەرکوتی بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی ژنان، ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان و ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانەوە تا دەگاتە لەسێدارەدانەکانی ئەمڕۆ، هەموویان یەک ڕەوتی مێژوویی یەکگرتوو نیشان دەدەن؛ زنجیرەیەک کە دەربڕی ئەوەیە توندوتیژی، لادان نییە لە سیاسەتی ڕژیم، بەڵکوو جەوهەر و کرۆکی سیاسەتەکەیەتی. لەم چوارچێوەیەدا، لەسێدارەدان، بە بێ لەبەرچاوگرتنی جۆری تۆمەتەکە، فۆرمێکی یاساییکراوی کوشتاری حکوومەتییە و ئامرازێکە بۆ دروستکردنی ترس، ڕێگریکردن لە خۆڕێکخستن و تێکشکاندنی خۆڕاگریی کۆمەڵایەتی.

پێویستە بە شێوەیەکی پێداگرانە پشتگیری لە ویست و داواکارییەکانی زیندانیانی مانگرتووی یەکەی ٢ی قزڵحەسار بکرێت کە مانگرتنەکەیان لە ٦ی گەلاوێژ کۆتایی پێهات، و هەروەها پشتیوانی لە کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە” بکرێت کە ئێستا بۆ سەد و سی و یەکەمین هەفتە لە ٥٩ زیندانی وڵاتدا بەردەوامە. درێژەی ئەم کەمپەینە نیشانی دەدات کە خەباتی دژ بە لەسێدارەدان لە ئاستی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سزایەک تێپەڕیوە و بووەتە بەشێک لە خەباتی گشتیی دژ بە ئیستبداد و توندوتیژیی پێکهاتەیی. ئەم خۆڕاگرییە، ئەمڕۆ بووەتە دەنگی هاوبەشی زیندانیان، بنەماڵە دادخوازەکان، کرێکاران، ژنان، لاوان، مامۆستایان، پەرستاران، خانەنشینان و تەواوی هێزە ئازادیخوازەکان.

خۆڕاگری لە زینداندا، کاتێک لە سنووری ناڕەزایەتی دژی دۆسیە تاکەکەسییەکان تێدەپەڕێت و لە بزووتنەوەیەکی ڕێکخراودا میکانیزمەکانی سەرکوت و ڕەتکردنەوەی لەسێدارەدان دەکاتە بابەتی ناڕەزایەتیی بەکۆمەڵ، بەکردەوە دەبێتە خەباتێکی سیاسی دژی دەسەڵات. هەر لەبەر ئەمە، خەبات دژ بە سێدارە ناکرێت لە خەبات دژ بەو پەیوەندییانە جیا بکرێتەوە کە سێدارە بەرهەم دەهێننەوە. تا ئەو کاتەی دەزگای دەوڵەت بنەماکەی سەرکوت، چەوساندنەوە، هەڵاواردن، ئایدۆلۆژیای ئایینی و توندوتیژیی ڕێکخراو بێت، لەسێدارەدان، شەڕ و سەرکوتیش سەرلەنوێ بەرهەم دەهێندرێنەوە. هەر بۆیە، خەباتی دژ بە لەسێدارەدان، بەشێکی دانەبڕاوە لە خەبات بۆ کۆتاییهێنان بە هەژموونی سەرمایە، ئیستبدادی ئایینی، هەڵاواردنی نەتەوەیی و ڕەگەزی، میلیتاریزم و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد، یەکسان و سۆسیالیستی.

شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، بانگەواز لە سەرجەم چالاکانی چەپ و کۆمۆنیست و تەواوی هێزە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان دەکات کە لە هەر شار، وڵات یان شوێنێک کە ئامادەییان هەیە، بە شێوەیەکی چالاکانە لە کەمپەینەکانی خەبات دژ بە لەسێدارەدان، چ بە شێوەی سەربەخۆ و چ لەڕێگەی هاوکاری و هاوپشتی لەگەڵ هێزە ئازادیخوازەکانی دیکەدا، بۆ ئازادیی زیندانیانی سیاسی بەشداری بکەن و بە ئامادەبوونی کاریگەر لە ئەکسیۆنەکان، کۆبوونەوە و کەمپەینەکانی دژ بە لەسێدارەدان، دەنگی دژایەتیی ماشێنی سەرکوت و سیاسەتی مەرگ بەرزتر بکەن.

ئەمڕۆ پتر لە هەر کاتێکی دیکە، پەرەپێدانی هاوپشتی لە نێوان کرێکاران، ژنان، لاوان، مامۆستایان، پەرستاران، خانەنشینان، خوێندکاران، نەتەوە ژێردەستەکان، زیندانیانی سیاسی و بنەماڵە دادخوازەکاندا، مەرجی بنەڕەتیی تێکشکاندنی ماشێنی سێدارە و سەرکوتە.

نا بۆ سێدارە، نا بۆ شەڕی کۆنەپەرستانە

ئازادیی بێ شەرت و مەرجی زیندانیانی سیاسی

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی!

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم!

شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

چوارشەممە، ٧ی گەلاوێژی ١٤٠٥، بەرامبەر بە ٢٩ی جوولای ٢٠٢٦

واژۆکان: یەکێتیی سۆسیالیستیی کرێکاری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حیکمەتیست، ڕێکخراوی ڕاهی کارگەر، ڕێکخراوی فیداییان (ئەقەلییەت) و هەستەی ئەقەلییەت.