
ڕۆژی دووشەممە ٩ی خەرمانانی ١٤٠٥، کۆمەڵێک لە لاوانی خوازیاری کار لە ناوچەی لیشتەری گەچساران، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە ئاست هەڵاواردن، ڕانت و نەبوونی شەفافیەت لە ڕەوتی دامەزراندن لە پترۆپاڵاوگەی لیشتەر، دەستیان دایە کۆبوونەوە. هێزە ئینتیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بڵاوەپێکردنی ناڕازییان کەوتنە خۆ و دەسترێژی گوللـەیان لێکردن. بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە ڕەوتی ئەم سەرکوتەدا لانیکەم کەسێک بریندار بووە.
ئەوەی لە گەچساران ڕوویدا، تەنیا ناڕەزایەتییەکی ناوچەیی لەسەر چەند هەلێکی کار نییە. دەبێت ئەم ناڕەزایەتییە لە چوارچێوەی قەیرانی قووڵ و بەربڵاوی بێکاری، هەژاری و نائەمنیی کار لە ئێراندا ببینرێت. ملیۆنان لاو لە بارودۆخێکدا بەرەوڕووی بێکاری و نەبوونی ئاسۆی کار دەبنەوە کە دەستڕاگەیشتن بە کارێک، هەرچی زیاتر گرێ دراوە بە پەیوەندی، ڕانت و تۆڕەکانی سەر بە دەسەڵاتەوە. ئەم ناکۆکییە لە ناوچە نەوتی و پیشەسازییەکاندا زۆر ئاشکراترە. لەو ناوچانەدا کە سەروەتێکی گەورە بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام بەشێکی زۆری خەڵکی هەمان ناوچە کاری جێگیریان نییە و هیچ پشکێکیان لەم سەروەت و سامانە بەرناکەوێت. کرێکاران و لاوان بەرەوڕووی بێکاری، گرێبەستی کاتی و پەیمانکاری و نائەمنیی بژێوین، لە کاتێکدا بەرهەمی ئەم سامانە دەکەوێتە چنگی دەوڵەت، سەرمایەداران، پەیمانکاران و تۆڕە ئابوورییەکانی سەر بە دەسەڵات.
بێکاری تەنیا بەرهەمی خراپبەڕێوەبردنی چەند بەرپرسێک یان بێعەدالەتی لە دامەزراندندا نییە. لە پەیوەندییە سەرمایەدارییەکاندا، بوونی لەشکری بێکاران ئامرازێکە بۆ گوشارخستنە سەر حەقدەستەکان، توندکردنەوەی کێبڕکێ لە نێوان کرێکاران و سەپاندنی هەلومەرجی کاری نالەبارتر. کۆماری ئیسلامیش بە پەرەپێدانی پەیمانکاری، تایبەتسازی، هەرزانکردنی هێزی کار و سەرکوتکردنی ڕێکخراوە کرێکارییە سەربەخۆکان، ئەم دۆخەی لە قازانجی سەرمایەداران درێژە پێداوە.
تەقەکردن لە خوازیارانی کار لە گەچساران دەریدەخات کە حکومەت لە بەرامبەر سەرەتاییترین داواکارییەکانی کرێکاران و لاواندا، واتە مافی کار و دابینکردنی بژێوی ژیان، جارێکی دیکە پەنا دەباتە بەر ئامرازی سەرکوت. دووبارەبوونەوەی ناڕەزایەتیی خوازیارانی کار لە ناوچە جیاجیاکانیش نیشانی دەدات کە کێشەکە لە کارگە، پاڵاوگە یان شارێکی دیاریکراو زۆر تێپەڕیوە.
خەبات دژی بێکاری نابێت تەنیا لە داواکاریی شەفافیەت لە دامەزراندن یان گۆڕینی چەند بەڕێوەبەرێکدا قەتیس بمێنێت. مافی کار بۆ هەمووان و دابینکردنی بیمەی بێکاریی شیاو بۆ سەرجەم بێکاران، دەبێت ببێتە بەشێک لە داواکارییە سەرتاسەرییەکانی چینی کرێکار. لاوانی بێکاریش هێزێکی جیا لە چینی کرێکار نین. گرێدانی خەباتی ئەوان لەگەڵ کرێکارانی لەسەرکار، پەیمانی و پڕۆژەیی و بەشەکانی دیکەی بزووتنەوەی کرێکاری، دەتوانێت ناڕەزایەتییە پەرتەوازەکانی دژی بێکاری، هەژاری و هەڵاواردن بکاتە هێزێکی ڕێکخراو.
شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، تەقەکردن لە خوازیارانی کار و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکەیان لە گەچساران بە توندی مەحکووم دەکات. خۆڕێکخستنی سەربەخۆی بێکاران لە گەڕەک و شارەکان، دروستکردنی ڕێکخراو و کۆمیتەکانی بێکاران و گرێدانیان بە ڕێکخراو و خەباتە کرێکارییەکانەوە، ڕێگای پێشڕەویی ئەم خەباتەیە. وەڵامی بێکاری و هەژاری، گوللـە و سەرکوت نییە. وەڵامی کرێکاران و بێکارانیش دەبێت یەکگرتوویی، خۆڕێکخستن و خەباتی ڕێکخراو بێت بۆ مافی کار، بژێوی و ژیانێکی شایستە.
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی!
بژی ئازادی! بژی سۆسیالیزم!
شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
١١ی خەرمانانی ١٤٠٥
٢ی سێپتامبەری ٢٠٢٦
واژۆکان: یەکێتیی سۆسیالیستیی کرێکاری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حیکمەتیست، ڕێکخراوی ڕاهی کارگەر، ڕێکخراوی فیداییان (ئەقەلییەت) و هەستەی ئەقەلییەت.
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە