فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بۆ بەرزڕاگرتنی یادی “مەهسا (ژینا) ئەمینی” و ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەکە!
پێنجشەممە ۱۹-۰۶-۱۴۰۵   |  10-09-2026

لە چوارەمین ساڵیادی قەتڵی دەوڵەتیی “مەهسا (ژینا) ئەمینی” و بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەکەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە نیوەی دووەمی ساڵی ١٤٠١دا، یادی ژینای ئازیز و سەرجەم گیانبەختکردووانی ئەو بزووتنەوە ناڕەزایەتییە و دەستکەوتەکانیان بەرز ڕادەگرین. لە خەرمانانی ١٤٠١دا، وڵاتەکەمان ئەزموونی یەکێک لە ڕاپەڕینە ڕادیکاڵە جەماوەرییەکانی کرد کە پایە ئایدیۆلۆژی و سیاسییەکانی ڕژێمی هێنایە لەرزین. بزووتنەوەیەک کە سەرەتا وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە کردەوەی تاوانکارانەی ڕژێم لە کوشتنی ژینادا سەری هەڵدا، بەڵام زۆر خێرا سەرتاسەری وڵاتی گرتەوە و لە درێژەی خۆیدا، جەماوەرێکی بەرینی لە خەڵکی ئێران دژی تەواویەتی کۆماری ئیسلامی هێنایە سەر شەقامەکان. ژنان، لاوان، کرێکاران و جەماوەری وەزاڵەهاتوو لە دژەژنی، چەوساندنەوە، هەژاری و هەڵاواردنی بەرهەمهاتووی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتداریەتیی کۆماری ئیسلامی، لە چەند مانگ ڕووبەڕووبوونەوەی گیانبازانەدا، تەواوی دەزگاکانی سەرکوت و تاوانی ڕژێمیان خستە ژێر پرسیارەوە، ماهیەتی دزێو، دژەمرۆیی و کۆنەپەرستانەی ڕژێمیان بە جیهان نیشان دا و شەپۆلێک لە هاوپشتی، هاودڵی و پشتیوانیی بەشێکی زۆر لە خەڵکی جیهانیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشا.

قەتڵی دەوڵەتیی ژینا، وەک چەخماخەیەک، ئەمباری بارووتی تووڕەیی و نەفرەتی کەڵەکەبووی نێو قوڵاییەکانی کۆمەڵگەی داگیرساند. لەچک‌سووتاندن و فڕێدانی حیجابی ژنان و لاوان، کە بە بەشداریی بوێرانەی خۆیان گەڵاڵەی کۆنەپەرستانە و دژەژنی «حیجاب و عەفاف»یان بەسەر داڕێژەرانیدا کێشا و بەم شێوەیە یەکێک لە کۆڵەکە ئایدیۆلۆژییەکانی کۆماری ئیسلامییان هێنایە لەرزین. کرێکاران، خوێندکاران، مامۆستایان، خانەنشینان، پەرستاران، وەرزێڕان، شۆفێران، بێکاران و ملیۆنان مرۆڤی بەشمەینەت، هەرکامیان بە شێوازی خۆیان لە بەرامبەر نیزامێکدا وەستانەوە کە بەرهەمی نزیک بە پێنج دەیە دەسەڵاتەکەی هیچ نەبووە جگە لە هەژاری، سەرکوت، هەڵاواردن، شەڕانگێزی و تاڵانکردنی سەرچاوە و سامانەکانی کۆمەڵگە.

بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی «ژن، ژیان، ئازادی»، بەپێی ڕەسەنایەتییە قووڵە جەماوەری، یەکسانیخوازانە و دیموکراسیخوازانەکەی، هەستیاریی ئاراستە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بەلای خۆیدا ڕاکێشا. جێگرتنەوەی دروشمی «مەرد، میهەن، ئابادی» (پیاو، نیشتمان، ئاوەدانی) لەلایەن سەڵتەنەتخوازانەوە، و هەروەها گۆڕینی وشەی «ژیان» بە «موقاومەت» لەلایەن موجاهیدینەوە، زەرفییەتی دژەدیموکراتیک، دژەژن، پیاوسالارانە، ناسیۆنالیستی و کۆنەپەرستانەی ئەم هێزانەی بەئاشکرا خستە ڕوو. ئەم هێزانە، هەوڵی ژنانی ئێران بۆ ئازادی و ڕزگاربوون لە چەوساندنەوە و ستەمە فرەڕەهەندە چینایەتی، ڕەگەزی، ئایینی و نەریتییەکان، بە پێچەوانەی بەرنامەی خۆیان دەزانن، کە بریتییە لە پاراستنی ئەم سیستەمە، بەڵام بێ کۆماری ئیسلامی.

ڕاپەڕینی خەرمانانی ١٤٠١، هەرچەندە بە ناڕەزایەتییەکی بەرینی جەماوەری دژی قەتڵی دەوڵەتیی ژینا و سەرکوت و بێمافیی ژنان دەستی پێکرد، بەڵام نیشانی دا کە ئەو درزە قووڵەی لە نێوان کۆماری ئیسلامی و زۆرینەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشدایە، پڕنابێتەوە و خەڵک بۆ ڕووخاندنی ئەم ڕژێمە ساتژمێری دەکەن. ئەم ڕاپەڕینە کە ویستی ئازادی و یەکسانیی خۆی پێشتریش لە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی بەفرانباری ١٣٩٦ و خەزەڵوەری ١٣٩٨دا نیشان دابوو، لە ئاخێزی سەرتاسەریی بەفرانباری ١٤٠٤دا زیاتر لە جاران، ئیرادە و توانای جەماوەری ملیۆنیی خەڵکی ئێرانی بۆ هێنانەخوارەوەی کۆماری ئیسلامی و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد، یەکسان و مرۆڤانە بە جیهانیان نیشان دا.

کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ئەو چەند مانگەی کە بزووتنەوەی ژینا درێژەی هەبوو، تەواویەتیی دەسەڵاتەکەی بەڕوونی لە مەترسیی ڕووخاندا بینی، و تەنیا بە کۆمەڵکوژکردنی نزیکەی ٦٠٠ کەس – کە دەیان کەسیان منداڵ و مێرمنداڵ بوون – و بریندارکردنی هەزاران کەسی تر و هەروەها دەستگیرکردنی هەزاران مرۆڤی ئازادیخواز و ناڕازی، توانی ئەم بزووتنەوە گەورەیە سەرکوت بکات و بەر بە ڕووخانی خۆی بگرێت. ئامادەیی هۆشیارانە و چالاکانەی کرێکاران و بنەماڵەکانیان، کە زۆربەیان دەستگیر کران و ژمارەیەکیشیان وەک ‘موحسین شکاری’ و ‘مەجیدڕەزا ڕەهنەوەرد’ کە هەردووکیان کرێکار بوون و… لەسێدارە دران، نیشانی دا کە ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە لە توێژێک یان گرووپێکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراودا قەتیس نەببوو.

کۆماری ئیسلامی بە بەکارھێنانی مۆدێلێکی فرەچەشن و هەمەلایەنە لە سەرکوت، هەوڵی دا ناڕەزایەتییەکان لە شەقام، زانکۆ، فەزای مەجازی و گۆڕەپانی گشتیدا تێکبشکێنێت: لە تەقەکردن و بەکارهێنانی چەکی ساچمەیی و جەنگی و توندوتیژیی بەربڵاو دژی خۆپیشاندەرانەوە، تا پچڕاندن و تێکدانی هێڵەکانی ئینتەرنێت و کۆنترۆڵکردنی پەیوەندییەکان؛ لە دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ، ئەشکەنجە و دەستدرێژیی سێکسی لە گرتووخانەکاندا، تا دەرکردنی سزای قورس و لەسێدارەدانی ناڕازییان و گوشارخستنە سەر خوێندکاران، مامۆستایان و چالاکانی کۆمەڵایەتی؛ و هاوکات لە داخستنی شوێنی کار و کەسابەت، دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵک و توندترکردنی کۆنترۆڵ بەسەر جەستە و پۆششی ژنانەوە بیگرە تا دەگاتە پڕوپاگەندەی حکومەتی و بەستنەوەی ناڕەزایەتییەکان بە «دوژمنی دەرەکی»یەوە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی وێرانکەری لەم شێوەیە، ئەوەیان سەلماند کە سەرکوت بۆ کۆماری ئیسلامی تەنیا کاردانەوەیەکی ئەمنیەتی نەبوو بەرامبەر بە ناڕەزایەتییەکان، بەڵکوو سیاسەتێکی ڕێکخراو بوو بۆ تۆقاندنی کۆمەڵگە، پچڕاندنی پەیوەندییە دەستەجەمعییەکان و کۆنترۆڵکردنەوەی فەزای گشتی؛ سیاسەتێک کە لە بەرامبەریدا، بزووتنەوەی ژینا بە گرێدانی خەبات دژی ستەمی ڕەگەزی بە داواکارییەکانی ئازادی، یەکسانی و کەرامەتی مرۆیی ژنانەوە، یەکێک لە گرنگترین ئاڵنگارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی چەند دەیەی ڕابردووی خوڵقاند.

لەم چوار ساڵەی کە بەسەر قەتڵی ژینادا تێدەپەڕێت، ئەو زەمینانەی کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ١٤٠١یان پێکهێنا، نەک هەر لەناو نەچوون، بەڵکوو لە سایەی سیاسەتی کۆنەپەرستانە و دژەژنی کۆماری ئیسلامی، و ئەو شەڕە وێرانکەرەی کە بەسەر وڵاتدا سەپاندوویەتی و بەهۆی پەرەسەندنی بێکاری، هەژاری، نەهامەتی، حەقدەستی یەکجار کەم و هەڵاوسانی سێ‌ڕەقەمی، قووڵایی قەیرانە ئەمنیەتی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بەربڵاوتر بوونەتەوە و بەکردەوە شیرازەی کۆمەڵگەیان خستووەتە لێواری داڕمانەوە. ڕژێمی کۆماری ئیسلامی هەلومەرجی هەنووکەیی بەباشی درک پێکردووە و وەک شەڕی مانەوەی خۆی دەیبینێت. هەر لەم ڕوانگەیەشەوە، خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی «ڕاپەڕینی برسییەکان» ئامادە دەکات؛ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بزووتنەوە و ئەزموونێکی زۆر قووڵتر و بەربڵاوتر لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، کە تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژدا، هەزاران کەس لە ناڕازییانی خەڵتانی خوێن کرد.

لە وەها هەلومەرجێکی هەستیار و چارەنووسسازدا، ئەرکگەلێکی زۆر هەستیار و گەورە دەکەوێتە سەر شانی چینی کرێکاری ئێران و پێشڕەوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، بەتایبەت بزووتنەوەی ژنان. ئەم ئەرکانە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئەزموونەی کە لە نەبوونی ڕێکخستن و بێ‌بەرنامەیی ناڕەزایەتییەکان و کاریگەرییە دەروونی و تەبلیغاتییەکانی هێزە ڕاست و کۆنەپەرستەکان بە باجێکی زۆر قورس بەدەست هاتووە، گرنگییەکی دووهێندە پەیدا دەکەن. هەر لەم ڕوانگەیەشەوە، پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری، ژنان و هێزەکانی جەمسەری چەپ و کۆمۆنیست ئەرکدارن کە بە نەرمی، داهێنان و بەکارگرتنی ئەزموونە بەدەستهاتووەکانی ڕاپەڕینەکانی پێشوو، لە ڕێگەی کەناڵە پەیوەندییە بەردەستەکان و گرێدانی هەرچی زیاتریان بەیەکەوە و دروستکردنی تۆڕی پەیوەندیی دیکەوە، جەماوەری وەگیانهاتوو لە هەژاری و نەهامەتی و بێکاری و سەرکوت، سەبارەت بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان و ڕێگاکانی بەرەوپێشبردنی ناڕەزایەتییەکان هۆشیار بکەنەوە.

ناسینی تاکتیکەکانی کۆماری ئیسلامی، لەوانە دانانی کۆمەڵگە لە بەرامبەر جەمسەرگیرییەکی دووقۆڵیی دیکە لەنێو دەسەڵاتدا و مافی «هەڵبژاردن»ی خەڵک لە نێوان خراپ و خراپتردا، درێژەدان بە دۆخی نیزامی-ئەمنیەتی، بەتایبەت کۆمەڵکوژی لە زیندانەکاندا و هەروەها هەوڵدان بۆ زەقکردنەوەی «کێشەی» حیجاب لە کۆمەڵگەدا، دەبێت ئاشکرا و ڕیسوا بکرێن، و کۆمەڵگەش داهێنەرانە و بە تاکتیکی نەرم و گونجاوەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان ئامادە بکرێت.

شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، وێڕای ڕاگەیاندنەوەی دژایەتیی خۆی لەگەڵ هەرچەشنە هێرشێکی سەربازی، بۆردومان و دەستتێوەردانێکی دەستدرێژکارانەی زلهێزە ئیمپریالیستییەکان، تەواوی توانای خۆی بۆ ڕێکخستن و ئامادەکردنی زۆرینەی هەرە مەزنی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، ژنان و ئازادیخوازان بە مەبەستی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی دەخاتە گەڕ.

بەرز و بەڕێز بێت یادی ئازیزی ژینا و سەرجەم گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ١٤٠٤ و بزووتنەوەکانی دیکە!

بڕووخێ ڕژێمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی!

بژی ئازادی ـ بژی سۆسیالیزم!

شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

خەرمانانی ١٤٠٥

واژۆکان: یەکێتیی سۆسیالیستیی کرێکاری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حیکمەتیست، ڕێکخراوی ڕاهی کارگەر، ڕێکخراوی فیداییان (ئەقەلییەت) و هەستەی ئەقەلییەت.

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv

shorah.org