ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی مانگی سەرماوەزی ١٤٠٠ جەلادانی ڕژیم، چوار بەندکراوی سیاسی بەناوەکانی حەیدەر قوربانی، عەبدولخالق سالارزهی، نەعیم شە بەخش و هادی شەهریارییان کە ساڵەها لە زینداندا بوون لە سێدارە دا تا داماویی خۆیان لە ڕێگەی سیاسەتی پێکهێنانی ترس و تۆقاندن قەرەبوو بکەنەوە. سیاسەتێک کە پاش هاتنە سەر کاری ڕەئیسیی جەلاد، بە دەیان ئێعدام لە کارنامەکەیدا، تایبەتمەندیی سەرەکی و تەنیا ڕێگای مانەوەی دەسەڵاتە نگریسەکەیانە. بەمجۆرە بوو کە یەکشەممەیەکی ڕەش و خوێناوی بە کارنامەی ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی زیادبوو.
حەیدەر قوربانی بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شارستانی کامیاران، بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە بە تۆمەتی “بەغی” لە زیندانی سنە لە سێدارە درا. پاش نزیک بە پێنج ساڵ زیندان و ئەشکەنجە و ئیعتراف وەرگرتنی ئیجباری، بە بێ ئەویکە دەرفەتی دوایین ماڵئاوایی لەگەڵ بنەماڵەکەی پێ بدرێت، هەر بە شەو لە سێدارە درا و بە نهێنی تەرمەکەی ناشترا. خوێنڕێژانی ئیسلامی بنەماڵەی ئەم قوربانییەیان بە درۆ بۆ دیدار بانگ کرد، بەڵام هەواڵی ئێعدامی حەیدەریان پێدان و شوێنی ناشتنی تەرمەکەیان لە بەهەشتی محەممەدیی سنە پێی نیشان دان.
ئێعدامی حەیدەر قوربانی لە باروودۆخێکدا ئەنجام دراوە کە ناوبراو پاش یەک ساڵ دەستبەسەرکران و ئەشکەنجە لە ژووری تاکەکەسیدا ناچار بە تەسلیم و بەڕێوەبردنی سێناریۆی دەزگای ئەمنییەتی ببوو. ئەم ئێعترافە لە مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٩٥ لە کەناڵی پرێس تی وی بڵاو کرایەوە. پاش ماوەیەکی کورت، حەیدەر و هاوڕێی دەستبەسەرکراوی، ڕایانگەیاند کە هەموو ئێعترافەکان ئیجباری و درۆ و لەژێر ئەشکەنجەدا بوون. پاشان هەوڵەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی حەیدەر پەرەیان سەند. گەلێک نامە و تۆمار بۆ بەرپرسانی حکوومەتی نووسران و چەند قەول و قەرارێک بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە دران، بەڵام قاتڵانی ڕژیم کە بۆ تەنافەکانیان بەشوێن گەردنەوەن، هەر بەشەو حەیدەریان لە دار دا.
لە بەرامبەر ئەم جەنایەتەدا، سەرەڕای گوشار و هەڕەشەی دەزگا ئەمنییەکانی ڕژیم، خەڵکی شاری کامیاران لە بەرامبەر ماڵی حەیدەر قوربانی کۆبوونەوە و هاوپشتیی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی قوربانی و نەفرەتیان لەئاست وەحشیگەریی ڕژیم نیشان دا. هاوپشتییەک کە وەبیرهێنەرەوەی مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان پاش ئێعدامی شوانە سەید قادری، فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێیانی لە کوردستان بوو. هەروەها هاوپشتییەک کە نیشانەی شکستی ڕژیمی ئیسلامی لە ترساندن و پاشەکشە پێکردن بە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و مافخوازانەی خەڵک لە سەرتاسەری ئێران بوو. بزووتنەوەیەک کە لەئێستادا بە مانگرتنی بەرینی موعەلیمان لە پتر لە ١٢٠ شاری ئێران لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا و بە خۆپیشاندانی شکۆداری فەرهەنگیانی شیراز و درووشمی “بەندکراوی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت، موعەلیمی زیندانی دەبێ ئازاد بکرێت” هەنگاوێکی گەورەی بۆ پەیوەند دانی بزووتنەوەی مافخوازی و سیاسی هەڵگرتووە. بزووتنەوەیەک کە پاش سەرکوتی کۆبوونەوەی دوو حەفتەیی جووتیاران و خەڵکی تینووی ئیسفەهان، لەسەر بەستێنی مانگرتنی گەورەی هەزاران کرێکاری پەیمانی نەوت و مانگرتن، خۆپیشاندان و ئاکسیۆنی بەردەوامی کرێکارانی حەوت تەپە، فوولاد و مەعەدەنەکان و ناڕەزایەتیی بەردەوامی خانەنشینکراوان و زەرەرمەندان و جووتیاران و هتد سەری هەڵداوە و بەرەو ئاراستەیەک دەڕوات کە لەپەنا بزووتنەوەی دادخوازیی بنەماڵەکانی خاوەران، بزووتنەوەی خەزەڵوەر و قوربانییانی جەنایاتی چل و چەند ساڵەی حکوومەتی ئیسلامییەوە، تۆفانێکی بەرین و مەزن ڕێک بخات و بۆ هەمیشە ڕژیمی سەرمایەداریی ئیسلامی لەناوبەرێت.
لە هەمان حاڵدا لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، شایەدی دەستبەسەرکردنی ڕەسووڵ بۆداقی و لەیلا حەسەن زادە بووین. لە وەزعییەتی ئەم دوو چالاکەی موعەلیمان و خوێندکاران هیچ هەواڵێک لەبەردەستدا نییە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، هەر دووی ئەم دەستبەسەرکراوانە بە توندی دراونەتە بەر توندوتیژی و ئەشکەنجە و ئیحتمالی ئەوە هەیە کە لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین لە هاوسایەتیی هیراد پیربۆداقی و نەرگس محەممەدی زیندانی کرابن و لەژێر بازجوویی و ئەشکەنجەدا بن. هەروەها چل و حەوت کەس لە بەندکراوانی بەندی سیاسیی ورمێ، بۆ هەشتەمین ڕۆژی بەردەوام درێژەیان بە مانگرتن لە خواردن داوە. ئەم بەندکراوانە کە لە ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی مانگی سەرماوەزەوە لە ناڕەزایەتی بە بڕیاری سەرۆکی زیندان واتە گواستنەوەی بەندکراوانی ئەم بەندە بۆ بەندی نوێ بە بێ ئیمکانات و فەزای پێوست مانیان لە خواردن گرتبوو، بە بڵاوکردنەوەی نووسراوەیەکی هاوبەش ڕایانگەیاند کە تا کاتی ڕاگەیاندنی ڕەسمیی بەرپرسانی زیندان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری گواستنەوەیان بۆ بەندی نوێ، مانگرتن لە خواردن هەروا درێژە پێدەدەن.
شۆرای هاوئاهەنگیی هێزە چەپ وکۆمۆنیستەکان، ئێعدامی جەنایەتکارانەی حەیدەر قوربانی و باقی بەندکراوانی سیاسی بە توندی مەحکووم دەکات و داوا لە هەموو خەڵکی ئێران، هەموو هێزە مرۆڤدۆست و ئازادیخوازەکان دەکات کە دژبە ڕژیمی جەنایەتکار و ماشێنی کوشتار و جەنایەتی دەوڵەتی ئیسلامی دەست بدەنە ناڕەزایەتی. نابێ ڕێگە بدەین کە دەنگی ئازادیخوازی، عەداڵەت، مافخوازی و ئینسانییەت کپ بکرێت، نابێ ڕێگە بدەین جەنایەتکاران باشترین ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتە بە تاوانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ جەنایەت و تاڵانکردن و هەڵاواردن و ستەم بە زیندان و ئەشکەنجە و پەتی سێدارە بسپێرن، نابێ دەنگی بەندکراوانی ڕاگیراو لە ورمێ، دەنگی سپیدە و لەیلا و ڕەسووڵ و هیراد و ئیسماعیل و باقیی بەندکراوان خامۆش بێت. پێویستە ببینە دەنگی ڕەسای بەندکراوان، دەنگی ڕەسای ئازادی، بەرابەری، ئینسانییەت و ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی سێدارە و داغ و ئەشکەنجە. ئێمە داوا لە هەموو مرۆڤێکی بەرپرس، وشیار، خەباتکار و ئازادیخواز دەکەین کە بە هەوڵی بەرین و بەردەوام لە هەر شوێنێکی جیهان و بەهەر شێوازێک کە مومکین و کاریگەرە، دژبە سەرکوت و زیندان و سێدارە ناڕەزایەتی دەربڕن.
بەندکراوی سیاسی، دەبێ ئازاد بکرێت!
نەمێنێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیسم!
دووشەممە ٢٩ی مانگی سەرماوەزی ١٤٠٠ – ٢٠ی دێسامبری ٢٠٢١