مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی موعەلیمان لە ماوەی ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی مانگی سەرماوەزی ١٤٠٠، بۆ جارێکی دیکە دیمەنی هاوپشتی، هاودڵی و پەیگیریی موعەلیمانی نیشان دا. مانگرتنی سەرتاسەریی موعەلیمان لەسەر بانگهێتشی شۆرای هاوئاهەنگیی ناوەندی پیشەیی موعەلیمان، بەشێوەی هاوکات لە ١١٠ شار بەڕێوەچوو. ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتییانە لە ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی مانگی سەرماوەزدا بەشێوەیەکی شکۆدارتر درێژەی بوو و لەئاستی سەرتاسەریدا لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران لە بەرامبەر ئیدارەی ئامووزش و پەروەرش و لە تاران لە بەرامبەر مەجلیسی کۆنەپەرستی ئیسلامیدا بەڕێوەچوو.
بەکردەوەدەرهێنانی گەڵاڵەی ڕیزبەندیی موعەلیمانی لەسەرکار بەشێوەی کامڵ(هەشتا لەسەدی مووچەی هەیئەتی زانستی) و هاوسانسازی بەپێی لانیکەمی ١٣ ملیۆن تمەن بۆ خانەنشینکراوان، لە سەرەکیترین خواستەکانی موعەلیمانە و ڕێکخراوەکانی موعەلیمان دەمێکە بۆ وەدیهێنانی ئەم خواستانە دەستیان داوەتە مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەری. ئەمنییەتی پیشەیی بۆ موعەلیمانی پێش سەرەتایی، موعەلیمانی نێهزەتی سەوادئامووزی، موعەلیمانی خەرید خەدەماتیی ئامووزشی و موعەلیمانی بەشی خسووسی، ڕاگرتنی خسووسی سازی، تەئکید لەسەر مافی خوێندنی بێبەرامبەر، فێرکاریی ستاندارد، کۆتایی هێنان بە پەروەندەسازیی ئەمنییەتی دژبە موعەلیمان، گەڕاندنەوە سەر کاری موعەلیمانی دەرکراو و ئازادکرانی موعەلیمانی دەستبەسەرکراو، باقیی خواستەکانی دیکەی موعەلیمان پێک دێنن و بەردەوام لە مانگرتن و ناڕەزایەتییە سەرتاسەریەکانی موعەلیماندا پێداگرییان لەسەر دەکرێت.
تایبەتمەندیی ئەم قۆناغە، درێژەداربوونی مانگرتن، بەریناییی بەشداریکردنی موعەلیمان و سەرتاسەری بوونی ناڕەزایەتییەکان لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێرانە. سەرەڕای ڕەشبگیرییەکان، لەوانە دەستبەسەرکردنی ڕەسووڵ بۆداقی لەم دوایانەدا و هەروەها گوشاری سەرکوتگەرانە لە ڕۆژانی بەر لە دەستپێک و پاش کۆتایی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان ، مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەری لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا یەکجار بەرینتر، شکۆدارتر و ڕادیکاڵتر لە ڕابردوو بەڕێوەچوو. لەڕاستیدا درێژەی مانگرتن، بەرینایی و بەرچاوبوونی بەشداریی موعەلیمان لە مانگرتن و ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکاندا، نیشانەی ئەو واقعییەتەیە کە سەرکوت، هەڕەشە، دەستبەسەرکردن و پەروەندەسازیی ئەمنییەتی، کاریگەری و کارایی خۆی لەدەست داوە و بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی موعەلیمان هاوڕێ لەگەڵ باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بووەتە فاکتێکی کاریگەر لە باروودۆخی ئێستای کۆمەڵگادا و هاوکات لەگەڵ قووڵ بوونەوەی قەیرانەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئسیلامی، لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە، مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی پەرەپێدەدات.
هاوڕێیەتیی خوێندکاران لەگەڵ موعەلیمانی مانگرتوو، بەشداریی بەرین و بەرچاوی موعەلیمانی ژن لەم مانگرتنانە، پشتیوانی جەماوەری غەیرە موعەلیم لە ناڕەزایەتیی موعەلیمان و هەروەها چوونەسەرەوەی وەزنی سیاسیی ناڕەزایەتیی و مانگرتنەکانی ئەم دوایانەی موعەلیمان، چەند تایبەتمەندییەکی بەرچاوی مانگرتنی سەرتاسەریی موعەلیمان لە ڕۆژانی ٢٠، ٢١ و ٢٢ی سەرماوەز دێنە ئەژمار. ئەم تایبەتمەندییانە یەکجار بەنرخن و پێویستە بایەخیان پێ بدرێت و پەیگیرانە لە مەسیری پەرەپێدانی و قووڵ کردنەوەیاندا هەنگاو هەڵ بگیرێت. ئەگەرچی مانگرتنی سەرتاسەریی موعەلیمان، مەجلیسی کۆنەپەرستیی ئیسلامیی ناچار بە پەسندکردنی گەڵاڵەی ڕیزبەندیی موعەلیمان، بەشێوەی ناقیس کرد، بەڵام ئەم تاکتیکەی کۆماری ئیسلامی کە بە ئامانجی دووبەرەکی نانەوە لەناو ڕیزی خەباتکارانەی موعەلیمان و هەروەها پێکهێنانی شک و گومان لە درێژەدانی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی ئەوان بەکاری هێنا، لەگەڵ هەڵوێستی خێرا و سەری وەختی ناوەندی پیشەیی موعەلیمان بەرەوڕوو بووەوە و دەستبەجێ پووچەڵ کرایەوە.
محەممەد حەبیبی، وتەبێژی ناوەندی پیشەیی موعەلیمان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی سەرماوەز، لە کاردانەوە بە پەسندکرانی ناقیسی گەڵاڵەی ڕیزبەندی وتی: “ئەوەیکە ئەمڕۆ لە مەجلیسدا پەسندکرا تەنیا گۆترەکاری بوو نەک گەڵاڵەی ڕیزبەندی. ئەم گەڵاڵەیە لە لایەن موعەلیمان و ڕێکخراوە پیشەییەکانی فەرهەنگییانەوە تەئید نەکراوە و کۆبوونەوەی سەرتاسەریی موعەلیمان تا گەیشتن بە گشت خواستەکان درێژەی دەبێت.” ئاشکرایە کە لەگەڵ پەسندکردنی ناقیسی گەڵاڵەی ڕیزبەندی و بوودجەیەکی کەم کە بۆ بەڕێوەچوونی تەرخان کراوە، گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە باروودۆخی پیشەیی موعەلیماندا پێک نایەت و زۆربەی هەرەزۆری موعەلیمان هەروا لە هەژاریدا دەمێننەوە. سەرەڕای ئەمانە، دەوڵەتیش ئاوی پاکی بەسەر ئەم پەسندکراوەی مەجلیس دا کرد و ڕایگەیاند کە ئەساسەن هیچ جۆرە بوودجەیەکی بۆ بەڕێوەبردنی ئەم پەسندکراوەی مەجلیس نییە. لە وەها باروودۆخێکدا موعەلیمانی ئێران بۆ وەدیهاتنی خواستە ڕەواکانیان هیچ ڕێگایەکیان بێجگەلە پەرەپێدانی خەبات و درێژەی مانگرتنە سەرتاسەرییەکان لەبەردەم نییە.
سەرەڕای ئەو پێشکەوتنە حاشاهەڵنەگرانەی کە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی موعەلیمان هەتا ئێستا بوویەتی، هێستا ئەم بزووتنەوەیە لە پشتیوانیی کردەوەیی جەماوەری ئێران و باقی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەت بزووتنەوەی کرێکاری بەهرەمەند نییە. بێگومان وەدیهاتنی داخوازییەکانی موعەلیمان کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بردنەسەرەوەی ئەمنییەتی پیشەیی، دووری کردن لە چەند پیشەیی، ئاسایش و هەبوونی وەختی بەتاڵی زیاتر بۆ بردنەسەرەوەی ئاستی زانستیی خۆیان و پەروەردە و بارهێنانی خوێندکاران دەبێت. هەربۆیە باروودۆخی ژیانی موعەلیمان، ئەمنییەتی پیشەیی و هەروەها وەدیهاتنی داخوازییەکانیان لەگەڵ چارەنووسی داهاتووی خوێندکاران و دایک و باوکانی ئەوان و ئاستی فێرکاریی و کلتووریی گشت کۆمەڵگا پەیوەندی هەیە. کەوابوو بەلەبەرچاوگرتنی باروودۆخی ئێستا، هەروەک چۆن وتەبێژی ناوەندی پیشەیی موعەلیمان وتوویەتی، ئەوان هەتا وەدیهاتنی خواستەکانیان، هیچ ڕێگایەکیان بێجگەلە بەڕێوەبردنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەری لەبەردەم نییە.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، دیفاع لە داخوازیی موعەلیمان بە ئەرکی خۆی و هەموو هێزە وشیار و پێشکەوتووەکانی کۆمەڵگا دەزانێت و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە پشتیوانی و هاوپشتیی باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەت بزووتنەوەی کرێکاری، و هەروەها هاوڕێیەتی و هاودڵیی خوێندکاران و دایکان و باوکانیان لەگەڵ خواستی موعەلیمان، ئامرازێکی کاریگەرە بۆ بەرەوپێش بردنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەرتاسەریی موعەلیمان.
گەشەدار بێت یەکگرتوویی و هاوپشتیی موعەلیمان
موعەلیم، کرێکار، خوێندکار! یەکگرن یەکگرن!
بەندکراوی سیاسی بێ شەرت و مەرج پێویستە ئازاد بکرێت!
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیسم
٢٦ی مانگی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی بەرابەر لەگەڵ ١٧ی دێسامبری ٢٠٢١ی زایینی
ئیمزاکان: ئیتحادی فەداییانی کۆمۆنیست، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کاریگەری-حێکمەتیست، سازمانی راهی کاریگەر، سازمانی فەداییان(ئەقەلییەت) و هەستەی ئەقەلییەت