“خوێندکار، کرێکار، یەکگرن! یەکگرن!”
ڕۆژی خونێدکار، ڕۆژی ڕێزلێنان لە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و وشیاریبەخش لە ئێرانە کە لەگەڵ مێژووی خەباتی مافخوازانەی بێبەشانی کۆمەڵگا تێکەڵە و تایبەتمەندیی بەرچاوی، سوننەتی خەباتکارانەی ڕادیکاڵ و چەپە لە باروودۆخە هەستیارە مێژووییەکان دا. لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢ کاتێک کە کوودەتا دوایین موقاومەتەکانی کۆمەڵگای تێکشاند، خوێندکاران دژبە دەوڵەتی کوودەتا دەستیان دایە خەبات و لە درێژەی ئەم خەباتەدا لە ١٦ی سەرماوەزی هەمان ساڵ خوێندکاران وەک توێژی لاو و وشیاری کۆمەڵگا لە ناڕەزایەتی بە سەفەری ریچارد نیکسۆن و هەروەها دەستپێکردنەوەی پەیوەندی دیپلۆماتیک لەگەڵ دەوڵەتی بریتانیا، کە هەر دوو لە ڕێکخەرانی کوودەتا بوون، خۆپیشاندانیان بەڕێوەبرد. ناڕەزایەتیی خونێدکاران لەگەڵ کاردانەوەی خێرا و وەحشیانەی کوودەتاچییەکان بەرەوڕوو بووەوە و لە هێرشی هێزە نیزامییەکاندا سێ خوێندکار گیانیان بەختکرد و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون و دەستبەسەرکران. ئەمە دەستپێکی پێکهاتنی سوننەتێکی خەباتکارانەی ڕادیکاڵ لەناو بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێراندا بوو. بزووتنەوەیەک کە لە درێژەی خۆیدا لە هەموو کێشمەکێشە سیاسی و چینایەتییەکانی ناو کۆمەڵگادا بەشێوەی بەرچاو بەشداریی کرد.
پاش ڕاپەڕینی ساڵی ٥٧، خوێندکاران زانکۆیان کردە گۆڕەپانی بەرەنگاربوونەوە هەر شتێک کە نوێنەری کۆنەپەرستی و دژەشۆڕش بوو. لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٨٧ و لەوپەڕی وتاری ڕێفۆرمخوانی حکوومەتیدا، بۆ جارێکی دیکە خوێندکاران زانکۆکانیان لەگەڵ ئاخێزی سەر شەقام پەیوەند داوە. سەرکوتی خوێناویی ئاخێزی خوێندکاران و هاودەنگیی هەر دوو باڵی ڕژیم لەم سەرکوتەدا، خۆی بەستێنسازی پاشەکشەی باسکی باندەکانی ڕژیم لە زانکۆکان و سەرهەڵدانی دووبارەی سوننەتی شۆڕشگێڕانە لەناو بزووتنەوەی خوێندکاریدا بوو. پاش ئەم قۆناغەش خوێندکارانی پێشڕەو ڕانەوەستان و بزووتنەوەی خوێندکاری هەنگاو بە هەنگاو وەک بزووتنەوەیەکی ڕوولەگەشە و چەپ و ڕادیکاڵ درێژەی بە پێشڕەویی خۆی دا.
خوێندکاران لە ئاخێزی سەرتاسەریی بەفرانباری ٩٦یش کە گۆڕانکارییەکی گەورەی لە وشیاریی جەماوەردا پێکهێنا، چالاکانە بەشدارییان کرد. بەشی ڕادیکاڵی بزووتنەوەی خوێندکاریی درووشمی “ئیسلاح تەڵەب، ئۆسوولگەرا، ئیتر تەواوبوو ماجەرا”ی بردە ناو ئاخیزە جەماوەرییەکان. خوێندکاران لەو حەوت ڕۆژەدا کە ئاخێزی جەماوەری ئێرانی لەرزاند، لەگەڵ بێبەشانی شاری هاوڕێ بوون. بەمجۆرە خوێندکاران نیشانیان دا کە لە شەڕی نێوان هەژاری و سەروەت، لە دوژمنایەتیی نێوان دیکتاتۆری و ئازادی، لە دوژمنایەتیی نێوان هەڵاواردنی ڕەگەزی و ڕزگاریی ژن، لە کوێدا ڕاوەستاون. فڕێدانی ڕووسەری لە لایەن کۆمەڵێک ژنی لاو لە ڕێوڕەسمی جێژنی دەرچوون لە بەرامبەر زانکۆی تاران لە ڕۆژی یازدەی خەزەڵوەری ئەمساڵ، نموونەیەکی دیکە لە هێرش بۆسەر یەکێک لە بنەما ئیدێئۆلۆژیکەکانی ئەم ڕژیمە و خەباتی خوێندکاران دژبە حیجابی ئیجباری بوو. بێگومان دەتوانین بڵێین کە بەشی پێشڕەو و ڕادیکاڵی بزووتنەوەی خوێندکاری ستراتێژی یەکگرتوویی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاران، هەژاران و بێبەشانی کۆمەڵگای گرتووەتەبەر. هاواری “ڕۆڵەی کرێکارانین، هەردەم پشتیوانیانین” لە زانکۆکان، بەڕێوەبردنی ئاکسیۆن بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی کرێکاران، هاوڕێیەتی لەگەڵ مانگرتنی سەرتاسەریی موعەلیمان و خوێندکاران، پەیوەست بوون بە ڕیزی ئەو ژنانەی کە حیجابیان بە زەوی دادا، ڕەنگدانەوی ئەم هەڵوێستە ڕادیکاڵە لەناو بزووتنەوەی خوێندکاری دایە.
شازدەی سەرماوەزی ئەمساڵ لە باروودۆخێکدا بەرز ڕادەگرین کە کۆمەڵگای پاش ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی مانگی بەرفرانباری ٩٦ چووەتە قۆناغێکی نوێ لە خەباتی سەرشەقام و ئاشکرای جەماوەری ئێران و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو باروودۆخی شۆڕشگێڕانە دەڕوات. کرێکارانی نەوت و گاز و پێرۆشیمی، کرێکارانی حەوت تەپە، ئاخێزی ئاو لە خووزستان، ئیسفەهان و چوار مەحاڵ و بەختیاری، موعەلیمان، خانەنشینکراوان، کرێکارانی خزمەتگوزاری و شارەداری و هتد، بە مانگرتن و ناڕەزایەتیی بەردەوامی خۆیان مژدەی ئاڵوگۆڕی چارەنووسساز دەدەن. خوێندکارانی پێشڕەو و وشیار کە لەگەڵ بێبەشانی کۆمەڵگا و باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان تێکەڵن دەتوانن ڕۆڵێکی بەرچاویان لە بەرەوپێش بردنی بزووتنەوەکان هەبێت، چۆنکە ئەوان لەگەڵ هەموو ئەو نەهامەتییانە بەرەوڕوون کە کۆمەڵگا لەگەڵیان بەرەوڕووە. هەربۆیە بزووتنەوەی خوێندکاری لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە و بەتایبەت بزووتنەوەی کرێکاری دەتوانێ ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پێشڕەوی بەرەو باروودۆخی شۆڕشگێڕانە و هەوڵ بۆ دامەزراندنی بژاردەیەکی سۆسیالیستی و شۆرایی کرێکاری هەبێت.
پیرۆز بێت ١٦ی سەرماوەز، ڕۆژی خوێندکار
بڕووخێت ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیسم
١١ی سەماوەزی ١٤٠٠ – ٢ی دێسامبری ٢٠٢١
ئیمزاکان: ئیتحادی فەداییانی کۆمۆنیست، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کاریگەری-حێکمەتیست، سازمانی راهی کاریگەر، سازمانی فەداییان(ئەقەلییەت) و هەستەی ئەقەلییەت.