توندوتیژی بەرانبەر ژنان تەنیا کێشەوگرفتی ژنان نییە!
لە ٢٥ی نۆڤەمبەری ١٩٦٠ ڕێکخراوی ئەمنییەتیی ڕژیمی رافائێل تروخیلۆ، دیکتاتۆری کۆماری دومنیکن لەگەڵ توندکردنەوەی سەرکوت بەرامبەر بە بزووتنەوی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، سێ خوشکی بە ناوەکانی پاتریا، ماریا و ئانتۆنیا میرابێلی پاش بەدیل گرتن و چەندین مانگ ئەشکەنجە و دەستدرێژی، کوشت. تاوانی ئەوان بەشداریکردن لە خەبات بۆ ئازادیی و ڕزگاری لە ستەم و چەوسانەوە و سەرکوت بوو.
پاش تێپەڕینی ٢١ ساڵ لەم جەنایەتە واتە لە ساڵی ١٩٨١ چالاکانی مافی ژنانی ئەمریکای لاتین و ناوچەی کارائیب لە کۆبوونەوەی خۆیاندا ڕۆژی کوژرانی ئەم سێ خوشکەیان وەک ڕۆژی “بیرەوەریی خوشکەکانی میرابێل” ناودێر کرد تا زیاتر لە ڕابردوو سەرەنجی بیروڕای گشتیی جیهان بەرەو توندوتیژیی بەرانبەر ژنان ڕاکێشرێت. سەرەنجام لە ئاکامی خەباتی چڕوپڕی داکۆکیکاران و چالاکانی بزووتنەوەی ژنان لە ساڵی ١٩٩٩دا ئەم ڕۆژە لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە “ڕۆژی جیهانیی ڕاگرتنی توندوتیژی بەرانبەر ژنان” ناودێر کرا.
لەم ڕێکەوتەوە بەرەو ئەملا، سەرەڕای هەوڵی فراوانی چالاکانی مافی ژنان و پەسندکرانی بڕیارنامەی ١٣٢٥ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نەمانی توندوتیژی و ستەم بەرانبەر ژنان، نەتەنیا پێشکەوتنێک لەم بوارەدا حاسڵ نەبووە، بەڵکوو لە مەودای زەمانیی پەسندکرانی ئەم بڕیارنامەیەوە هەتا ئێستا، لە زۆر شوێنی جیهان شایەدی پەرەسەندنی توندوتیژی و ستەمی زیاتر دژبە ژنانین. سەرەڕای چوونەسەرەوەی ئاستی توندوتیژی و سووکایەتی کردن بە ژنان بەشێوازی جۆراوجۆر لە وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداری، شایەدی پەرەسەندن و توندبوونەوەی توندوتیژی لەلایەن گرووپە ئیسلامییەکان و دەوڵەتانی سەرمایەداری لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا وئەمریکای لاتین و ئەفریقاین. زۆربەی ئەم گرووپ و دەوڵەتە کۆنەپەرستانە لە شەڕ و کێبەرکێی ئیمپریالیستی بۆ زاڵبوون بەسەر سەرچاوەی سەرەکی و بازاڕی کار و کاڵای ئەم وڵاتانە پێکهاتوون و یان پشتیوانییان لێ دەکرێت. بەرژەوەندی ئابووری و ژێئۆپۆلیتیکی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی هەرگیز ڕێگەی نەداوە و ڕێگەش نادات کە لەئاست بێ مافی و توندوتیژیی بەرانبەر ژنان لەم وڵاتانە هەوڵێکی کاریگەر ئەنجام بدرێت.
توندوتیژی دژبە ژنان لە نیزامی چینایەتیدا یەکێک لە شێوازە پایەدارەکانی پێشێلکردنی مافی ئینسانە و بە ئامانجی بەهرەکێشی و ستەم و چەوساندنەوە لە ئاستی جیهاندا ئەنجام دەدرێت و تایبەت بە کلتوور، نەتەوە، ناوچە و وڵاتێک نییە. توندوتیژی بەرانبەر ژنان، ڕیشەی لە سیستمی پیاوسالاریی سەرمایەداری دایە و ئەم واقعییەتە نیشانی دەدات کە هەرجۆرە خەباتێک بۆ نەمانی ستەمی ژنان ناتوانێ بە بێ پەیوەندی لەگەڵ خەباتی چینایەتی دژبە نیزامی قازانجپەرست بەسەرەنجام بگات. لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا بەخاتری یاسای مەزهەبی و کلتووری پیاومەزنانە، ژنان بوونەتە قوربانییانی هەمیشەیی گرووپە کۆنەپەرست و جەنایەتکارە ئیسلامییەکانی وەک بوکوحەرام و داعش.
لە وڵاتانێکی وەک ئێران کە ئیسلام و دیکتاتۆری وەک ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی بەسەریدا زاڵە و دین و دەوڵەت تێکهەڵکێشراون، توندوتیژیی جنسییەتی یەکجار بەرینتر و کارەساتبارترە. بۆ نموونە توندوتیژیی کەلامی، دەستدرێژی، مەتەڵەک پێدادان، دووگیان بوونی نەخوازراو، لەشفرۆشی، خەتەنە، کڕین و فرۆشتنی ژنان، توندوتیژی لە شوێنی کار، توندوتیژی لە زیندان، دەستدرێژی و کوشتن، ئازار و ئەزیەت لە لایەن ئەندامانی بنەماڵە، توندوتیژی نیگاهی، ڕەفتاری، جیاکردنەوەی ژنان و پیاوان و سەدان جۆریتر دەتوانین ناو بەرین کە ڕۆژانە لە شوێنی کار و ژیاندا بەرانبەر ژنان ئەنجام دەدرێن. هێندێک لەم توندوتیژیانە لەم کۆمەڵگایانەدا لە لایەن یاسای ڕەسمییەوە پشتیوانیی لێدەکرێت و ئەنجامدەرانی توندوتیژی بەرانبەر ژنان، لە هەموو سزایەک دەربازیان دەبێت.
ئەگەرچی دیاریکردنی ڕۆژێک بە ناوی ڕۆژی جیهانیی ڕاگرتنی توندوتیژی بەرانبەر ژنان دەستکەوتێکی گرینگە بۆ چالاکان و داکۆکیکارانی مافی ژنان، بەڵام چاوەڕوانیی هەوڵی کردەوەیی بۆ نەمانی توندوتیژی دژبە ژنان لەم ڕێگایەوە چاوەڕوانێکی بێهۆیە.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بۆ جارێکی دیکە لە “ڕۆژی جیهانیی خەبات بۆ نەمانی توندوتیژی بەرانبەر ژنان” وێڕای وەبیرهێنانەوەی ئەم خاڵە، کە توندوتیژی دژبە ژنان تەنیا کێشەوگرفتی ژنان نییە بەڵکوو کێشەوگرفتی کۆمەڵگا و بەمانای داسەپاندنی توندوتیژی بەسەر هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا دایە، تەئکید دەکاتەوە کە توندوتیژی بەرانبەر ژنان یەکێک لە ئاسەوار و دواهاتەکانی نیزامی سەرمایەدارییە کە لەسەر بنەمای بەهرەکێشی و قازانجپەرستیی کەمینەیەکی خاوەن دەسەڵات و سەروەتە. سیستەمیک کە هەم خۆی ئەم توندوتیژیە دەخوڵقێنێت و هەم بەخاتری پاراستنی دەسەڵاتەکەی پێویستی پێیەتی و بەردەوام مانەوەی پاساو دەکات. کەوابوو خەبات بۆ نەمانی توندوتیژی بەرانبەر ژنان لەگەڵ خەبات دژبە نیزامی چینایەتی پەیوەندیکی جیانەکراوەی هەیە و پێویستە هەر لەمڕۆوە ببێتە خواستێکی سەرەکی و ڕۆژمەڕەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە ئاست و شێوازی جۆراوجۆردا. هەربۆیە شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بانگهێشتی هەموو ژنان و پیاوانی بەرابەری تەڵەب و ئازادیخواز دەکات بۆ خەباتێکێ پەیگیر لەپێناو ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی دەسەڵاتی کرێکاری و شۆرایی.
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیسم
شەممە ٢٩ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٠
٢٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١
ئیمزاکان: ئیتحادی فەداییانی کۆمۆنیست، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کاریگەری-حێکمەتیست، سازمانی راهی کاریگەر، سازمانی فەداییان(ئەقەلییەت) و هەستەی ئەقەلییەت.