شەڕی ئیمپریالیستی و دژەمرۆیی پێویستە ڕابگیرێت!
دوای چەندین حەوتوو شەڕەقسە، هەڕەشە، هۆشدار و دیداری سەرانی دوو بلۆکی ئیمپریالیستی ئەمریکا و ئەورووپا، ئیمپریالیسمی ڕووسیا دەستیان دایە مانۆڕی نیزامی لەسەر ئۆکراین و پاشان کۆمارەکانی لوهانسک و دۆنێتسک لەلایەن فیدڕاسیۆنی ڕووسیاوە بەڕەسمی ناسران و سەرەنجام لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی فێوریەدا ڕووسیا هێرشی سەربازیی خۆی بۆسەر ئۆکراین لە باکوور، ڕۆژهەڵات و باشوور، لە ڕێگەی ئاسمان و زەوی و دەریاوە دەستپێکرد.
توندبوونەوەی قەیرانەکانی ئێستا و هێرشی سەربازیی ڕووسیا بۆسەر ئۆکراین بۆ جارێکی دیکە ئەم حەقیقەتەی نیشان دا کە شەڕ درێژەی سیاسەت بەشێوەیەکی دیکەیە. سیاسەتێک کە لەئێستادا خۆی لە هێرشی ڕووسیادا نیشان داوە، هیچ شتێک نییە بێجگەلە ڕەنگدانەوەی هەمان سیاسەتی پێشوو کە لەگەڵ گۆڕانی هاوسەنگیی هێزی نێوان دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان، ئەمجارەیان ئۆکراینی کردووەتە مەیدانی شەڕی ئەم کێبەرکێیانە.
لەڕاستیدا، چ ئیدیعای ڕیاکارانەی ڕووسیا کە گوایە بۆ دیفاع لە دانیشتووانی “کۆمارەکانی لوهانسک و دۆنێتسک” ئەرتەشی خۆی ڕەوانەی ئەم ناوچانە کردووە و چ ئیدیعای فریوکارانەی ئیمپریالیسمی ئەمریکا، یەکیەتیی ئەورووپا و ناتۆ کە گوایە بۆ دیفاع لە مافی دەسەڵاتداریەتیی ئۆکراین هێزی سەربازی و چەکیان بۆ وڵاتانی سنووری ئۆکراین ناردووە، هیچ لەم حەقیقەتە کەم ناکاتەوە کە ئامانجی هەر دوو بلۆکە ئیمپریالیستەکە دووبارە دابەشکردنەوەی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان لە باروودۆخی نوێی جیهانیدایە.
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە نەزمی جیهانی دوو جەمسەریی پاش شەڕی جیهانیی دووهەم و پێکهاتنی جیهانی یەک جەمسەریی دوای ڕووخانی بلۆکی ڕۆژهەڵات، بە مێژوو سپێردراوە. سەرهەڵدانی چین تا ئاستی دووهەمین دەسەڵاتی ئابووریی جیهان، دەرکەوتنی دووبارەی ڕووسیا وەک دووهەمین دەسەڵاتی نیزامیی جیهان، پەرەسەندنی دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری لە ئەورووپا، ژاپۆن و وڵاتانی تر، دەرخەری ئەم واقعییەتەیە کە جەمسەرە چەندلایەنەکانی سەرمایەداری، سەرتاسەری جیهانیان کردووەتە مەیدانی کێشمەکێشە خوێناوییەکانی خۆیان.
ئۆکراین بەخاتری سەرچاوەی دەوڵەمەند و زەوییە بەپیتەکانی کە بەشێکی بەرچاو لە دانەوێڵەی جیهان بەرهەم دێنێت و بەسەرەنجدان بە پێگەی ستراتێژیکی سیاسی و نیزامییەکەی، وڵاتێک نییە کە لایەنەکانی ئەم کێشمەکێشە وێرانکەرە بەئاسانی بیخەنە ئیختیار یەکترەوە. ئەگەر ڕووسیا بەشوێن ئەو ئامانجەوەیە کە بە داگیرکردنی ئۆکراین و بەدەسەڵات گەیاندنی ڕژیمی دەستنیشاندە و یان یەکگرتووی خۆی، بەستێنی بەرژەوەندی گەورەی سەرمایەداران و ناسیۆنالیسمی داگیرکەری ڕووس، بۆ داسەپاندن و سەقامگیرکردنی پێگەی خۆی وەک زلهێزێکی ئەکتەر لە هاوکێشەکانی جیهانی چەند جەمسەری دابین بکات، لەبەرامبەردا بلۆکی ئەمریکا و ئەورووپا و پەیمانی جەنگیی ناتۆش بە خۆ گەیاندنیان بە سنوورەکانی ڕووسیا و بە گۆڕانکارییەکانی ساڵی ٢٠١٤ لە ئۆکراین و هاوپەیمان کردنی دەسەڵاتی ئەم وڵاتە، بەنیازن ڕووسیا بکەنە دەسەڵاتێکی پلە چەندومی ئەورووپایی و لەم ڕێگەوە بلۆکی ڕووسیا و چین لاواز بکەن. ئەگەر هەتا دۆینێ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕەپانی نەبەرد و کێشمەکێشی خوێناویی دەسەڵاتە ناوچەیی و جیهانییەکان بوو، ئێستا ڕۆژاوا بەنیازە لە ڕێگەی ئۆکراینەوە لەگەڵ ڕووسیا و لە چوارچێوەی پاسیفیکدا لەگەڵ چین، نەزمێکی نوێ پێک بێنێت.
حاسڵی ئەم شەڕ و کێشمەکێشانە بۆ خەڵکی جیهان، بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان، ژنان و منداڵان هیچ شتێک نییە بێجگەلە مەرگ و لەناوچوونی دار و نەدار و ئاوارەبوونی ملیۆنان مرۆڤ. هەموو ئەم دواهات و مەترسییانەمان زیاتر لە هەموو شوێنێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بینی و ئێستاش لە ئۆکراین شایەدیانین.
لە بەرامبەر ئەم باروودۆخەدا، تەنیا بە مەحکووم کردنی ئەم شەڕە و لەقاودانی ئامانجی قازانجپەرستانەی ئەکتەرانی شەڕخواز و ئیمپریالیست، بە هاتنە مەیدانی مرۆڤایەتیی پێشکەوتوو و چینی کرێکاری جیهانی و پێکهێنانی ناڕەزایەتیی بەرین دەتوانین کۆتایی بەم بەربەرییەتە بێنین. لەو نێوەدا چینی کرێکاری ڕووسیا و ئۆکراین زیاتر لە هەمووان بەرپرس و ئەرکدارن، کە نەتەنیا نەبنە گۆشتی بەردەم تۆپی شەڕ و کێشمەکێشی کۆنەپەرستانە، بەڵکوو نەفرەت و تووڕەیی خۆیان بەرەوڕووی ئەوانە دەربڕن کە گیانی ملیۆنان مرۆڤیان لە مەیدانی جەنگ و گەمارۆدا بەرەو نابوودی دەبەن.
“شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان” خۆی بە هاوڕێ و هاوهەنگاوی چینی کرێکار و خەڵکی بێبەشی وڵاتانی ئۆکراین و ڕووسیا و هەر سووچێکی جیهان دەزانێت لەدژی شەڕی سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان. ئیمە، چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخواز لە سەرتاسەری جیهان بانگەشەی دەخاڵەتکردن لەم قەیرانە نێونەتەوەییە دەکەین و پێویستە دژبە سیاسەتی شەڕ و زێدەخوازیی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان، بۆ کۆتایی دەستبەجێی شەڕ، دژبە دەوڵەتانی شەڕخواز و نیزامی سەرمایەداری بێینە مەیدان.
دژبە شەڕی سەرمایەداران، دژبە نەزمی سەرمایەداری
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیسم!
٢٨ی فێورییەی ٢٠٢٢
٩ی ڕەشەممەی ١٤٠٠
واژۆکان: ئیتحادی فەداییانی کۆمۆنیست، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کاریگەری-حێکمەتیست، سازمانی راهی کاریگەر، سازمانی فەداییان(ئەقەلییەت) و هەستەی ئەقەلییەت