فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان ئاخێزی جەماوەری دژبە گرانی و فەلاکەت،  دژبە کۆماری ئیسلامی
دوشەممە ۲۶-۰۲-۱۴۰۱   |  16-05-2022

بەدوای تاڵانکردنی زیاتری سفرە بەتاڵەکانی خەڵک لەلایەن ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی، لابردنی دراوی تەرجیحی بۆ هاوردەکردنی کاڵا ئەساسییەکان، هێرش  بۆسەر دوایین “سەنگەرەکانی خۆراک”ی بەرەی کار و ڕەنج دەستی پێکردووە. لەگەڵ دە بەرابەربوونی نرخی ئاردی سەنعەتی و سەهمییەبەندیی “نانی سوننەتی” و هەروەها دوو تا پێنج بەرابەربوونی بەهای چەندین کاڵای ئەساسی لەوانە: گۆشت، هێلکە، شیرەمەنی، ڕۆن، برینج و ماکاڕۆنی، شایەدی شەپۆلی ناڕەزایەتیی خەڵک لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێرانین. ئەم ناڕەزایەتییانە کە لە ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی گوڵانەوە لە شارەکانی ئیزە، سووسەنگێرد، شادگان و چەند شوێنێکی دیکەی خووزستانەوە دەستی پێکردبوو، سەرەڕای سەرکوتگەریی هێزە چەکدارەکانی ڕژیمی جەنایەتکار و خوێنڕێژی کۆماری ئیسلامی لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەخێرایی باقیی  شارەکانی ئەم ئۆستانە و شارەکانی دیکەی ئێران لەوانە چۆلیچه، دۆروود، برووجێرد، دێهدەشت، جونقان، بێهبەهان، بویەرئەحمەد، ئەهواز، ماهشەهر، ئەندیمێشک، سوقه، خورەم ئاباد، چوار مەحاڵ بەختیاری، هێندیجان، ئەردەبیل، ڕەشت، ئەلیگوودەرز، شاری کورد، ئابادان، خورەمشار، کرماشان، شیراز، دێزفوول و سەرپۆلی زەهابی تەنییەوە و لە حاڵی پەرەسەندن بۆ ئۆستان و شارەکانی دیکە دایە. ناڕەزایەتیی جەماوەریی ئەم چەند ڕۆژە هاوکات بوو لەگەڵ بانگهێشتی سەرانسەریی “شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی مامۆستایان” بۆ ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی گوڵان کە بە درووشمی “مامۆستای بەندکراو دەبێت ئازاد بکرێت” و تەئکیدی دووبارە لەسەر خواستە مەعیشەتی و کۆمەڵایەتییەکانیان هاتبوونە مەیدان. ناڕەزایەتییەک کە بەپێی ڕاپۆرتی شۆرای هاوئاهەنگیی مامۆستایان، لانیکەم لە ٣٠ شار بەڕێوەچوو. کاردانەوەی کۆماری ئیسلامی چ لە پێوەند لەگەڵ حەرەکەتی سەراسەریی مامۆستایان و چ لە کاردانەوە بە ناڕەزایەتیی جەماوەری دژبە شەپۆلی گرانی هەروەک هەمیشە دەستبەسەرکردن و کوتەککاریی دەیان مامۆستا و خەڵکی ئازادیخواز و هەروەها کەڵک وەرگرتن لە گازی فرمێسکڕێژ و تەقەکردن لە خەڵکی ناڕازی بوو. 

لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی پێشوودا بۆ نموونە لە جەرەیانی ئاخێزەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨دا شایەدی درووشمە دژە حکوومەتییەکان بووین. درووشمەکانی وەک “تانک و تۆپیشت پێبێ، مەرگ نەسیبت دەبێ”، “مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر”، “ڕەئیسیی ساختەچی، وادەکانت بوون بە چی”، ڕەئیسی حەیا کە، مەملەکەت ڕەها کە”، مەرگ و نەمان بۆ ڕەئیسی”، مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی” و هیتر.

لە شاری “جونقان” خەڵکی ناڕازی و تووڕە بەهۆی نەفەرەتیان  لە ناوەندەکانی دەسەڵات و سەرکوتی ڕژیمی ئیسلامی، دەستیان کرد بە گرتنەوە و ئاگرتێبەردانی پایەگای بەسیج و لە هێندێک شاریش خەڵکی وەگیانهاتوو لە گرانی و هەژاری، هێرشیان کردە سەر سووپێرمارکێتە گەورەکان و هەوڵیان دا بە زەوت کردنی ماددە خۆراکییەکان، بەشێک لە پێداویستیی خۆیان و بنەماڵەیان دابین بکەن.

هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتیی سەرانسەریی مامۆستایان و پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی جەماوەری دژبە شەپۆلی  گرانی، شایەدی خۆڕاگریی شکۆداری بەندکراوانی سیاسی و مانگرتن لە خواردنی چەند کەسیان لەوانە ئیسماعیل عەبدی بۆ دیفاع لە بزووتنەوەی مامۆستایان و بزووزتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بووین. کۆماری ئیسلامی لە درێژەی سیاسەتی سەرکوتگەرانەی خۆیدا، هێرشی کردە سەر ماڵی ڕەزا شەهابی (ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی تاران) و ناوبراوی دەستبەسەر کرد و کەلوپەلە شەخسییەکانی لەوانە تەلەفون و کۆمپیۆتێرەکەی لێ زەوت کرد.

شۆرای هاوئاهەنگیی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان وێڕای پشتیوانیی لێبڕاوانەی لە قۆناغی نوێی ناڕەزایەتیی جەماوەری دژبە گرانی و فەلاکەت و دژبە کۆماری ئیسلامی، کرێکاران، مامۆستایان و هەموو توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگە بانگەشەی بەڕێوەبردنی مانگرتن و ناڕەزایەتی و پەرەپێدانی ناڕەزایەتییەکان لەپێناو کۆتایی هێنان بە هەژاری و فەلاکەت و زەبروزەنگ و کۆماری ئیسلامی دەکات و داوا لە هەموو هەڵسووڕاوانی چەپ و شۆڕشگێڕی ئێران دەکات کە لەڕێگەی بەشداریی کاریگەریان لەم بزووتنەوانە و بە بەهێزکردنی ڕێکخستن و هاوپشتی و بە بردنی درووشمی ڕادیکاڵی چینایەتی بۆ ناو خەڵک، دەست بدەنە بەهێزکردنی بەدیل و وتاری سۆسیالیستی لەئاستی کۆمەڵگەدا و لە دەستتێوەردانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستی بورژوازی بەتایبەت سەڵتەنەت خوازەکان ڕێگری بکەن.

هاوکات لە دەرەوەی وڵاتیش پێویستە لەڕێگەی بەرپاکردنی ئاکسیۆن لە ناڕەزایەتیی جەماوەری و کرێکاریی خەڵکی ئێران پشتیوانی بکەین و داوا لە هەموو ڕێکخراوە کرێکارییەکان و ناوەندە مرۆڤدۆست و پێشکەوتنخوازەکان بکەین کە هاوپشتیی  خۆیان لەگەڵ بزووتنەوەی کرکاری و کۆمەڵایەتیی ئێران پەرەپێبدەن و بەتایبەت خوازیاری ئازادیی دەستبەجێی هەموو دەستبەسەرکراوانی ئەم دوایانە و گشت بەندکراوانی سیاسی بن.

بژی بزووتنەوەی کرێکاری و شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیسم

چوارشەممە ١٠ی مانگی مەی ٢٠٢٢ی زایینی  بەرابەر لەگەڵ ٢٤ی گوڵانی ١٤٠١ی هەتاوی

شۆرای هاوئاهەنگیی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

واژۆکان: ئیتحادی فەداییانی کۆمۆنیست، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کاریگەری-حێکمەتیست، سازمانی راهی کاریگەر، سازمانی فەداییان(ئەقەلییەت) و هەستەی ئەقەلییەت