فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بۆ هاوپشتی لەگەڵ ئابادان و ئاخێزی سەرانسەری
دوشەممە ۱۶-۰۳-۱۴۰۱   |  06-06-2022

بورجێک کە لە دووی جۆزەردانی ١٤٠١ لە ئابادان ڕووخا و دەیان کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەست دا و برینداربوون، هێمای دەسەڵاتی سەرچاوەگرتوو لە سەرکوت و گەندەڵی و جەنایەت بوو. قوربانییانی ئەم کارەساتە کەسانێک بوون کە لە هەمان ڕۆژانی سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی حکوومەتی ئیسلامییەوە بێجگەلە هەژاری و نەهامەتی و دژواریی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی هیچ شتێکی تر بە نەسیبیان نەببوو و بە زەبری چەک و وێرانی و ئاوارەیی و شەڕی ناوخۆیی و نیابەتی بەردەوام چەوسێندرابوونەوە و نوقمی فەلاکەت کرابوون.
ڕووخانی بورجی حکوومەتیی مێترۆپۆل لە ئابادان، هەڵچوونی تووڕەیی بێ پایان و نەفرەتی قووڵی خەڵکی دژبە پارێزەرانی وەزعی مەوجوود لێکەوتەوە و ئاخێزی ئێستای بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ماشێنی سەرکوتی دەسەڵات برد. کارەساتی سینەما ڕێکس لە هاوینی ساڵی ٥٧ لە ئابادان، کوشتارەکانی ساڵی ١٣٥٨ لە خورەمشار و ئەهواز و مەسجد سولەیمان و شەڕی ٨ ساڵە و سەرکوتی ئاخێزی ئاو و ئاخێزی دژبە گرانی لە هاوینی ساڵی ١٤٠٠، ئەو جەنایەتانە بوون کە لە ناو بیری مێژوویی جەماوەری ڕاپەڕیودا، بەتایبەت لە خووزستان ماندگارە. ئەم جەنایەتە زنجیرەییانە لە چینێکی دەسەڵاتدار و لە حکوومەتێکەوە دەوەشێتەوە کە گەندەڵیی بەرین و جێکەوتوو یەکێک لە تایبەتمەندییەکانییەتی.
چینی دەسەڵاتداری ئێران لەماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا، دەستڕەنجی کرێکاران و گشت زەحمەتکێشانی بەتاڵان بردووە و گیان وهەست و هێزی کاری چینی کرێکار و بێبەشانی درەو کردووە. ئەم دەسەڵاتە بە ڕفاندنی نانی شەو و ئاو و هەستیی کۆمەڵگە، هیچ شتێکی بێجگەلە فەلاکەت، حاشیەنشینی، گۆڕخەوی، نەخۆشی، پەرەسەندنی ئێعتیاد، وێرانی، مەرگ، قەتڵوعام، ئاوارەیی، نائەمنیی کۆمەڵایەتی، تیرۆریسمی دەوڵەتی و شەڕنانەوە و گەندەڵی نەخوڵقاندووە.
ڕووخانی بورجی مێترۆپۆل گۆشەیەک لە گەندەڵی و ڕانتخۆریی جێکەوتووی ناو کۆماری ئیسلامیی ئاشکرا کرد و نیشانەی ماهییەتی موناسباتی ئابووری و سیاسیی سەرمایەداریی زاڵ بەسەر ئێرانەوەیە و بۆ جارێکی دیکە نیشانی دا کە بۆ خاوەنانی دەسەڵات و سەروەت، گیان و ژیانی ئینسانەکان لە بەرامبەر قازانجیاندا بایەخێکی نییە. هەربۆیە ئەم کارەساتە ناڕەزایەتیی جەماوەری وەگیانهاتووی خەڵکی ئابادانی لێکەوتەوە و بەشوێنیدا کرێکاران و بێبەشان بە پێشەنگایەتیی ژنانەوە، لە زۆربەی ناوچەکانی ئێران، هاوپشتیی خۆیان لەگەڵ ئابادان و خووزستان نیشان دا. لەم کارەساتەدا نەتەنیا کارگێڕانی گەندەڵ و پاسدارانی شارەدار و ئۆستاندار و ئیمامی جومعە و عەبدولباقییەکان شەریکی جورم و جەنایەتەن، بەڵکوو خامنەیی و باقیی ڕێبەرانی پلە یەکی موناسباتی چینایەتیی زاڵ، ئەو تاوانبارانەن کە بەرپرسایەتیی کارەساتە مێژووییەکانی حکوومەتی ئیسلامییان وەئەستۆیە.
پەیوەندی ئاخێزی سەرانسەریی مانگی گوڵان و هاوپشتی لەگەڵ خووزستان، دەسەڵاتی داماو و بێتوانا کردووە . لەم ئاخێزانەدا جەماوەری ڕاپەڕیو ترسێکیان لە هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم نییە. شەپۆلی هاوپشتی، هاودەردی و هاوڕێیەتیی شارەکان لەگەڵ یەکتر هەموو ڕۆژێ زیاتر دەبێت. درووشمەکان زیاتر لە ڕابردوو مەوجوودییەتی ڕژیمیان نەفی کردووەتەوە. ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی، گرفتاری گێژاوی قەیرانە ئابووری و سیاسییەکان، لەئێستادا کەوتووەتە بونبەست و هەراسەوە و ئاخێزی کۆنتڕۆڵ¬هەڵنەگر و سەرانسەری بەرۆکی گرتووە. ئاخێزی مانگی بەفرانباری ٩٦ و مانگی خەزەڵوەری ٩٨ و هاوینی ١٤٠٠ و گوڵانی ١٤٠١ کە بەشێوەی شکۆدار هەروا لەئارادایە، بە درووشمە ڕادیکاڵەکانییەوە، عەینییەتی خەباتێکی چینایەتی نیشان دەدات. ئەم ئاخێزە بەردەوامە و ئەم هاوپشتییە سەرانسەرییەی کە ڕێگا بەرەو ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی ئیسلامی دەبات، بە مانگرتنێکی سەراسنەریی هێزی کار و بە هاوپشتیی بێبەشانی شار و دێ و تەنیا بە ڕێکخستنی بزووتنەوەی کرێکاری و ڕێبەری وشیاری چینی کرێکار و بزووتنەوەی سۆسیالیستییە کە سەرکەوتنی دەوڵەتێکی کرێکاری شۆرایی زەمانەت دەکات.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، چینی کرێکار و هەموو توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگە بانگەشەی پەرەپێدانی ئەم ناڕەزایەتییانە و دەخاڵەتی کاریگەر لەم گۆڕانکارییانەدا دەکات.

بژی هاوپشتی و یەکگرتوویی شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکار و زەحمەتکێشانی ئێران
بڕووخێت ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیسم
٢ی ژوئەنی ٢٠٢٢ بەرابەر لەگەڵ ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠١
واژۆکان: ئیتحادی فەداییانی کۆمۆنیست، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کاریگەری-حێکمەتیست، سازمانی راهی کاریگەر، سازمانی فەداییان(ئەقەلییەت) و هەستەی ئەقەلییەت