داتاشینی ئاڵتێرناتیڤی ڕاست دژبە بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان پووچەڵ بکەینەوە و بیخەینە پەراوێزەوە!

لەگەڵ پەرەسەندنی بزووتنەوەی خوازیاری ڕووخاندن و لە باروودۆخێکدا کە بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ڕادیکاڵەکان، لەوانە بزووتنەوەی مامۆستایان و خانەنشینکراوان و بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی جەماوەری بۆ نان و ئاو بە فیداکاری و بە داهێنانی خەباتکارانە، هاوسەنگیی هێزیان بە قازانجی خەباتی نیهایی بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی گۆڕیوە. لە باروودۆخێکدا کە کرێکاران و زەحمەتکێشان، واتە زۆرینەی کۆمەڵگە دژبە نیزامی چەوسێنەر و ستەمکاری زاڵ ڕاپەڕیون تا بە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕێژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی چارەنووسی خۆیان بگرنە دەست. ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست لەڕێگەی ئەو میدیایانەی کە لەلایەن دەوڵەتانی ئیمپریالیست و دەسەڵاتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە لە بواری ماڵییەوە دابین دەکرێن، بۆ بەرجەستەکردنەوەی ئاڵتێرناتیڤی بۆرژوایی و دژەکرێکاری و ڕێگری لە ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە، وەتەقەڵا کەوتوون.
مانۆڕەکانی ڕۆژانی ڕابردووی ڕەزا پەهلەوی لەم چوارچێوەیە دایە. ناوبراو کە لەم دوایانەدا بۆی دەرکەوتووە کە “گڵۆڵەی ڕێژیم کەوتووەتە لێژی”، توێژە ڕەنگاوڕەنگەکانی مەشرووتەخواز و کۆماریخوازی هێناوەتە بەرەوە، تا بە خەیاڵی خۆی “ڕێبەری” بۆ “بزووتنەوە” دابین بکات. ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست و کۆنەپەرست، بێجگەلە نەدیتنی ناکۆکییەکانی ناو خۆیان، نایانهەوێ قەبووڵیشی بکەن کە سەردەمی “ڕێبەریی هەمووان پێکەوە”، بەسەر چووە. ئەمە دەرسێکی گەورە بوو کە چینی کرێکار و کۆمۆنیستەکان لە شکستی ئەزموونی شۆڕشی ٥٧ بەدەستیان هێنا و ئاشکرایە کە ئەمجارەیان بە هەموو داهێنان و توانایانەوە ڕێگە نادەن کە بەرهەمی پێشڕەوی و سەرکەوتنی شۆڕشی داهاتووی کرێکاران و خەڵکی ئێران هەروەک ساڵی ٥٧ بە زاڵبوونی ئاڵتێرناتیڤی بۆرژوایی کۆماریخواز و مەشرووتەخواز و یان تێکەڵاوێک لە هەر دووکیان لە دواڕۆژی ڕووخانی کۆماری ئیسلامیدا کۆتایی پێ بێت.
ئێمە وەک بەشێک لە بزووتنەوەی چەپ و کرێکاری و کۆمۆنیستی، دڵنیاین کە ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی بەپێی ماهییەتی سەرمایەدارانە و دژەکرێکاری و دژە کۆمۆنیستیی خۆی، لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەیی و گەشەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بۆ خۆیەکلاکردنەوەی نیهایی لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بە شێوازی جۆراوجۆر و بە مانۆڕی فریوکارانە، بە ڕەنگ گۆڕینی کاتی و بە هەمووجۆرە پیلانگێڕی و تاکتیکێکی ناسراو و کۆدتایی و لەڕێگەی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان و بە پشیتوانیی ڕۆژاوا، بە پارە و چەک و تەبلیغاتی میدیاییەوە هەوڵ دەدەن خۆیان بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنن.
لەئێستادا و لەم کێشمەکێشە چینایەتییەدا، ئێمە وەک ئەحزابی چەپ و کۆمۆنیست و وەک داکۆکیکارانی ئازادی و سۆسیالیسم لە ڕوانگەی دیفاع لە بەرژەوەندی چینی کرێکارەوە، وێڕای لەقاودانی ئامانجی لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی و گۆشەگیر کردنیان لەڕێگەی بەهێزکردنی ئاڵتێرناتیڤی کرێکاری و چەپ، یەکگرتووانە هەوڵ دەدەین تا مەسیری گۆڕانکارییە سیاسییەکان بەرەو دامەزراندنی دەسەڵاتی کرێکاری و شۆرایی بڕوات.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، وەک بەشێک لە ئاڵتێرناتیڤی چەپ و کۆمۆنیست بە ئاگاداربوون لە باروودۆخی گۆڕدراو و پڕ جموجۆڵی ئێستا، یەکەم تێدەکۆشێ تا هەوڵ و تەقەلای کۆنەپەرستانەی لایەنە جۆراوجۆرەکانی بۆرژوازی، لەوانە مەشرووتەخوازان و ڕەزا پەهلەوی پووچەڵ بکاتەوە و دووهەم، بە پشت بەستن بە چینی کرێکار لە پەیوەند لەگەڵ بزووتنەوەی کۆمەڵایەتییە ڕادیکاڵەکان هەوڵ دەدات خەباتی درەوشاوەی ئێستا بەرەو ئاڵۆگۆڕێکی شۆڕشگێڕانەی بنەمایی و ڕیشەیی بە قازانجی چینی کرێکار و زەحمەتکێش بەرێت. ئێمە هاوشانی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێشی ئێران، وێڕای بەدەستەوەگرتنی ئاڵا و پلاتفۆرمی شۆڕشگێڕانەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، بە سەهمی خۆمان ڕێگە نادەین تا بۆ جارێکی تر چارەنووس و موقەدەراتی کۆمەڵگەی ئێرانی دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لەلایەن ئیمپریایستەکان و ئاڵتێرناتیڤی ڕەنگاوڕەنگ و چەوسێنەر و سەرکوتگەری سەرمایە و سەروەت ڕەقەم بخوات.
بڕووخێت ڕێژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیسم
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
واژۆکان: ئیتحادی فەداییانی کۆمۆنیست، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کاریگەری-حێکمەتیست، سازمانی راهی کاریگەر، سازمانی فەداییان(ئەقەلییەت) و هەستەی ئەقەلییەت
٢١ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی – ١٢ ژوئەنی ٢٠٢٢ی زایینی