فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان؛ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە و ژێروژوورکەر بەڕێوەیە!
شەممە ۰۲-۰۷-۱۴۰۱   |  24-09-2022

ناڕەزایەتیی چەند ڕۆژی ڕابردوو بەدوای کوژرانی مەهسا ئەمینی بەدەستی تاوانکارانی ڕێژیمی سەرمایەداریی ئیسلامی، گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانەی لێ کەوتەوە. ناڕەزایەتی و نەفرەتی گشتیی خەڵک لە کۆماری ئیسلامی بە خێرایی زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتەوە و کەشوهەوای سیاسیی کۆمەڵگەی بەقازانجی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕووخاندنی دەوڵەتی کۆنەپەرست و مەزهەبیی چینی دەسەڵاتدار گۆڕیوە. خوێنڕێژانی ئیسلامی مەهسایان کوشت بەڵام ئاڵای خەبات دژبە حیجابی ئیسلامی و ئاپارتایدی جنسیەتی لەلایەن هەزاران مەهسای ترەوە بەخێرایی لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەسەر شەقامەکان بەرز کرایەوە و بە لابردن و سووتاندنی حیجاب، واتە هێمای کۆیلەتیی ژن، قەلبی ڕێژیمی ئیسلامییان کردووەتە نیشانە.

ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژانی ڕابردوو، هەورەبرووسکەی ئاسمانی بێ هەور نەبوو. تووڕەیی و نەفرەت و بێزاریی پەنگخواردووی ملیۆنان ژنی ژێر ستەم، کرێکارانی بێکار و ملیۆنان ئینسانی چەوساوەی کۆمەڵگایە کە چاوەڕوانی هەلێک بوون تا تووڕەیی و نەفرەتی خۆیان دووبارە بۆ چەندومین جار هاوشێوەی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ بەڵام ئەمجارەیان سیاسیتر و ڕادیکاڵتر لە ڕابردوو نیشان بدەن.

ئاخێزی مەزنی ئێستا کە تێیدا ژنان لە ڕیزی پێشەوەن و لەلایەن جەماوەرێکی بەرینەوە پشتیوانیی لێ دەکرێ، بە درووشمی ژن، ژیان، ئازادی بەدرووست نیزامی ئاپارتایدی ئیسلامیی بۆ یەکەمجار بەشێوەی بەرین داوەتە بەر هێرش و هەموو دەزگای مەزهەب و ئاخوند و هەرچی هێمای ئیسلام و یاسای دژی ژنە، کردوویەتە نیشانە. ناڕەزایەتییەک کە ئەمجارەیان سەقز تا تاران و دەیان شار و ئۆستانی گرتەوە و قەتڵی مەهسای کردە ڕەمزی ناڕەزایەتی سەرانسەری و دیمەنی نەبەردی ژنان و لاوان دژبە دەوڵەتی سەرمایەداری، نیشانی دا کە ستەم لەدژی ژنان بە هەر شێوەیەک بێت نەفرەت و ناڕەزایەتیی گشت جەماوەری لێ دەکەوێتەوە و مەسەلەی هەموو کۆمەڵگەیە. ئەم قۆناغە ئاڵوگۆڕخوڵقێنە، لە درێژەی ناڕەزایەتییەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانی تا ئێستا، گۆڕانکاریی  مێژوویی بەخۆیەوە بینیوە و کاریگەرییەکانی تەنیا بە کۆمەڵگای ئێران سنووردار نابن.

لە حاڵێکدا کە ژنان و پیاوانی ئێران شەو و ڕۆژ لەگەڵ بەکرێگیراوانی ئەم ڕێژیمە سەرکوتگەر و دژی ژنە بۆ ڕزگاری لە زوڵم و ستەم و زەبروزەنگی مەزهەبی لەحاڵی بەرنگاربوونەوە و خەبات دان، ڕەئیسی ئەندامی لیژنەی مەرگی ساڵەکانی ٦٨-٦٧، و سەرۆک کۆماری جەنایەتکاری ئێران، لە ئەمریکا لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە میوانداری دەکرێت. واتە شوێنێک کە موددەعیی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و مافی ژنانن. لە باروودۆخێکدا کە زۆربەی میدیاکانی جیهان نەیانتوانی لە بەرامبەر شەپۆلی مەزنی ناڕەزایەتیی دژی ڕێژیمی ئێراندا بێدەنگ بن، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانی داکۆکیکاری “مافی مرۆڤ” چاویان بەسەر جەنایاتی ڕێژیمی ئیسلامی دژبە ژنان و خەڵکی ستەملێکراو و ناڕەزایەتییەکانی ئێستادا دەبەستن.

ناڕەزایەتیی جەماوەری و بەهێزی چەند ڕۆژی ڕابردوو کە خەرێکە هەنگاوێکی جیددیی تر بەرەو ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری سەرمایەداریی ئیسلامی هەڵدەگرێت، تەنیا گۆشەیەکی چکۆلەیە لەو نەفرەت و بێزارییە مەزنەی کە بە بەرینایی هەموو جوگرافیای ئێران دژبە کۆماری ئیسلامی لەئارادایە، تەنیا بە پەرەسەندنی لەسەر شەقامەکان و پەیوەند دانی لەگەڵ باقیی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتییەکان و لە سەروویانەوە بزووتنەوەی چینی کرێکار دەتوانێ بە سەمەر بگات. مەرجی سەرکەوتنی ئەم خەباتە یەکگرتوویی، پەرەسەندنی خەباتی جەماوەری، زەمینگیرکردنی هێزە سەرکوتگەرەکان و داهێنانی جۆراوجۆرە.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان هاوڕێ و هاودەنگ لەگەڵ هەموو جەماوەری ڕاپەڕیو، لەگەڵ هەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب، هاوڕێ لەگەڵ ژنانی خەباتکار و ئازادیخواز، هەموو خەڵک بۆ خەباتی بەردەوام و یەکگرتووانە دژبە ڕێژیمی ئاپارتایدی جنسیەتی و دژی ژن، دژبە ڕێژیمی سەرمایەداری و دژی کرێکار، لەپێناو کۆتایی هێنان بە ستەم و چەوسانەوە و هەڵاواردن و نابەرابەری بانگەشە دەکات.

پێویستە لەم باروودۆخە گرینگ و هەستیارەی کە خەڵک تێیدا بەسەر دەبەن، هەموو کرێکاران، مامۆستایان، خانەشینکراوان بەهەر شێوەیەک کە بۆیان دەگونجێت بەم ناڕەزایەتی و بەرەنگاربوونەوەیە پەیوەست بن و بزووتنەوەی جەماوەری بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕێژیم بەهێز بکەن.

مەرگ و نەمان بۆ ڕێژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

١ی ڕەزبەری ١٤٠١ بەرابەر لەگەڵ ٢٣ی سێپتامبری ٢٠٢٢

واژۆکان: ئیتحادی فەداییانی کۆمۆنیست، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کاریگەری-حێکمەتیست، سازمانی راهی کاریگەر، سازمانی فەداییان(ئەقەلییەت) و هەستەی ئەقەلییەت