فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان سەبارەت بە تیرۆر و ئەحکامی نوێی بێدادگای ڕژیمی ئیسلامی دژبە چالاکانی کرێکاری و سیاسی!
سێشەممە ۱۹-۰۲-۱۴۰۲   |  09-05-2023
ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان سەبارەت بە تیرۆر و ئەحکامی نوێی بێدادگای ڕژیمی ئیسلامی دژبە چالاکانی کرێکاری و سیاسی!

ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی مانگی گوڵانی ١٤٠٢، لقی ٣٦ی بێدادگای کۆماری ئیسلامی، لە دادگای پێداچوونەوەدا، حوکمی سەرەتایی ڕەزا شەهابی و حەسەن سەعیدی (دوو کەس لە ئەندامانی سەندیکای شیرکەتی واحیدی ئوتوبوسڕانیی تاران و دەوروبەر) و کەیوان موهتەدی (چالاک و ئەندامی ناوەندی نووسەرانی ئێران)ی تەئید کرد و ئەم سێ چالاکە کرێکاری و سیاسییە سەرجەم بە ١٨ ساڵ زیندان مەحکووم کران. پێویستە بوترێ کە ڕۆژی دووشەممە ١٥ی مانگی ڕەشەممەی ١٤٠١یش، جەلەسەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی داود ڕەزەوی ئەندامی سەندیکای واحد، لە لقی ١٥ی بێدادگای “ئینقلاب”ی تاران بەڕێوەچووبوو.

لە هەمان حاڵدا، فەرزانە ئەمیری جاه، دایکی کەیوان موهتەدی، سەبارەت بە ئانیشا ئەسەدوڵڵاهی، چالاکی کرێکاری و هاوسەری کەیوان دەڵێت: “ئانیشا لەئێستادا لە ژووری تاکەکەسیی بەندی ٢٠٩ی ئێڤیندا ڕاگیراوە و چاوەڕوانی حوکمەکەی ئەویشین”. بیانووی تازەی ڕژیمی دژەکرێکاری بۆ پەروەندەسازیی دژبەم سێ ئەندامەی سەندیکای شیرکەتی واحید و وەڕگێڕەکانیان – کەیوان و ئانیشا – ئەوەیە کە لەگەڵ دوو ئەندامی سەندیکای کرێکاریی فەڕانسە کە لە سەفەرێکی تووریستیدا هاتبوونە ئێران، دیداریان کردووە.

هەروەها، برای سپیدە قولیان چالاکیی کرێکاریی بەندکراو لە کەناڵی ئینستاگرامی خۆیدا ئاشکرای کردووە کە ڕژیم، سپیدەی بە دەلیلی وتنی دروشم دژبە خامنەیی لە کاتی ئازادی لە زیندان دەستبەجێ لە ڕێگای دێزفول دووبارە دەستگیر کردووەتەوە و بە دوو ساڵ زنیدانیی دیکە مەحکوومی کردووە.

لەئێستادا نزیکەی سێ چالاکی کرێکاری و بزووتنەوەی موعەلیمان لە زیندان دان و ڕۆژ نییە کە شایەدی دەستگیری و ئیجرای ئەحکامی زنیدان بۆ چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان نەبین. لە تازەترین جەنایەتدا، شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوی فەرهەنگیانی ئێران گوزارشی داوە کە حسێن مێهدی پور موعەلیمی تێکۆشەر لە بەلوچستان کە لە شارستانی دەشتیاری موعەلیمی کۆمەڵناسی و یەکێک لە ئەدمینەکانی کەناڵی فەرهەنگیان بوو، ڕۆژی سێشەممە دوازدەی گوڵان هاوکات لەگەڵ ڕۆژی موعەلیم کرایە ئامانجی هێرشی چەکدارانە و بەداخەوە ڕۆژی هەینی پازدەی گوڵان بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا. ئەم موعەلیمە خەباتکارە ساڵی ڕابردووش لە ڕۆژی موعەلیمدا بۆ ماوەیەک دەسبەسەرکرابوو.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان وێڕای مەحکوومکردنی ئەم جەنایەتە و حوکمی زیندان بۆ چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، لەو باوەڕەدایە کە کرێکاران، زەحمەتکشان، ژنان، لاوان و توێژەکانی تر تەنیا لەڕێگەی پەرەپێدانی خەبات، مانگرتن و خۆپیشاندان و هەڵبەت بە ڕێکخستن و سازماندان، دەتوانن بەرانبەربە ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەداری ڕاوەستن و ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و بزووتنەوەی بەخرۆشی کرێکاری بەرەوپێش بەرن.


بەخۆشییەوە لە ڕۆژانی داهاتوودا، شایەدی دوو بانگەوازی سەرانسەری بۆ مانگرتن و کۆبوونەوەین. لە بانگەوازی یەکەمدا، شۆرای هەماهەنگیی فەرهەنگیانی ئێران بۆ ڕۆژی دووشەممە ١٩ی گوڵان بانگەوازی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەرانسەری داوە. هەروەها ڕێکخراوی کامیۆنداران و شۆفیرکامیۆنەکانیش بە دەرکردنی ڕاگەیاندنێک بۆ ڕۆژی ئەوەڵی مانگی جۆزەردان مانگرتنی سەرانسەرییان ڕاگەیاندووە. ئێمە داوا لە بەشە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکار و خەڵکی ئێران دەکەین کە بە هەر شێوەیەک دەتوانن لەم دوو بانگەوازە سەرانسەرییە و لە باقیی ناڕەزایەتییەکان و خەباتی ئێستا بەتایبەت نافەرمانیی بەرین و درەوشاوەی ژنانی ئێران دژبە حیجابی ئیجباری پشتیوانی بکەن.

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

١٥ی گوڵانی ١٤٠٢

واژۆکان: سازمانی ئیتحادی فیدائیانی کۆمۆنیست، ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت