ڕۆژی یەکشەممە ٨ی مانگی گەلاوێژ، خەڵکی گوندی ئاقدەرە لە ناڕەزایەتی بە دانەمەزراندنی کرێکارانی ئەم گوندە لە مەعدەن و دزەکردنی سیانور و جیوە و پیسبوونی ژینگەی ئەم گوندە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. بەپێی ڕێکەوتنی پێشوو خاوەنکار بەڵێنی دابوو کە کرێکارانی بێکاری ئەم گوندە بۆ کار لەم مەعدەنە دامەزرێنێ و هەوڵی پێویست بۆ دابینکردنی ئیمەنیی کرێکاران و ڕێگری لە پیسبوونی ژینگە بدات. لەم دوایانەدا ئەم بەڵێنانە لەلایەن خاوەنانی مەعدەنی ئاقدەرە کە هەر دووکیان ئەندامی سپای پاسدرانن، پێشێلکران. مەعدەنی زێڕی ئاقدەرە یەکێک لە دەوڵەمەندترین مەعدەنەکانی زێڕی ئێرانە کە لە ٣٠ کیلۆمیتریی شاری تیکاب هەڵکەوتووە و نزیک بە ٦٥٠ کرێکار لە سێ شیفت تێیدا کار دەکەن.
هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم کە لە مەهابادەوە ڕوانەی ئەوێ کرابوون، هێرشیان کردە سەر کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی کرێکاران و خەڵکی ئاقدەرە و تەقەیان لێکردن و بەهۆیەوە سێ کەس برینداربوون. هەروەها زیاتر لە ٤٠ کەسیشیان دەستبەسەرکرد و لەگەڵ خۆیان بردیانن . بەدوای ئەمەدا زۆرێک لە لاوانی ئاوایی نیگەران لە هێرشی دووبارەی ڕژیمی ئیسلامی، شەویان لە دەرەوەی ئاواییەکە تێپەڕاند. کاتژمێر سێی بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٩ی مانگی گەلاوێژ زیاتر لە سەد هێزی ئینتزامی و یەگانی وێژە بۆ جارێکی تر وەحشیانە هێرشیان کردەوە سەر ئاقدەرە و بەمەبەستی پێکهێنانی ترس و وەحشەت دەستیان کرد بە لێدان و بریندارکردنی خەڵک و ڕووخاندنی ماڵ و ماشێنی دانیشتووان و نزیک بە ٥٠ کەسی دیکەیان ڕفاند کە هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان داوا لە کرێکارانی باقیی مەعدەنەکانی ناوچەکە و خەڵکی ستەمدیدەی تیکاب و ئاواییەکانی دەوروبەر دەکات بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن یارمەتیدەری هاوچین و هاوچارەنووسانیان لە ئاقدەرە بن و لە درێژەی هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی ئیسلامی ڕێگری بکەن. شۆرای هاوکاری وێڕای مەحکوومکردنی ئەم کردەوە دژەئینسانی و وەحشیانەیەی ڕژیمی ئیسلامی دژبە کرێکاران و خەڵکی بێدیفاعی ئاقدەرە، لە داخوازییە ڕەواکانیان پشتیوانی دەکات و خوازیاری ئازادیی بێشەرت و مەرجی دەستبەسەرکراوانە.
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم!
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
٩ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی
واژۆکان: سازمانی ئیتحادی فیدائیانی کۆمۆنیست، ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت