فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی گیانبەختکردووانی هاوینی ٦٧ی هەتاوی
یەکشەممە ۲۹-۰۵-۱۴۰۲   |  20-08-2023

لە خەڵوەتی ڕووناکدا لەبەر یادی زیندووان لەگەڵ تۆ گریاوم

و لە گۆڕستانی تاریکدا جوانترین سروودەکانم لەگەڵ تۆ خوێندووەتەوە

چونکە مردووانی ئەمساڵە ئەویندارترینی زیندووان بوون

لە قەتڵوعامی زیندانییانی سیاسی لە هاوینی ٦٧ی هەتاوی سی و پێنج ساڵ تێدەپەڕێ. ئەو کوشتارە خۆفناک و خوێناوییەی کە دوای قەبووڵکردنی بڕیارنامەی کۆتایی شەڕ بە فەرمانی ڕاستەوخۆی خومەینیی جەللاد ئەنجام درا. ٢٧ی پووشپەڕی ١٣٦٧، ڕۆژی قەبووڵکردنی بڕیارنامەی ٥٩٨ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بوو. واتە ئەو بڕیارنامەیەی کە لەسەر بنەمای کۆتایی هێنان بە ٨ ساڵ شەڕی ماڵوێرانکەری نێوان دوو دەسەڵاتی کۆنەپەرستی ئێران و عێراق ئامادەکرابوو. دوو ڕۆژ دوای قەبووڵکردنی بڕیارنامەکە، شەوی ٢٩ی مانگی پووشپەڕ، خومەینی لە شاشەی تەلەڤیزیۆن دەرکەوت و بە ڕوخسارێکی مەغموم و شکستخوواردووەوە لە چەند ڕستەی کورتدا کۆتایی شەڕی ڕاگەیاند. ڕوخساری تووڕە و پەرێشانی خومەینی کاتێک ڕایگەیاند کە قەبووڵکردنی بڕیارنامەی ٥٩٨ی نەتەوەیەکگرتووەکان بەمانای نۆشینی “جامی ژەهر”ە، گەلێک جێگەی سەرەنج بوو.

پاشان خومەینی بۆ قەرەبووکردنەوەی ئیقتداری شکستخواردووی و بۆ لابردنی مەترسیی ئاخێزی جەماوەری خەڵک کەوتە خۆ. لە ڕوانگەی ڕێبەری جەللادی کۆماری ئیسلامی و هەموو مرۆڤکوژەکانی دەوروبەری، خێراترین و ئاسانترین ڕێگای جوبرانی ڕسوایی و بێ ئیعتباریی نیزام و هەروەها چاوترسێنکردنی کۆمەڵگا، کوشتاری زیندانییانی سیاسی بوو. ئەو بەندکراوانەی کە لە چوارچێوەی زیندانەکانی ڕژیمدا ئەسیر و گرفتار بوون. ئەو زیندانییانەی کە نە ڕێگای هەڵاتنیان هەبوو و نە دەنگیان بە گوێی کەس دەگەیشت. لەگەڵ قەبووڵکردنی بڕیارنامەی کۆتایی شەڕ، خومەینی فەرمانی کوشتنی زیندانییانی دەکرد. زیندانەکان بۆ ماوەی دوو مانگ قەرەنتینە بوون. مولاقات ڕاگیرا و هەرجۆرە هاتووچۆیەک بۆ ناوەوە و دەرەوەی زیندان تەنانەت بۆ پێرسۆنێلی زیندانەکان قەدەغەکرا. ماشێنی کوشتاری کۆماری ئیسلامی لە بێدەنگیی و بێخەبەریی تەواودا کەوتە ڕێ. ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە هەموو ڕۆژان و مانگەکانی کوشتاردا بێدەنگییان گرتەبەر. هەیئەتە تایبەتەکانی مەرگ بەخێرایی لە سەرانسەری ئێران سازماندران و بە ناوی ڕەمزی “هەیئەتی عەفوو” ڕەوانەی زیندانەکان کران. خۆفناکترین “هەیئەتی مەرگ” لە تاران، پێکهاتبوو لە مورتەزا ئێشراقی (دادستانی ئەوکات)، ئیبراهیم ڕەئیسی(جێگری ئەوکاتی دادستان و سەرۆککۆماری ئێستای ڕژیم)، حسێنعەلی نەیری(حاکمی شەرعی ئەوکات) و مستەفا پوورمحەممەدی (نوێنەری وەزارەتی ئیتلاعات و وەزیری دادگوستەریی کابینەی یەکەمی حەسەنی ڕووحانی). هەیئەتێک کە کوشتاری هەزاران زیندانیی سیاسیی لە ئێڤین و گەوهەردەشت بەڕێوەبرد. پڕۆسەی کوشتار لە زیندانی ئێڤین و گەوهەردەشت بە کوشتاری زیندانییانی موجاهد لە ٥ی مانگی گەلاوێژی ١٣٦٧ی هەتاوییەوە دەستیپێکرد و تا هەفتەی کۆتایی مانگی گەلاوێژ درێژەی بوو. قەتڵوعامی زیندانییانی چەپ و کۆمۆنیست لە ٥ی مانگی خەرمانانەوە دەستیپێکرد و لە ٢٥ی خەرماناندا ڕاگیرا. دروست ئەم پڕۆسەیە لە زیندانەکانی سەرانسەری ئێرانیش بەرێوەچوو. و بەمجۆرە لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا، زیاتر لە ٥ هەزار زیندانیی سیاسی لە “حسێنییە”ی زیندانەکان و لە “ژوور”ەکانی مەرگ کە کۆماری ئیسلامی بۆ کوشتاری زیندانییانی ئامادەکردبوو، ئێعدام کران.

کوشتاری هاوینی ٦٧، هێندە دڵتەزێن و کارەساتبار بوو کە دوای تێپەڕینی ٣٥ ساڵ هێستاش برینی ئەم جەنایەتە خۆفناکە ساڕێژ نەبووەتەوە. هێستاش دەنگی بەند و زنجیر لەو ڕۆژانەی کوشتار و مەرگەوە دەبیسترێ. فتوای قەتڵوعامی خومەینی هێندە قورس و ترسناک بوو کە سەرەڕای تێپەڕینی هەموو ئەم ساڵانە، هێستاش برینی سەر ڕوخساری بەجێماوانی ئەم تاوانە گەورەیە، بەرینایی ئەم کارەساتە باس دەکات. هێستاش کۆمەڵگا لە بڵێسەی ئەو کۆمەڵکوژییە خۆفناکەدا دەسووتێ. هێستاش ڕوخساری خومەینی بە نیقابی تەزویر و مەرگەوە سێبەری خستووەتە سەر ئەم وڵاتە. ئەو تاوانبارەی کە لە یەکەمین ڕۆژەکانی هاتنە سەر کاریەوە هاواری کرد: “بکشێنن قەڵەمەکان، بکووژن مونافق و کافرەکان”. برینی بەجێماوی قەتڵوعامی زیندانییانی سیاسی هێندە قووڵ و بەژان بوو کە هێستاش بنەماڵەی ئەو ئازیزە گیانبەختکردووانە نەیانتوانیوە دەرد و ئازار و ژانی ئەو کارەساتە بێدەنگ و سارێژ بکەن. و هێندێک جار لە ئاواتی وەدینەهاتوویاندا چاوەڕوانی گەڕانەوەی ڕۆڵەکانیانن. وە بەڕاستی ئەمە چەند غەمهێن و دڵتەزێنە.

کوشتاری یەکەمین ساڵەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی و کوشتاری زیندانییانی سیاسی لە هاوینی ٦٧ی هەتاوی کە لە پڕۆسەی شکستی شۆڕشێکی گەورەدا ئەنجام درا، بۆ چەندین ساڵی بەردەوام کۆمەڵگای خستە ناو چەقبەستوویی و بێدەنگییەوە. چەندین ساڵی پێویست بوو تا کۆمەڵگا و جەماوەری خەڵکی ئێران بتوانن لە ژێر ئاواری قورسی سەرکوت و کۆمەڵکوژیی دەیەی ٦٠ بێنە دەر. ساڵەها پێویست بوو تا خەڵکی بێبەریکراو لە پێکەنین و تێکشکاوی ئەم ساڵانە، بەخۆیاندا بێنەوە و ڕاپەڕن. هەروەک لە مانگی بەفرانباری ٩٦دا هەستانەوە. لە خەزەڵوەری ٩٨دا خرۆشان. لە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١، دوای قەتڵی حکوومەتیی مەهسا (ژینا) ئەمینی، شەپۆلئاسا ڕاپەڕین. ئەو ڕاپەڕینەی کە بەشێوەی ئاخێز و نەبەردی سەرشەقام ڕژیمی تاوانکار و ئینسانکوژی کۆماری ئیسلامییان تا سەر لێواری ڕووخان برد. ئەو جەمارە ئازا و قارەمانەی کە لەماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا، سەرەڕای هەموو کوشتار و جەنایەت و کارەساتێک، بۆ جارێکی تر ڕاپەڕیون تا بە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلام و دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆرایی کرێکاران و زەحمەتکێشان، لە مەسیری ئازادی و سۆسیالیسمدا چارەنووسی خۆیان ڕەقەم لێدەن.

سی و پێنجەمین ساڵیادی گیانبەختکردووانی هاوینی ٦٧ کە لەگەڵ یەکەمین ساڵڕۆژی قەتڵی مەهسا ئەمینی و ڕێزگرتن لە گیانفیداییەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ڕابردوو ئاوێتە بووە، فورسەتێکی گەروەیە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، بەتایبەت جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، کە لەئاستێکی بەرینتر لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” دژبە کۆماری ئیسلامی ڕاپەڕن.
بەرز و بەڕێز بێت یاد و بیرەوەریی هەموو ئەو ئازیزانەی کە لە ساڵانی پڕ لە ڕەنج و ژان، لە ڕێگای ئازادی و سۆسیالیسمدا گیانیان بەختکرد. ئەو گیانفیدایانەی کە ئەویندارترین زیندووانی ئەو ساڵانە بوون.


بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیسم

٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٢

١٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٣

واژۆکان: سازمانی ئیتحادی فیدائیانی کۆمۆنیست، ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت