فەزای سیاسیی زانکۆکان بەردەوام دژبە ڕژیمە دیکتاتۆرەکانی پاشایەتی و ئیسلامی بووە. بەم ئیعتبارە، چوونی لاوان بۆ زانکۆ دەستپێکی وشیاری و خەباتی ئەوان بەدژی ڕژیمە دەسەڵاتدارەکانی ئێرانە. ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی خوێندکار، ساڵڕۆژی هێرشی ڕژیمی دیکتاتۆری پەهلەوی بۆسەر زانکۆی تارانە. نزیکەی چوار مانگ دوای کوودەتای ئینگلیسی – ئەمریکایی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢ی هەتاوی خوێندکاران بەدژی سەفەری ڕیچارد نیکسۆن جێگری ئەوکاتی سەرۆک کۆماریی ئەمریکا ناڕەزایەتییان دەربڕی. ئەرتەشی کوودەتاچیان لە ١٦ی سەرماوەزدا هێرشیان کردە سەر کلاسەکان و سەدان خوێندکاریان دەستگیر و بریندار کرد و لە زانکۆی فەنی سێ خوێندکار بە ناوەکانی (مستەفا بۆزۆرگ نیا و ئەحمەد قەندچی و مێهدی شەریعەت ڕەزەوی)یان کوشت. سبەینێی ئەم ڕۆژە، ١٧ی سەرماوەز، لە قەتڵگای خوێندکاران دوکتورای ئیفتخاریی حقووقیان بە نیکسۆن دا. لە هەموو دەورانی پەهلەویدا بزووتنەوەی خوێندکاری ناوەندێکی گرینگی خەبات بەدژی دیکتاتۆری بوو و سۆسیالیستەکان تێیدا دەورونەخشێکی سەرەکییان بینی.
خەباتی ئازادیخوازانەی بزووتنەوەی خوێندکاری بەرامبەر بە دیکتاتۆری لە نیزامی ئیسلامیشدا بەردەوام درێژەی بوو. ڕژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو دژایەتیی بەرینی خوێندکارانی بۆ تەحەمول نەکرا و لە مانگی گوڵانی ١٣٥٩دا لەژێرناوی “ئینقلابی فەرهەنگی” هێرشی کردە سەر گشت زانکۆکانی ئێران و سەدان خوێندکاری کوشت و بریندار کرد و بۆ چەند ساڵ زانکۆکانی داخست. لەماوەی “ئینقلابی فەرهەنگی”دا هەزاران مامۆستا و خوێندکار کە خۆش شانس بوون تەنیا دەرکران و ژمارەیەکی زۆریشیان دەستگیر و ئەشکەنجە کران و کوژران.
چەند دەیە دواتر سەرەڕای هەموو ئەو هەوراز و نشێوەکانی کە بزووتنەوەی خوێندکاری تێپەڕاند، خوێندکاران کۆتایی سەردەمی “هەڵبژاردن لە نێوان خراپ و خراپتر”یان ڕاگەیاند. دروشمی “ئیسلاح تەڵەب ئۆسوولگەرا ئیتر تەواو بوو ماجەرا” لە زانکۆی تاران لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٦، دەستپێکی قۆناغی نوێ، قۆناغی گشتی بوونەوەی خەبات دژبە هەموو دەسەڵاتی ئیسلامی بوو. لەگەڵ گەشەی مانگرتنە کرێکاریەکان لە ساڵی ١٣٩٧ و بەتایبەت لە حەوت تەپە، خوێندکاران بە دروشمی “ڕۆڵەی کرێکارانین، هەردەم پشتیوانیانین” لە بزووتنەوەی خوێندکاری پشتیوانییان کرد و حزوور و گەشەی دووبارەی ئاراستەی چەپ و سۆسیالیستییان لە زانکۆکان سەلماند. پەرەسەندنی پێکهاتنی شۆرا سینفییەکانی خوێندکاران کە سەهمێکی گرینگیان لە خەباتی نیوەی دووهەمی دەیەی نەوەدی بزووتنەوەی خوێندکاریدا هەبوو، بەرهەمی هەر ئەم قۆناغەی زاڵبوونی وتاری شۆڕشگێڕانە بەدژی گشت ڕژیم بوو.
دەستپێکی کاری زانکۆکان لە ڕەزبەری ١٤٠١ و دوای ئامووزشی غەیری حزووری لە سەردەمی کۆرۆنا هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکی ناڕەزایەتی و قەتڵی حکوومەتیی مەهسا (ژینا ئەمنی). ئیعتڕازاتی خوێندکاری لە ناڕەزایەتی دژبە قەتڵی حکوومەتیی ژینا، ڕژیمی ئیسلامیی تاساند. بۆ یەکەم جار خوێندکارانی سەدان زانکۆ بە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” پەیوەست بوون و دژبە هەڵاواردنی ڕەگەزی و ڕژیمی پشتیوانی ڕاپەڕین. ڕووسەرییەکانیان لەسەریان کردەوە و غەزاخۆریی جیاوازی کچان و کوڕانیان تێکدا. ڕژیمی ئیسلامیی لە چوارچێوەی سەرکوتی حەرەکەتی شۆڕشگێڕانەی ١٤٠١دا هەزاران مامۆستا و خوێندکاری دەرکرد کە لەدوای مانگی گوڵانی ١٣٥٩ەوە گەورەترین هێرش بۆسەر زانکۆکانە.
لەگەڵ پەرەسەندنی حەرەکەتی شۆڕشگێڕانەی خەڵک دژبە ڕژیمی ئیسلامی ئیتر چوون بۆ زانکۆ بۆ خوێندکاران دەستپێکی وشیاربوونەوە و خەبات نییە. بەڵکوو درێژەدان و پەرەپێدان بە خەباتێکە کە لە دەرەوەی زانکۆکان و لە سەرانسەری ئێران لەئارادایە. نیزامی سەڵتەنەتی پایگایەکی لەناو زانکۆکاندا نەبوو و ڕژیمی ئیسلامیش نیەتی. بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێران بەردەوام لە ستوونە سەرەکییەکانی خەبات دژبە دیکتاتۆری بووە و دەشبێت. ١٦ی سەرماوەز لە هەمان کاتدا کە وەبیرهێنەرەوەی جەنایەتی ڕژیمی سەڵتەنەتییە دژبە بزووتنەوەی خوێندکاری، نوێکردنەوەی پەیمان بۆ درێژەدانی خەبات بەرامبەر دیکتاتۆریی ئیسلامییە بە یەکگرتوویی لەگەڵ خەباتی خەڵکی ئێران بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم نیزامە.
بژی ١٦ی سەرماوەز، ڕۆژی خوێندکار
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٢ – یەکی دێسامبری ٢٠٢٣
واژۆکان: سازمانی ئیتحادی فیدائیانی کۆمۆنیست، ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت